225 دیمانە

"هەمو ئەودۆخەی بەسەر هەرێمی کوردستاندا هاتوە تاوانەکەی دەسەڵاتدارانى خۆمانە"

01:35 - 02/11/2023

دیمانە - زەمەن

د.هۆشیار عومەر عەلی، ئەندامی جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان ئاماژە بۆ ئەوەدەكات كە؛ هەمو ئەودۆخەی بەسەر هەرێمی کوردستاندا هاتوە تاوانەکەی دەسەڵاتدارانى خۆمانە.

پێشیوایە ئه‌گه‌ر ئەوکات گوێ له‌ گۆڕان بگیرایه‌ ئێستا هه‌رێمی كوردستان زۆر به‌هێزده‌بو.

 

لەم دیمانەیەدا د. هۆشیار عومه‌ر، رێكخه‌ری ژوری په‌یوه‌ندییه‌ دیپلۆماسییه‌كانی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان لەبارەى گرنگى یەکگوتارى لایەنە سیاسییە کوردییەکان لە دانوستان و داواکردنى مافەکانى گەلى کورد و کاریگەرى دوا سەردانى شاندى حکومەت و پێکەوەیی لایەنە سیاسییەکان، رایدەگەیەنێت: ئەو روانینه‌ بزوتنه‌وه‌ی گۆران له‌به‌رنامه‌ی سیاسیییه‌كه‌یدا هه‌یه‌ و له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ كاری كردوه‌ کە له پرسه‌ ستراتیژییه‌ سیاسی، ئابوری، سه‌ربازی و دیپلۆماسییه‌كان پێویستە لایەنە سیاسییەکان یەک گوتار بن، هاوکات دۆسته‌كانی كورد به‌به‌رده‌وامی داوای ئه‌وه‌یان له ‌كورد كردوه‌ كه‌ له‌بابه‌ته‌ سه‌ره‌كیه‌كان به‌تایبه‌ت په‌یوه‌ست به‌به‌غدا یه‌ك ده‌نگ بین.

ئەندامەکەى جڤاتى نیشتیمانى دەڵێت: ده‌كرێ هه‌مو ململانێ سیاسییه‌كانمان له‌ كوردستان هه‌بێت، به‌ڵام كه‌ ده‌چینه‌‌ به‌غدا بابه‌ته‌كانی ئه‌وێ ره‌هه‌ند و ناوه‌ڕۆك و سروشت و پێشیینه‌ی مێژوییان جیاوازه‌، بۆیه‌ پێویسته‌ له‌به‌غدا به‌یه‌كه‌وه‌ به‌رگری له‌ مافه‌كانی خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان بكرێت، ئەمە تەنها داواکاری ئێستاى گۆڕان نییە، بەڵکو ئه‌و پێشنیارانه‌ بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌كاتێكدا كردویه‌تی كه‌ پێگه‌ی كورد به‌هێزبوه، كاتێك له‌پێگه‌ی هێزه‌وه‌ گفتوگۆ ده‌كه‌یت ئه‌نجامی باشتر ده‌ستده‌كه‌وێت، که‌ گوێیان له‌ بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان نه‌گرت رونه‌ كه‌ په‌یوه‌ندی به‌ دو بابه‌ته‌وه‌ هه‌یه‌، یه‌كه‌میان ئەوەیە کە دامه‌زراوه‌مان نییه، بۆئه‌وه‌ی له‌ڕوی قانونی سیاسی و ئابورییه‌وه‌ سه‌قامگیری دروستبكات و پشتیوانی خه‌ڵكت هه‌بێت، دوه‌میان ئەوەیە کە: ره‌هه‌ندی به‌رژه‌وه‌ندی، هه‌میشه‌ له‌و وڵاتانه‌ی سیستمی دیموكراتییه‌ به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵك  له‌پێشه‌وه‌یه‌، به‌ڵام له‌ كوردستان ته‌نانه‌ت حزبیش له‌پێشه‌وه‌ نییه‌، به‌ڵكو به‌رژه‌وه‌ندی شه‌خسه‌كان له‌ پێشه‌وه‌یه ئەمانە هۆکارى سەرەکى نەچونە ژێر داخوازییەکانى گۆڕان بون کە لەبەرژەوەندى کۆى خەڵک و قەوارەى هەرێمیشدا بووە.

 

هۆشیار عومەر عەلى، رێکخەرى ژورى پەیوەندیە دیپلۆماسییەکانى بزوتنەوەى گۆڕان ئاماژە بەوە دەکات کە لە چەند ساڵى رابردودا کە نەوتى هەرێمى کوردستان رەوانەى دەرەوە دەکرا هەرێم بێ منەت بو، رۆژگارێک بەبێ کورد پڕۆسەى سیاسى لە عێراق بەردەوام نەدەبو، بەڵام کۆمەڵێک هەڵەى زەق و سیاسى لەلایەن بەرپرسانى هەرێمەوە کراوە و ئێستا هەرێمى کوردستان باجەکەى دەدات، بەشێوەیەک ئێستا کورد بشکشێتەوە هیچ رونادات چونکە لە ئەنجامى هەڵەکانى رابردو قۆناغ بە قۆناغ پێگەکەى لاواز بوە و ئێستا کە بەئاڕاستەى بەغدا دەڕوات، عێراق تاڕادەیەک بە رۆحیەتى تۆڵەکردنەوە مامەڵەى لەگەڵ دەکات.

ئەندامەکەى جڤاتى نیشتیمانى پاکێج و پڕۆژەکانى بزوتنەوەى گۆڕان بیر دەهێنێتەوە و دەڵێت: پاکێجەکانى گۆڕان چارەسەرى ریشەیی بون بۆ چاکسازى و گۆڕانکارى و نەگەیشتن بەم قۆناغەى هەرێم، بەڵام گوێیان لێنەگیرا و دژایەتى دەکران، ئێستاش باجى ئەو هەڵانەیە کە پێگەى کورد لاواز بوە و هەرێمى کوردستان پاڵپشتى نێودەوڵەتى لەدەستداوە بەهۆى چاکسازى نەکردنەوە تەنانەت ئەمەریکا ناڕەزایەتى هەیە پەیوەست بە یەکنەخستنەوەى هێزى پێشمەرگە و ئەنجامنەدانى چاکسازى و پاشەکشەى پڕۆسەى دیموکراسى لە هەرێمى کوردستان.

هەروەک هۆشدارى دەدات لە بەردەوامبونى ناکۆکى و ململانێى حیزبى هێزە دەسەڵاتدارەکان و دژایەتى یەکترى نوێنەرانى کورد لە بەغدا، لەگەڵ ئەوەشدا پێیوایە دەرفەت لە بەردەمماوە کە بە یەکڕیزى و یەکگوتارى و پڕۆژەى نیشتیمانى هەڵەکانى رابردو راستبکرێنەوە لەپێناو بەهێزکردنەوەى پێگەى کورد و بەدەستهێنانى شایستە داراییەکانى موچەخۆران.

 

هۆشیار عومەر، ئاماژەیش بۆ ئەوەدەكات كە؛ هەمو ئەودۆخەی بەسەر هەرێمی کوردستاندا هاتوە تاوانەکەی دەسەڵاتدارانى خۆمانە، لە دوای ساڵی (2003) تا ئێستا سیاسەتی هەڵە کراوە لە عێراقدا، هەروەها لەناوخۆی هەرێمیشدا سەرەڕای ئەوەی لە (70%)ـی خەڵکی هەرێم ناڕازییە لە شێوای حکومڕانی، بەڵام هێشتا دەسەڵاتداران بەوجۆرە بەردەوامن و ژیانی خەڵکی هەرێمی کوردستانیان بەلاوە گرنگ نییە".

لەكۆتایشدا ئاماژە بەوەش دەکات: لەبری ئەوەی هەرێمی کوردستان لە روی ئابوری و سەربازی و دیپلۆماسییەوە بەهێزبکرێت، تائێستا نەوت و ئابوری هەرێم کراوە بەئامرازی بەهێزکردنی حزب و کەسەکانی، جگە لەوە ستراتیژ و ئاسایشی نەتەوەیی خۆی نییە لە رابردودا و لە چەند دۆخێکدا وڵاتان هۆشدارییان بەسەرکردایەتی کورد دا، بەڵام گوێیان لێ نەگیرا، بۆیە ئێستا ئەوەى کورد بەسەرى هاتوە لە روی نەوت، بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی، لاواز بونی سیاسی و دیپلۆماسی هەموی کاردانەوەی گوێ نەگرتن بو لەوڵاتانی دنیا.

دواتر 1 2 3 4 5 6 7 پێشتر 

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن