کوردستان

یاسای نوێی ھەڵبژاردنەکان لایەنە عێراقییەکانی کردووە بە دووبەشەوە

10:36 - 10/03/2023 57 جار خوێندراوەتەوە

زه‌مه‌ن – هه‌ولێر

لە ساڵی ٢٠١٩دا، یاسای ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق لەلایەن ئەنجوومەنی نوێنەرانەوە ھەڵپەسێردرا.

یاسای ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان بەھۆی خۆپیشاندانی تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠١٩ ھەڵپەسێردرابوو کە یەکێک لە داواکارییەکانی خۆپیشاندەران ھەڵوەشاندنەوەی ئەنجوومەنی پارێزگاکان بوو، چونکە ئەو کات وەک خۆپیشاندەران رایانگەیاندبوو، ئەنجوومەنی پارێزگاکان خزمەتگوزاری پێشکەش بە خەڵک ناکەن و لە گەندەڵی تێوەگلاون.

دوای پێکھێنانی کابینەکەی محەمەد شیاع سوودانی بڕیاردرابوو کە لە ماوەی ساڵێک و شەش مانگدا، ئامادەکاری بکرێت بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پێشوەختی ئەنجوومەنی نوێنەران، بەڵام ئێستا ئامادەکاری دەکرێت بۆ ئەوەی لە بری ھەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجوومەنی نوێنەران، ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان بکرێت.

رۆژی چواری ئەم مانگە، ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق خوێندنەوەی دووەمی بۆ پێشنیازەیاسای ھەمواری سێیەمی یاسای ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان ئەنجام دا بۆ ئەوەی ھەموارکردنەوەی یاساکە بە ئاراستەی تێکەڵکردنی یاساکانی ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەران و ئەنجوومەنی پارێزگاکان پەسەند بکرێت، ئەم ھەنگاوەیش لایەنە سیاسییەکانی کردووە بە دووبەشەوە.

بەپێی ھەمواری سێیەمی یاسای ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان، یاساکانی ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەران و ئەنجوومەنی پارێزگاکان دەکرێن بە یەک یاسا، ھەروەھا ژماردنی دەنگەکان بەدەستی و ئەلیکترۆنی دەبێت، بەڵام ئەگەر ئەنجامەکەی جیاواز بوو، ئەوا ژماردنی دەنگەکان بەدەستی یەکلایی دەکرێتەوە و رێگا بە ھیچ ئەندامێکی ئەنجوومەنی نوێنەران و پارت و فراکسیۆنەکان لە ئەنجوومەنی نوێنەران نادرێت بچنە ناو ھاوپەیمانێتیی دیکە تا ئەو کاتەی حکوومەت پێکدەھێندرێت.

ژمارەیەک لە لایەنە سیاسییەکان پاڵپشتی لە ھەموارکردنەوەی یاسای ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان دەکەن و داوا دەکەن کە سیستەمی ھەڵبژاردنەکان لە عێراق لە (فرەبازنەیی)یەوە بگەڕێتەوە بۆ سیستەمی (سانت لێگۆ)، بەتایبەتیش لایەنەکانی سەربە چوارچێوەی ھەماھەنگیی کە لە دوایین ھەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی نوێنەراندا، دەنگی پێویستییان بەدەست نەھێنا و تووشی شکستێکی گەورە بوون، لەبەرامبەردا سەرکردەی رەوتی سەدر، موقتەدا سەدر کە دەستی لەکاری سیاسیی کێشاوەتەوە، ھەروەھا ئەندامە سەربەخۆکان و تشرینییەکان دژبە گەڕانەوەی یاسای کۆنی ھەڵبژاردنەکانن.

- سیستەمی (سانت لیگۆ)

سیستەمی (سانت لیگۆ) بریتییە لە دابەشکردنی کورسییەکان بەسەر لیست و قەوارەکانی بەشداربوو لە ھەڵبژاردن، بەمەبەستی کەمکردنەوەی جیاوازی نێوان ژمارەی دەنگەکان و ژمارەی کورسییەکان، ھەروەھا لەچوارچێوەی سیستەمەکەدا، ھەر پارێزگایەک دەکرێت بە یەک بازنە، ئەو سیستەمەیش لە ھەڵبژاردنەکانی ٢٠١٤، ٢٠١٨ جێبەجێ کرا و عێراق کرابوو بە ١٨ بازنە.

لەچوارچێوەی سیستەمی (سانت لیگۆ)دا بۆ دابەشکردنی کورسییەکان، سەرەتا لیستێک دروست دەکرێت و لە ستوونی یەکەمدا ناوی قەوارە بەشداربووەکانی ھەڵبژاردن دەنوسرێت و لە ستوونی دووەمدا دەنگی بەدەستھاتووی ھەر قەوارەیەک بەرامبەر ناوەکانیان دەنوسرێت و دواتر لە ستوونەکانی دیکەدا، بە ریز دەنگەکان دابەشی ژمارەی تاکەکانی لیستی ھەڵبژاردن کە (١.٧)ە دەکرێت و پاشان لە ستوونی یەکەمەوە دەست دەکرێت بە دابەشکردنی کورسییەکان و یەکەم کورسی دەدرێت بە گەورەترین ژمارە، دووەم کورسیش بۆ دووەم گەورەترین ژمارەی ناو دەبێت، بەو شێوە کورسییەکان دەدرێتە ژمارە گەورەکان تا کۆتا کورسی.

- سیستەمی (فرەبازنەیی)

سیستەمی "فرەبازنەیی" بریتییە لە دابەشکردنی ھەر پارێزگایەک بەسەر ژمارەیەک بازنەی ھەڵبژاردندا و ئەو سیستەمەیش لە ھەڵبژاردنەکانی پێشوەختەی ئەنجوومەنی نوێنەران ساڵی ٢٠٢١ جێبەجێ کرا کە عێراق بەسەر ٨٣ بازنەی ھەڵبژاردندا دابەش کرابوو.

خۆپیشاندەرانی "تشرین" و ئەندامە سەربەخۆکان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق پاڵپشتی لە سیستەمی (فرەبازنەیی) دەکەن و داوا دەکەن لە ھەڵبژاردنەکانی داھاتوودا، ئەو سیستەمە جێبەجێ بکرێت، چونکە بە بۆچوونی ئەوان، سیستەمی (فرەبازنەیی)، دەرفەتی ساختەکاریی لە ھەڵبژاردن کەم دەکاتەوە، هەروەها ھەل بۆ دەنگدەران دەرخسێنێت، لەوەی نوێنەری راستەقینەی خۆیان لە سنوورەکەی خۆیان ھەڵبژێرێن.

- گرنگترین ئەو بڕگانەی کە لە یاسای ھەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگاکان ھەموار دەکرێنەوە

ئەندامی فراکسیۆنی پارتی و سەرۆکی لیژنەی یاسایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، رێبوار ھادی رایگەیاند کە لایەنە سیاسییەکان لەسەر ژمارەیەک پرسی تایبەت بە ئەنجامدانی ھەڵبژاردن ناکۆکن، وەک یەکخستنی هەردوو یاسای ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەران و ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە یەک یاسادا، ھەروەھا ژمارەی بازنەکانی ھەڵبژاردن.

رێبوار ھادی لە لێدوانێکدا ئاماژەی بەوە داوە کە پێشنیازەیاسای ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان و لکاندنی بە یاسای ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەران، دووجار خوێندنەوەی بۆ کراوە، خوێندنەوەی سێیەمیشی بۆ دەکرێت، ھەرکاتێک لایەنەکان لەیەکتر نزیک بن و رێککەوتن لەسەر ئەو یاسایە بکرێت، بێگومان کاریگەری خۆی دەبێت و پەسەند دەکرێت.

سەرۆکی لیژنەی یاسایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەبارەی ناکۆکیی لایەنە سیاسییەکان لەسەر ھەموارکردنی یاساکە وتی: "ھەموو یاساکانی ھەڵبژاردن لە یەک یاسا کۆدەکرێنەوە کە ئێستا بووەتە جێگای ناکۆکی لایەنە سیاسییەکان".

وتیشی: "پێشنیاز ھەیە بازنەکان بۆ ١٨ بازنە کەمبکرێنەوە و سیستەمی ھەڵبژاردنیش بە شێوەی لیست بێت، بۆیە شێوازی ھەڵبژاردن لە عێراق گۆڕانکاری بەسەردا دێت".

بەپێی ھەمواری سێیەمی یاسای ھەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگاکان کە خوێندنەوەی دووەمی بۆ کراوە، پێشنیازکراوە ھەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی نوێنەران و ئەنجوومەنی پارێزگاکان لەیەک رۆژدا ئەنجامبدرێن و ژماردنی دەنگەکان بە ھەردوو رێکاری ئەلیکترۆنی و بەدەستی بکرێت، بەڵام ئەگەر جیاوازی لە دەنگەکاندا ھەبوو، ئەوا ژماردنی دەنگەکان بەدەستی یەکلایی دەکرێتەوە.

بەپێی ھەمواری یاسا کۆنەکەی ھەڵبژاردن کە ژمارەیەک لایەنی سیاسی، بە تایبەتی لایەنەکانی سەربە چوارچێوەی ھەماھەنگی پاڵپشتی لێ دەکەن، ھەر پارێزگایەک دەکرێتە یەک بازنەی ھەڵبژاردن و بە سیستەمی (سانت لیگۆ) ئەنجام دەدرێت.

ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، یەکێکە لە خاڵە ناکۆکەکانی نێوان لایەنەکان کە لە ساڵی ٢٠٠٥ەوە ھەڵبژاردن لەو پارێزگا ئەنجام نەدراوە.

لە کارنامەی حکوومەتەکەی محەمەد شیاع سوودانی ئاماژە بەوە کراوە، ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک ھاوکات لەگەڵ ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی دیکە ئەنجام دەدرێت کە نابێت لە ساڵێک زیاتر تێپەڕ بکات.

ھەر لەوبارەیەوە ئەندامی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، شوان محەمەد بە میدیاکانی ھەرێمی کوردستانی راگەیاندووە، ٤٠ بۆ ٥٠ تێببینی و رەخنە لە پێشنیازەیاسای ھەمواری سێیەمی یاسای ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان گیراوە، بۆیە دەنێردرێت بۆ لیژنەی یاسایی و دواتر بڕیارە لە دانیشتنەکانی داھاتووی ئەنجوومەنی نوێنەراندا بخرێتە دەنگدانەوە.

شوان محەمەد ئاماژەی بەوەیشداوە، بەپێی ھەمواری یاساکە کە خوێندنەوەی دووەمی بۆ کراوە، پێشنیازکراوە ھەردوو ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەران و ئەنجوومەنی پارێزگاکان یەک یاسایان ھەبێت، بەڵام لە یەک رۆژدا، ئەنجام نەدرێن و دەنگدەرانی دەرەوە بەشداریی ھەڵبژاردن دەکەن و پەرلەمانتاری براوە دەبێت لە ماوەی یەک مانگ دوای دانیشتنی یەکەم، سوێندی یاسایی بخوات، ئەگەرنا جێگرەوەی بۆ دادەنرێت.

وتشی: "داوامان کردووە ئاوارەکان لە شوێنی خۆیان دەنگ بدەن، نەک شوێنێکی دیاریکراویان بۆ بکرێتە مەرج، بۆ نموونە ئاوارەکانی شنگال نابێت بە زۆر داوا بکرێت بگەڕێنەوە بۆ ئەوەی دەنگ بدەن و لە کوێ ئاوارەن لەوێ دەنگ بدەن بەو مەرجەی کارتی بایۆمەتری درێژخایەنیان دەرکردبێت، ھاوکات داوامان کردووە ھیچ پارێزگایەک جیا نەکرێتەوە، دەبێت سەرجەم پارێزگاکان جگە لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان ھەموویان پێکەوە بکرێن بە کەرکووکیشەوە".

- ناڕەزایەتییەکان لەھەمبەر پێشنیازەیاسای ھەمواری سێیەمی یاسای ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان

لە میانی چەند رۆژی رابردوودا، ژمارەیەک زۆر لە خۆپیشاندەران "تشرینییەکان" لە ناوچەی سەوز ناوەڕاستی بەغدا کە بینای ئەنجوومەنی نوێنەرانی لێیە گردبوونەوە و ناڕەزایەتییان لەهەمبەر پێشنیازەیاسای ھەمواری سێیەمی یاسای ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان دەربڕی.

خۆپیشاندەران داکۆکییان لەوە کرد کە یاسای ھەڵبژاردنی کۆن سوودی بۆ لایەنە سیاسییەکانی دەسەڵات دەبێت و رێگری لە بزووتنەوە سیاسییە نوێیەکان و سەربەخۆکان دەکات.

پێشنیازەیاسای ھەمواری سێیەمی یاسای ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان کە لەلایەن ژمارەیەک لە لایەنە شیعەکانەوە پاڵپشتی لێ دەکرێت، بەڵام سەرکردەی رەوتی سەدر، موقتەدا سەدر کە دەستی لەکاری سیاسیی کێشاوەتەوە دژبە گەڕانەوەی یاسای کۆنی ھەڵبژاردنەکانە.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن