254 دیمانە

جەمال کۆچەر: هەرچی بڵێین لەبارەی ناردنی پاره‌كه‌ ڕەنگە ڕاست دەرنەچێت

06:38 - 09/12/2023

زەمەن_هەرێمی کوردستان

 

ئەندامێکی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، هەرچی بوترێت لەبارەی ئەو بڕه‌پاره‌یه‌ی کە بڕیارە عێراق بۆ هەرێمی کوردستانی ڕەوانە بکات ڕەنگە ڕاست دەرنەچێت، بەڵام نەدەبوو ناردنی ئەو بڕەیە ئەوەندە دوابکەوێت.

جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"ناردنی 700 ملیار دینارەکە بۆ هەرێم بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقەو بۆ موچەی فەرمانبەرانی هەرێمە. هەرێم لە قەیرانێکی ڕاستەقینەدایەو قوتابخانەکان داخراون و شەقام گەرم بووە، بۆیە نەدەبوو ناردنی ئەو بڕە پارەیە دوابخرێت."

لە مانگی 9 ی ساڵی 2023، وەفدێکی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان بەسەرۆکایەتی مەسرور بارزانی و قوباد تاڵەبانی سەردانی بەغدایانکرد. پاش سەردانەکە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاریدا بە ناردنی سێ گوژمەی 700 ملیار دیناری بە قەرز بۆ هەرێم، تا ئێستا دوو گوژمەی ڕەوانە کردووەو هێشتا گوژمەی سێیەمی پارەکەی ڕەوانە نەکردووە.

فارس عیسا، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا، لەبارەی هۆکاری نەناردنی 700 ملیار دینارەکە بۆ هەرێم، ڕایگەیاند،"پێویستبوو لەم هەفتەیە ئەو بڕە پارەیە بۆ هەرێم ڕەوانە بکرێت، بەڵام بەهۆی ئەوەی وەزیری دارایی لەسەفەربوو، بۆیە ناردنی پارەکە بۆ هەفتەی داهاتوو دواکەوت."

جەمال کۆچەر ڕوونیکردەوە، وەزیری دارایی عێراق بۆ بەشداریکردن لە کۆنفرانسێک لە ئیمارات بوو، ناردنی پارەکەش واژوی وەزیری دەوێت.

ئەو وتیشی،"پەرلەمان لە پشووی تەشریعیدایە، گەر لە پشوودا نەبووایەین، وەزیر لەلایەن لیژنەکانەوە بانگهێشت دەکراو پرسیاری لەبارەوە لێدەکرا."

لە وەڵامی ناڕەزایەتییەکانی شەقامی هەرێمی کوردستان و دابەشنەکردنی موچەی موچەخۆران، بەرپرسانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، حکومەتی عێراق بە "دەستی دەستی پێکردن"و ڕاگرتنی شایستە داراییەکانی هەرێم تۆمەتبار دەکەن.

جەمال کۆچەر دەڵێت،"حکومەتی هەرێم نەوت دەفرۆشێت و نەوت بۆ پاڵاوگەکان ڕەوانە دەکات، دەروازەکان شەوو ڕۆژ کاردەکەن، بۆچی حکومەتی هەرێم بە سێ مانگ ناتوانێت موچەی مانگێک خەرج بکات. وا داینێ عێراق پارە نادات، باشە مەعقولە حکومەتی هەرێم هەروا دەستەوەستان بێت، ئەی ئیشی حکومەت چییە؟"

ئەو وتیشی،"هەرێم گەر ناتوانێت موچەی تەواو بدات با نیوەی بدات، گەر هەموو مانگێک موچە نادات، با دوو مانگ جارێک بیدات، تا خەڵک خۆی لەسەر پێی خۆی ڕابگرێت."

پشتیوان سادق، وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئاینی هەرێمی کوردستان، حکومەتی عێراق بە ئاستەنگ دروستکردن بۆ ناردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم تۆمەتبار دەکات.

پشتیوان سادق، ڕایگەیاند،"حکومەتی عێراق بە شاندی هەرێمیان وتووە، ئەگەر موچەش بنێرین دەتوانین موچەی 60%ی موچەخۆران بنێرین، پێویستە هەرێم 40%ی موچەکە لە داهاتی خۆی بدات."

جەمال کۆچەر پێیوایە بۆ دەربازبوون لە گرفتی ناردنی موچەی موچەخۆرانی هەرێم لەلایەن عێراقەوە، دەبێت یاسای بودجە هەموار بکرێتەوە، چونکە یاساکە ڕێگرە لەبەردەم ناردنی موچەدا.

ئەو دەڵێت،"خەڵک بێ موچەیەو حکومەتی هەرێمیش ناتوانێت نەوت بفرۆشێت، بۆیە چارەسەر هەمواری یاسای بودجەیە. دەبێت موچەی فەرمانبەران لە خەرجی فیعلی جیا بکرێتەوەو بەمە کێشەکە چارەسەر دەبێت."

ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەران جەختیکردەوە"تێچووی بەرهەمهێنانی نەوتیش مایەی گرفتە لەنێوان هەولێرو بەغدا، هەندێک برادەری شیعە تێچووی دەرهێنانی نەوتی هەرێمیان بە هەمان تێچووی نەوتی بەسرەو رمێلە لەقەڵەمداوە. تێچووی نەوتی بەسرە بە گشتی 8 دۆلارە، لە کاتێکدا هی هەرێم 22 دۆلارە، جیاوازییەکە زۆرە."

جەمال کۆچەر، وتیشی،"سەرۆک وەزیران پێشنیاریکردووە تەقدیری تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت نەنوسرێت و وەزارەتی نەوت ئەو تەقدیرە بکات، چونکە ئەمە ئیشی پەرلەمانتار نییە لە ژیانیدا دوو دێڕی لەسەر نەوت نەخوێندووەتەوە."

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، وەفدێکی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان بە سەرۆکایەتی ئەمینداری حزبەکە سەردانی بەغدایکرد، لەگەڵ بەرپرسانی حکومی و هێز و لایەنە شیعییەکاندا کۆبوویەوە.

لەبارەی ئەجێندای سەردانەکە، جەمال کۆچەر وتی،"وەفدەکە داوای خەرجکردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کرد، ئێمە ئۆپۆزسیۆنی ئەرێنین و ویستمان هاوکار بین بۆ ڕازیکردنی شیعەکان بۆ ناردنی موچەی فەرمانبەران."

هەروەها وتیشی،"ویستمان لایەنە عێراقییەکان بزانن، ناردنی موچەی فەرمانبەران تەنها داواکاری حکومەت نییە بەڵکو خواستی ئۆپۆزسیۆنیشە.هەموو لایەنەکان لەگەڵ جیاکردنەوەی قوتی خەڵکدا بوون لە ململانێکان، وتیان دەبێت چارەسەری ڕیشەیی بۆ کێشەی موچە بدۆزرێتەوە نەک پینەو پەڕۆکردن."

دواتر 1 2 3 4 5 6 7 پێشتر 

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن