79 کوردستان

جێگری سەرۆکی هەرێم له‌گه‌ڵ وه‌فدێكی به‌ریتانی كۆبوه‌وه‌

03:05 - 07/12/2022

"زەمەن"


پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە، مستەفا سەید قادر، جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە ئۆفیسی سەرەکی خۆی لە هەولێر، پێشوازی لە دەیڤید هەنت، کونسوڵی گشتی بەریتانیا و وەفدێکی یاوەریکرد. 


لەو دیدارەدا کە کونسوڵی گشتی بەریتانیا بەمەبەستی ماڵئاوایی و کۆتاییهاتنی ئەرکەکەی سەردانی جێگری سەرۆکی هەرێمی کرد بوو، تێیدا باس لە بارودۆخی سیاسی و ئەمنی هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە کرا و پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغداش خرایە بەرباس.

جێگری سەرۆکی هەرێم جەختی لە گرنگی و پاراستنی هەرێمی کوردستان کردەوە و بە بایەخەوە باسی لە بوونی دیدێک و ستراتیژێکی نیشتیمانی کرد.

لە درێژەی دیدارەکەدا، جێگری سەرۆکی هەرێم بەڕاشکاوی تێڕوانینی خۆی سەبارەت بە دۆخی ناوخۆی هەرێم و گوزەرانی خەڵک و چاکسازی لە حکومەت خستە ڕوو .

هەردولا هاوڕابوون لە سەر گرنگی و پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەکانی نێوانیان لەسەر ئاستی کەلتوری و سیاسی و خوێندنی باڵا و ئابوری و بازرگانی و رەخساندنی زەمینەی زیاتر بۆ کۆمپانیاکانی بەریتانیا بۆ کارکردن لە هەرێمی کوردستان.

لە کۆتاییدا جێگری سەرۆکی هەرێم سوپاسی پشتیوانییەکانی بەریتانیا و وڵاتانی هاوپەیمانانی کرد لە پێناو سەقامگیری هەرێمی کوردستان و هەوڵەکانیان بۆ نەهێشتنی ناکۆکی و جیاوازییەکانی نێوان لایەنە سیاسیەکان، هەروەها باشتر کردنی پەیوەندیەکانی نێوان هەرێم و بەغدا،

کونسوڵی گشتی بەریتانیا دوپاتیکردەوە کە ئەوان بەردەوام دەبن و ماندوو نابن لەو پێناوەدا.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن