ناوەڕۆكی كۆبونەوەی شاندی گۆڕان و پارتی ئاشكرا كرا
03:17 - 02/02/2023
زەمەن
شاندێکی باڵای بزوتنەوەی گۆڕان و پارتی دیموکراتی کوردستان لە هەولێر کۆبونەوە و تاوتوێی دواین پیشهاتەکان و دۆخی سیاسی کوردستان و ناوچەکە و حکومڕانی و هەڵبژاردنیان کرد.
ئەمڕۆ پێنجشەممە (2023/2/2) شاندێکی پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەرۆکایەتی مەحمود محەمەد سەردانی بارەگای بزوتنەوەی گۆڕانیان کرد لە شاری هەولێر و لەلایەن شاندی بزوتنەوەی گۆڕانەوە بە سەرۆکایەتی مستەفا سەید قادر پێشوازیان لێکرا.
دوای کۆبونەوەکە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی هاوبەشدا، دلێر عەبدولخالق، وتەبێژی بزوتنەوەی گۆڕان لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبونەوەکەوە رایگەیاند: دۆخی سیاسی و ئیداری و قانونی عێراق و ئەو پێدراوە سیاسیانەی لە ناوچەکە کە کاریگەرییان لەسەر پڕۆسەی سیاسی لە هەرێم هەیە تاوتوێکران، دۆسیەی هەڵبژاردن و دارایی و حکومەت و پەیوەندی لەگەڵ بەغدا و ژیان و گوزەرانی خەڵک و لابردنی بەربەست و ئاستەنگەکانی بەردەم دامەزراوەکانی حکومڕانی و کاراکردنەوەی ئامرازەکانی خزمەتکردنی خەڵکی کوردستان لە ئەجێندای کۆبونەوەکە بون.
وتیشی: وەک بزوتنەوەی گۆڕان بۆ رێزگرتن لە بنەماکانی دیموکراتیەت و نیشاندانی حکمڕانییەکی سەرکەوتو ئاستەنگەکانی بەردەم ئەنجامدانی هەڵبژاردن لابرێت و ئەو یاسایانەی رەهەندی یاسایی و سیاسی و نیشتیمانی و نەتەوەییان هەیە بە سازان و دانوستانی نێوان هەمو لایەنەکان بێت بە دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنەوە، ئەو قەزیە ئەمنییانەش کە بونەتە لەمپەڕ لەبەردەم پڕۆسەی سیاسی لە هەرێمی کوردستان لە رێگەی دادگا وەک دەسەڵاتێکی سەربەخۆ چارەسەریان بۆ بدۆزرێتەوە.
وتەبێژی گۆڕان ئاماژەی بەوەشکرد؛ تەمەنی پەرلەمان بۆ کۆمەڵێک ئەرک و خزمەت درێژکرایەوە بۆ چارەسەری کیشەکانی پڕۆسەی حکومڕانی و خزمەتکردنی خەڵک، بۆیە "نابێت کیشەکانی حیزێک یان دو حیزب ببێتە لەمپەڕ لەبەردەم کارەکانی پەرلەمان، ئەوەی لەسەرشانمان بێت دەیکەین بۆ خزمەتی کۆمەڵگەکەمان".
لای خۆیەوە، پشتیوان سادق ئەندامی شاندی باڵای پارتی دیموکراتی کوردستان لە کۆنگرە رۆژنامەوانیەکەدا وتی: ئەمڕۆ خۆشحاڵبوین لەگەڵ یەکێک لە هاوپەیمانە سەرەکییەکانمان کە بزوتنەوەی گۆڕانە کۆبوینەوە، سەردان و دیدارمان لەگەل لایەنەکانی دیکەش بوە، بەڵام بەوپێیەی گۆڕان کە یەکێکە لە پێکهێنەرە سەرەکییەکانی حکومەت ژمارەیەک بابەت هەبو کە گفتوگۆی زیاتریان لەسەر بکەین، یەکێک لەوانە بابەتی هەڵبژاردن بو کە جەختمانکردەوە پارتی دیموکراتی کوردستان ئامادەیە هەمو هاوکاری و ئاسانکارییەک بکات بۆئەوەی هەلبژاردن لە وادەی دیاریکراو تێنەپەڕێت و ئەنجام بدرێت بە هەمواری یاسای هەڵبژاردن.
ئاماژەی بەوەشکرد کابینەی حکومەت بەپێی بارودرخەکە و دۆخی دارایی درێغی نەکردوە لە راپەڕاندنی کارەکانی و هیچ بڕیارێک لە ئەنجومەنی وەزیران بە زۆرینە و کەمینە تێنەپەڕیوە، "ئەوەی لای ئێمە گرنگە ئەوەیە" دۆخی کوردستان ئەوە لە ئێمە دەخوازێت هێزەکانی حکومەت زیاتر هەماهەنگ بن".
هاوکات دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و ئەندامی تیمی گۆڕان لە حکومەت، لەبارەی پرسی هەڵبژاردن لە کۆبونەوەکە، وتی "لەبارەی ئەو گرفتانەی باس دەکرێت بۆ هەموارنەکردنەوەی یاسای هەڵبژاردن و کۆمیسیۆن، نیەتەکان بەو ئاڕاستەیەن کە هەڵبژاردن لەمساڵدا ئەنجام بدرێن و ئیمە جەختمان لەوە کردەوە کە ساڵێک پێش ئاڵۆزبونی دۆخەکە فراکسیۆنەکەمان پڕۆژەی بۆ ئەو پرسانە پێشکەش کردەوە".
لەبارەی پرسی پێکهاتەکانیشەوە وتی: گرنگە پێکهاتەکان خۆیان گوزارشت لە مافی خۆیان بکەن لە هەلبژاردنەکاندا.