دیمانە

سەفین دزەیی: نه‌وت ڕۆژێک له ‌ڕۆژان كۆتایی پێدێت

08:51 - 19/01/2023 171 جار خوێندراوەتەوە

زه‌مه‌ن – كوردستانی
ژیار محەمەد- ده‌نگی ئه‌مریكا

بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەشداریکردنی شاندی هەرێم لەم کۆڕبەندە جیهانییەدا بە گرنگ لەقەڵەمدا.

سەفین دزەیی ده‌ڵێ: به‌شداریكردنمان نه‌ک ته‌نها له‌ڕووی سیاسیه‌وه،‌ به‌ڵكو له‌ڕووی ئابوریشه‌وه‌ سوودمه‌ند بووه‌ و له‌ڕووی مه‌عنه‌ویشه‌وه‌ بۆ خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان جێی دڵخۆشییه‌ كه‌ بتوانێت له‌و ئاسته‌ به‌رزه‌ له‌و كۆڕبه‌نده‌ گرنگانه‌ی جیهانی ئێمه‌ به‌شدار بین."

سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی ڕۆژی سێشەممە لە یەکەم ڕۆژی دانیشتنە فەڕمییەکانی ئەو کۆڕبەندە لە تویتێکدا دەڵێت " لە ماوەی کەمتر لە 9 مانگدا هاوکار بووین لە دانانی بەرهەمی تازەی کوردستانی بۆ ناو بازاڕەکانی سەرانسەری چوار وڵاتانی کەنداو. سورم لەسەر پتەوکردنی ڕێگا نوێیە بازرگانییەکانمان، هەناردەکردنی زیاتر و وەبەرهێنان لە بوارەکانی دیکەی بانکی، وزە و فینتەک ( تەکنەلۆژیای دارایی)."


بەڵام لەگەڵ ئەوەی کە بەرهەمەکانی هەرێمی کوردستان لە وڵاتانی کەنداودا دەفرۆشرێن بە پێی قسەکانی سەفین دزەیی هەرێمی کوردستان چاوی لە شتی زیاترە " له‌هه‌مانكاتدا ئێمه‌ تموحمان هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ وڵاتانی یه‌كێتی ئه‌وروپاش به‌هه‌مان شێوه‌ هاوكاربن كه‌ بتوانین به‌روبومی هه‌رێمی كوردستان بگه‌ێنینه‌ بازاڕه‌كانی ئه‌وروپا."

کۆڕبەندی ئابوری جیهانی داڤۆس بە یەکەم کۆبونەوەی زستانەی بەرپرسانی جیهانی دادەنرێت و تیادا سەرکردەکان هەوڵدەدەن پردێک بۆ دابەشبوونە سیاسییەکان لە جیهانێکی جەمسەرگیریدا دروست بکەن و پشتگیری ئابوورییە چەقبەستووەکان بکەن و چارەسەری نیگەرانییەکان سەبارەت بە گۆڕانی کەشوهەوا و گرفتەکانی تری جیهانی بکەن.
دەقی وتووێژەکەی دەنگی ئەمەریکا لەگەڵ سەفین دزەیی:

- بۆچی له‌گه‌ڵ عێراق به‌ یه‌ک وه‌فد به‌شداریتان نه‌كردووه،‌ بانگهێشته‌كه‌ چۆن بوو بۆ ئێوه‌ وه‌كو هه‌رێمی كوردستان؟


- كۆڕبه‌ندی داڤۆس یه‌كێكه‌ له‌ كۆڕبه‌نده‌ گرنگه‌كانی نێوده‌وڵه‌تی كه‌ ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ سه‌ركرده‌ سیاسیه‌كان و سه‌رۆكی ده‌وڵه‌تان و سه‌رۆكی حكومه‌ت و وه‌زیر و سیاسه‌تمه‌دار و ئابوریناسی بانكه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كان و كه‌سایه‌تیه‌كان له‌خۆ كۆده‌كاته‌وه. كۆمه‌ڵێک باسی گرنگی ڕۆژ ده‌كرێت. هه‌رێمی كوردستانیش له‌ دوانزه‌ ساڵی ڕابردوو به‌شێوه‌یه‌كی فه‌رمی سه‌ركرده‌كانی هه‌رێمی كوردستان له‌ئاستی سه‌رۆكی هه‌رێم و سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران به‌فه‌رمی بانگێشت كراون بۆئه‌وه‌ی كه‌ به‌شداری ئه‌و كۆڕبه‌نده‌ بن. هه‌رێمی كوردستان له‌ڕووی پێگه‌ی سیاسیه‌وه‌ به‌پێی ده‌ستوری عێراق كۆمه‌ڵێک ئیمتیازاتی هه‌یه‌ و ده‌توانێت په‌یوه‌ندییه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی خۆی دروست بكات هه‌ر له‌و چوارچێوه‌ و له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ بووه‌ كه‌ وڵاتان مامه‌ڵه‌ی ڕاسته‌وخۆیان له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان كردووه‌ وه‌كو هه‌رێمێک له‌ناو عێراق به‌شداریكردنمان نه‌ک ته‌نها له‌ڕووی سیاسیه‌وه،‌ به‌ڵكو له‌ڕووی ئابوریشه‌وه‌ سوودمه‌ند بووه‌ و له‌ڕووی مه‌عنه‌ویشه‌وه‌ بۆ خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان جێی دڵخۆشییه‌ كه‌ بتوانێت له‌و ئاسته‌ به‌رزه‌ له‌و كۆڕبه‌نده‌ گرنگانه‌ی جیهانی ئێمه‌ به‌شدار بین.


ده‌نگی ئه‌مه‌ریكا: ئایا له‌سه‌ر ئه‌رزی واقیع چی كراوه‌ بۆ هه‌رێمی كوردستان له‌دوای ئه‌و كۆڕبه‌ندانه‌ یاخود سوودی ئه‌و كۆڕبه‌ندانه‌ بۆ هه‌رێمی كوردستان چی بووه‌؟


سه‌فین دزه‌یی: به‌شداریكردن له‌ كۆڕبه‌نده‌كه‌ خۆی له‌خۆیدا ده‌ستكه‌وته‌ به‌ڕای من چونكه‌ هه‌م هه‌رێمی كوردستان به‌و ئاماده‌بووانانه‌ ده‌ناسێنێت له‌هه‌مانكاتدا جگه‌ له‌ كۆڕ و سیمیناره‌ گشتیه‌كان له‌ په‌راوێزی ئه‌و كۆڕبه‌نده‌ ده‌كرێت كۆمه‌ڵێک دیدار هه‌بێت له‌گه‌ڵ سه‌ركرده‌كانی جیهانی و ئابوریناسانی جیهانی و سه‌رمایه‌گوزارانی جیهانی، بۆیه‌ له‌ چه‌ندین لایه‌نه‌وه‌ بۆ هه‌رێمی كوردستان سوودمه‌ند بووه‌ به‌تایبه‌تی له‌ 24 كاتژمێری ڕابردوو له‌ داڤۆس چه‌ند دیدارێک هه‌بووه‌ به‌تایبه‌تی له‌ بواری ئابوری كه‌ سه‌رمایه‌گوزاران ئاماده‌یی خۆیان پیشانداوه‌ كه‌ بتوانن له‌ هه‌رێمی كوردستان سه‌رمایه‌گوزاری بكه‌ن. له ‌ڕابردووشدا له‌مانگی پێنج كه‌ ئه‌و كۆڕبه‌نده‌ هه‌بوو دیسان سه‌رۆکی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران ئاماده‌ بوو له‌گه‌ڵ چه‌ندین سه‌رمایه‌گوزارانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست دیدار هه‌بوو هه‌رئه‌وه‌ش وایكرد كه‌ ئه‌و لێكتێگه‌یشتنه‌ دروست ببێت و به‌شێک له‌ به‌رهه‌مه‌كانی میوه‌هاتی هه‌رێمی كوردستان هه‌نارده‌ی ده‌ره‌وه‌ بكرێت و بازاڕی جیهانی به‌ره‌و ڕووی به‌رهه‌می هه‌رێمی كوردستان بكرێته‌وه‌ ئه‌و هه‌نگاوانه‌شمان به‌رده‌وام ده‌بێت ئه‌وه‌ش به‌ڕاستی هاندانێكه‌ بۆ جوتیارانی هه‌رێمی كوردستان و كه‌رتی كشتوكاڵ ببوژێته‌وه‌ و بتوانین به‌رهه‌مه‌كانی خۆمان به‌ ماركێت بكه‌ین له‌ بازاڕه‌كانی جیهانی بۆیه‌ هه‌نارده‌كردنی به‌رهه‌مه‌كان یه‌كێكه‌ له‌و ڕێگایانه‌ی كه‌ په‌ره‌ به‌ كه‌رتی كشتوكاڵ بده‌ین.


ده‌نگی ئه‌مه‌ریكا: له‌م كۆڕبه‌نده‌ چ به‌رهه‌مێكی هه‌رێمی كوردستانتان ناساندووه‌ به‌ وڵاتان هه‌رێمی كوردستان ده‌توانێت به‌ چ به‌رهه‌مێک به‌شدار بێت له‌ بازاڕه‌كانی جیهاندا؟


سه‌فین دزه‌یی: ته‌نها له‌ڕووی هێڵه‌ گشتیه‌كان له‌گه‌ڵ ئه‌و لایه‌نانه‌ لێكتێگه‌یشتن ده‌بێت. دوای ئه‌وه‌ش شاندیان دێته‌ هه‌رێمی كوردستان له‌ڕووی ته‌كنیكیه‌وه‌ ته‌ماشا ده‌كه‌ن بزانن ئاستی به‌رهه‌مه‌كان چییه‌ و له‌ڕووی كواڵیتی و له‌ڕووی ژماره‌ و قه‌باره‌ چییه‌ وه‌كو ده‌زانرێت ئه‌و به‌رهه‌مانه‌ی له‌ كوردستانن به‌شی زۆری سروشتین كه‌ خه‌ڵكی جیهان په‌رۆشی ئه‌و به‌رهه‌مانه‌ن له‌ چه‌ند مانگی ڕابردوو ئه‌و به‌رهه‌مانه‌ی هه‌نارده‌ كراون هه‌نار بووه‌ هه‌تا ڕاده‌یه‌ک ترێ و هه‌ندێک بابه‌تی تریش، به‌ڵام ده‌رفه‌ت هه‌یه‌ كه‌ به‌رهه‌می تریش بێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ ئیشی ده‌وێت و پێویسته‌ ئه‌و ڕێنمایانه‌ی به‌ به‌رزكردنه‌وه‌ی كواڵتی به‌رهه‌مه‌كان هه‌یه‌ كواڵتیان به‌رز بكرێته‌وه‌ بۆئه‌وه‌ی له‌ڕووی هاوكاریكردنی ئه‌و كۆمپانیانه‌ بێن له‌گه‌ڵ جوتیاره‌كانی خۆمان بتوانن ئه‌و به‌رهه‌مانه‌ ئاستیا به‌رزبكرێته‌وه‌ بۆئه‌وه‌ی له‌هه‌مان ئه‌و ئاست و مه‌رجانه‌ی بازاڕی نێوده‌وڵه‌تییه‌وه‌ بێت له‌ڕووی كواَڵتی له‌ڕووی به‌ سندوق كردن و پێشكه‌شكردنی به‌ بازاڕی جیهانی.

ده‌نگی ئه‌مه‌ریكا: هیچ به‌رهه‌مێكتان بردووه‌ وه‌كو نموونەی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان‌ بۆ ئه‌و وه‌فدانه‌ی كه‌ له‌گه‌ڵیان كۆده‌بنه‌وه‌؟


سه‌فین دزه‌یی: نه‌خێر ئه‌وانه‌ی كه‌ به‌شدار ده‌بن ئه‌و لایه‌نه‌ ته‌كنیكیه‌ شاره‌زا نه‌بن ئه‌وه‌ به‌جێده‌هێڵدرێت بۆ كه‌سانی هونه‌ری كه‌ خۆیان بڕیاریدا له‌و بواره‌ هاوكار و هه‌ماهه‌نگ بن له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان، ئیتر قۆناغی دواتر ئه‌وه‌یه‌ كه‌ خه‌ڵكی ته‌كنیكی بێنه‌ هه‌رێمی كوردستان و به‌روبوومه‌كان ببینن به‌شێوه‌ی زانستی بتوانن هه‌م هاوكاربن و هه‌م ئه‌و كواڵتیه‌ی ئه‌وان مه‌رجی بۆ داده‌نێن بیگه‌یه‌نین به‌و ئاسته‌.


ده‌نگی ئه‌مه‌ریكا: چه‌ند وڵات به‌ڵێنی پێداون كه‌ وه‌فدی ته‌كنیكی بنێرنه‌ هه‌رێمی كوردستان؟


سه‌فین دزه‌یی: ئێستا به‌پله‌ی یه‌كه‌م له‌گه‌ڵ وڵاتانی كه‌نداو هه‌نگاوی باشمانداوه‌ له‌چه‌ندین وڵاتانی كه‌نداو به‌رهه‌مه‌كانی كوردستان ده‌فرۆشرێت، به‌ڵام له‌هه‌مانكاتدا ئێمه‌ تموحمان هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ وڵاتانی یه‌كێتی ئه‌وروپاش به‌هه‌مان شێوه‌ هاوكاربن كه‌ بتوانین به‌روبومی هه‌رێمی كوردستان بگه‌ێنینه‌ بازاڕه‌كانی ئه‌وروپا.


ده‌نگی ئه‌مه‌ریكا: ئایا گرنگیدانی هه‌رێمی كوردستان به‌ كه‌رتی كشتوكاڵ بێ ئومێدبوونه‌ له‌ نه‌وت، کە له‌داهاتوودا هه‌رێمی كوردستان دیه‌وێت جێگره‌وه‌ی نه‌وت بۆ داهاتووی خۆی جێگیر بكات؟


سه‌فین دزه‌یی: نه‌خێر، سیاسه‌تی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان لەسەرەتاوە به‌فره‌چه‌شن كردنی ئابوریییە، به‌مانای ئه‌وه‌ی خۆمان به‌رهه‌مهێنه‌ربین. بۆ هاندانی جوتیاران به‌وه‌ی دووباره‌ بگه‌ڕێنه‌وه‌ سه‌ر زه‌ویه‌كانیان بێگومان ده‌بێت بازاڕیان بۆ دابین بكه‌ین. له‌م قۆناغه‌دا‌ ئێمه‌ ده‌توانین داهاتی نه‌وت به‌كاربهێنین بۆ فره‌چه‌شن كردنی ئابورییه‌كه‌مان چونكه‌ نه‌وت ڕۆژێک له ‌ڕۆژان كۆتایی پێدێت یاخود به‌دیلی تر بۆ ئه‌و جۆره‌ وه‌زه‌یه‌ ده‌بینرێته‌وه،‌ بۆیه‌ هه‌ر له‌ئێستاوه‌ ده‌بێت سیاسه‌تی خۆمان له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ دابڕێژین كه‌ فره‌ چه‌شنكردنی ئابوری له‌بواری كشتوكاڵ و گه‌شتوگوزار و بواره‌كانی تر، به‌ڵام لایه‌نی نه‌وت ژێرخانێكی تازه‌یه‌ سه‌باره‌ت به‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌كرێت ئه‌و سه‌رچاوانه‌ بۆ فره‌چه‌شن كردنی ئابوریمان به‌كاربێت.


ده‌نگی ئه‌مه‌ریكا: بۆچوونی وڵاتان و ئه‌و وه‌فدانه‌ی كه‌ له‌گه‌ڵیان كۆبوونه‌ته‌وه‌ ئایا بۆچوونی ئه‌وان له‌سه‌ر دۆخی هه‌رێمی كوردستان چۆنه‌؟


سه‌فین دزه‌یی: هه‌رێمی كوردستان تازه‌ له‌و بواره‌، له‌ساڵانی ڕابردوو كه‌ ژێرخانی ئابوری هه‌رێمی كوردستان پێشكه‌وتنی به‌خۆیه‌وه‌ بینی ئه‌و ژێرخانه‌ش ته‌نها له‌ڕووی بیناسازی و كۆمه‌ڵێک بواری تر بووه،‌ بۆیه‌ له‌وانه‌یه‌ كشتوكاڵ بایه‌خی پێویستی پێنه‌درابێت له‌م ساڵانه‌ی دواییش خه‌ڵک چاوی له‌ دامه‌زراندنی حكومییه‌ بۆیه‌ هاندانی كه‌رتی تایبه‌ت و هاندانی بواری كشتوكاڵی و كه‌رته‌كانی تریش ده‌بێته‌ پاڵپشت بۆئه‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان ئابورییه‌كه‌ی ببوژێته‌وه‌. مه‌سه‌له‌ی ئاسایشی خۆراک یه‌كێكه‌ له‌و بابه‌تانه‌یه‌ كه‌ دنیای به‌خۆیه‌وه‌ سه‌رقاڵكردووه‌ له‌بواری وزه‌ و له‌بواری خۆراک، هه‌رێمی كوردستانیش ئه‌گه‌ر بتوانێت خواردنی خۆی دابین بكات له‌داهاتووش بتوانێت بۆ ده‌ره‌وه‌ش هه‌نارده‌ بكات بێگومان ئه‌وه‌ جێگه‌ی سه‌رنجی وڵاتانه‌ چونكه‌ ئه‌و وڵاتانه‌ش له‌ هه‌وڵی ئه‌وه‌ن كه‌ چۆن بتوانن ئاسایشی خۆراكی خۆیان دابین بكه‌ن.


ده‌نگی ئه‌مه‌ریكا: باسكردنی ساخكردنه‌وه‌ی به‌رهه‌مه‌ كشتوكاڵیه‌كانی هه‌رێمی كوردستان له‌ بازاڕه‌كانی ده‌ره‌وه‌, ئایا ئه‌و به‌رهه‌مانه‌ به‌شی ناوخۆی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات ئایا ئێوه‌ هیچ هه‌نگاوێكتان ناوه‌ پێداویستی ناوخۆی هه‌رێمی كوردستان پڕبكه‌نه‌وه‌؟


سه‌فین دزه‌یی: ڕاسته‌ به‌شێک له‌ پێداویستیه‌كان هه‌رێم له‌ده‌ره‌وه‌ دێت، به‌ڵام له‌ هه‌وڵ و ته‌قه‌لای ئه‌وه‌داین به‌تایبه‌تی له‌ڕووی گه‌نم و دانه‌وێڵه‌ ئێستا له‌ هه‌رێمی كوردستان به‌رهه‌م دێت و چه‌ندین كۆمپانیا ئه‌و به‌رهه‌مانه‌ی جوتیارانی خۆمان وه‌رده‌گرنه‌وه‌ و به‌رهه‌مه‌كانی گه‌نم وه‌كو ئارد و ساوه‌ر و كۆمه‌ڵێک شتی تر ئێستا له‌ هه‌رێمی كوردستان به‌رهه‌م دێت، هەروەها رسوماتی زیاتر له‌سه‌ر به‌رهه‌می بیانی دانراوه‌ بۆئه‌وه‌ی به‌مه‌به‌ستی پاراستنی به‌رهه‌می خۆماڵی بێت نه‌ک به‌مانای ڕێگرتن له‌ به‌رهه‌می بیانی، چونكه‌ ده‌بێت هاووڵاتی ئه‌و بژارده‌یه‌ی له‌به‌رده‌ست بێت كه‌ بتوانێت به‌رهه‌می خۆماڵی بكڕێت یان به‌رهه‌می بیانی، به‌ڵام پاڵپشتنی زیاتری حكومه‌ت بۆ به‌رهه‌می خۆماڵیه‌ ئه‌وانه‌ی هه‌تا ئێستا هه‌نارده‌ ده‌كرێن چه‌ند مادده‌یه‌كی دیاریكراون وه‌كو هه‌نار و هه‌نگوین كه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستانیش بایی ئه‌وه‌نده‌ هه‌یه‌ هاوڵاتیان لێی سوودمه‌ند ببن، به‌ڵام له‌داهاتوو به‌رهه‌مه‌كانی تری میوه‌هات به‌ پله‌ی یه‌ک ده‌كرێت هەنارده‌ بكرێت ئه‌وه‌ش پێویستی به‌ بڕوانامه‌ی ته‌ندروستی ئه‌و وڵاتانه‌ هه‌یه‌ ئێستا له‌ وڵاتانی كه‌نداو به‌سه‌ركه‌وتووی ئه‌وه‌ ئه‌نجام ده‌درێت، به‌ڵام له‌ وڵاتانی یه‌كێتی ئه‌وروپا پێویسته‌ ئیشی له‌سه‌ر بكه‌ین و كات ده‌وێت و كاریشی ده‌وێت.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن