کەلتور

لە یادی پەنجا ساڵەی کۆچی دوایی "حەسەن زیرەک"دا

05:12 - 27/06/2022 366 جار خوێندراوەتەوە

كولتووری زه‌مه‌ن_سوهەیب فاروق

هونەرمەندی ڕاستەقینە خاوەنی زمانێکە کە نهێنییەک لای شاعیر هەیه کەشفی ئەکات، نەدۆزراوێک هەیە دەیدۆزێتەوە، ئایدیاڵێکی شاعیر هەیە زمانی هونەرمەندەکە دەبێتە هیولایەک بۆی و شێوە دەگرێت و دەرکەوت ئەکات، هونەرمەندەکە جگە لەوەی خۆی ئەڵێت ڕێ بۆ وتنی شاعیرەکەش خۆش ئەکات دۆخی تێکستەکە بەر لە گۆرانی و دۆخی تێکستەکە لە سەروەختی بە گۆرانیبووندا یەکتر ڕۆشن ئەکەنەوە بەپیر یەکترەوە ئەچن، دەبنە زەمینەک بێئامانج بۆ تەواوکردنی یەکتر، یەکتر ڕۆشن دەکەنەوە بێ ئەوەی هیچیان لە بەرژەوەندیی ئەوی تریاندا بێت، ئەمیان دێ و بە هاتنی بێ مەبەست ڕێ بۆ ئەوی تر ڕۆشن ئەکاتەوە، ئەوی تریش بۆ ئەم بە هەمان شێوە.

 وزەی تەواوەتیی شاعیرەکە لە تێکستە شیعرییەکاندا زۆرجار هەمووی دەرکەوت ناکات جۆرێک لە پۆشین لە تەم هەیه بەسەریەوە، لە نووسین و چاپکردنی شیعرەکە و بە خوێندنەوەکەی هێشتا هەر دەرکەوت ناکات، هێشتا هەست ئەکەیت بڕێکی لێ بەجێماوە، هێشتا ڕەگێکی له قووڵاییەکدایە دەبێت دەر بهێنرێت، گەوهەرێکە دەبێت بناسرێتەوە و کەشف بکرێت و بوترێت، "بەڵێن بدە" پەشێو بە شیعر بیخوێنێتەوە شتێک هەیە تیایدا نییە، لە قووڵایی و بنکێکی تردایە، شتێک هەیە لە شوێنێ ترە، ڕەگێک هەیە گەوهەرێکی هەیە کەشف نەکراوە لە لای مەرزیەی فەریقی-یە، کە مەرزییە دەیڵێت ڕێک تەواوی ئەکات، دەرکەوتی پێ ئەکات، "بەڵێن بدە"ی ناو دیوانەکەی پەشێو و "بەڵێن بدە"ی ناو سیدییەکەی "مەرزیەی فەریقی" هەمان تێکست نین، "پەپوولەی ئازاد"ی عوسمانی ئەحمەدی- بە شیعر بڕێکی دێت، بڕەکەی تر، نیوەکەی تری لای مەزهەری خالقی-یە، خالقی خۆی تەواوی ئەکات، لای خالقییش شتێک هەیە ئەبێتە مامانی تێکستەکە، هەردووک پێکەوە هونەرەکە دەهێننە بوون، دنیایەک دێڕەفۆلکلۆری هەورامان هەن، تا "عوسمان هەورامی" نەیانڵێت، نازانیت چ گەوهەرێکن و چ قووڵایی و مەدلوولگەلێکیان هەس! نازانیت بۆشاییەکیان تیا جێ هێڵراوە کە بە عوسمان پڕ ئەکرێتەوە، تا ئەو بۆشاییەکە پڕ نەکاتەوە نازانیت زمان چ بەزمێکی ناوەتەوە، وەختێ عوسمان دەیانڵێت وجوودی هونەرییانەی خۆیشی لەگەڵیا دێت، تا "عەلی زەندی" مامەکوڕنوو نەڵێت نازانین، شتێک لێره هەیە لای "دیلان" نییە و نەهاتووە.

هونەرمەندی جیددی کە دێت ڕێک ئەو بەشە جێهێڵراوەش ئەڵێت"حەسەن زیرەک" کە دێت ڕێک ئەوە ئەکات، هونەرمەندی ورد و بیرتیژ و تێکستناس و تێکستدۆز، دەزانێت ئەو تێکستانە بدۆزێتەوە کە بەشێکیان لێ ماوە ئەو بەشەش دەرکەوت پێ بکات، بەشەکە دەناسێتەوە، ئەمیش "هونەرمەندەکە" بەشێکی نەوتراو و جێماوی ئاواز، هونەری لایە، بە هیچ شتێ ناوترێ تەنیا بەو بەشە جێماوەی تێکستەکە ئەوترێ کە لای شاعیرەکەیە، لێرەوە جۆرێک لە هارمۆنیا درووست دەبێت ڕێک هونەر ئەمەیە، واتە شاعیرەکە بەشێکی لای هونەرمەندەکەیە و هونەرمەندەکەش بەشێکی لای شاعیرەکە، وەک بەشەکانی تابلۆیەک پێکەوە تابلۆ هونەرییەکە تەواو ئەکەن.

 حەسەن زیرەک پێش دێڕەکانی "خۆی و فۆلکلۆر و سەیدکامیلی ئیمامی و وەفایی و هێمن و کوردی و .."تاد و بەشێکی تێکستەکانی لە وجووددایە وەلێ بیانوویەکی ویستووە تا دەرکەوتیان پێ بکات، زیرەک وەک "خانی" لە شەرحی غەمی دڵی خۆیەتی شیعرەکان ئەکاتە بیانوو، بیانوویەکی باش، هەروەها شاعیرەکانیش بەشێک بۆشاییان بۆ هونەرمەندەکان هێشتووەتەوە، ئەو بەشەی بە شیعر ناوترێت، تا هونەرمەندەکە تەواوی بکات، تا بەزمەکە بنێتەوە، خۆی نانەوەی بەزم ڕێک ئەمەیە، شاعیران بەزم بۆ هونەرمەندان ئەنێنەوە، هونەرمەندانیش بۆ شاعیران  و لە هەردووکیشان جوانی دەرکەوت ئەکات، گەر هونەرێک بەزم نەنێتەوە هونەر نییە، حەسەن زیرەک بە ژیانی خەریکی نانەوەی بەزم بووە "بەزمی هونەری" بەزم بە مانای خەلق.

شاعیر کاری گەیاندنی دیوەکەی ناوەوەی خۆیەتی لە ڕێی زمانی شیعرەوە، هونەرمەند "گۆرانیبێژ" کاری گەیاندنی ناوەوەی خۆی دنەدان و مامانیکردنی و ناوەوەی شاعیرەکەشە لە ڕێی زمانی هونەرەوە "دەنگ، ئیحساس، ...تاد" لێرەدا ئەرکی هونەرمەندەکە قورسترە، دەبێت خۆی بڵێت و ڕۆشناییش بخاتە سەر ئەو شوێنەی شاعیر دەیەوێت بیڵێت و هیولایەک شک نابات، جۆرێک لە تاریکی هەیە لای شاعیر هونەرمەند ڕۆشنی دەکاتەوە، تا ڕوونتر زووتر ببینرێت، لێرەوە گەر هونەرمەند توانیی خۆی بڵێت و دنەی وتنشی ئەوی شاعیریش بدات، ئیدی هونەرمەند ئەو بەشەی کۆمەڵگە ئەڵێت کە حەتمەن تەنیا هونەر دەتوانێت بیڵێت، ڕێک ئەو بۆشاییە پڕ ئەکاتەوە کە تەنێ بە هونەر پڕ ئەبێتەوە، حەسەن زۆر زیرەکانە، بۆشاییەکانی ژیان بە وشە"هونەری" گونجاو پڕ ئەکاتەوە.

٭دوو جۆر گەیاندن لای هونەرمەندان:

١- گەیاندنێکی تەکنیکی و دەنگی و مۆزیکی کە زیاتر پیشەییە و زانستی مۆسیقا و ئەندازیاریی دەنگ لێی ئەکۆڵێتەوە، لەناو قوڕگ و لەرینەوە و ئەندامەکانی ئاخاوتندایە، پەیوەندی بە تۆن و ئەدا و بەرزی و نزمی و زمانی مۆسیقاوە هەیە، هونەرمەند لێرەوە تا مۆسیقیتر و ئەکادیمیتر و تەکنیکیتر بێت ئەتوانێت ئەم پرسە و ئەم ئەرکە بگەێنێت، ئەم دیوە پەروەردە ئەکرێت لە ڕێگەی خول و زانست و ڕاهێنان و ئەکادیمیا و ..تادوە چوون دیوێکی ئاسۆییە، ئیشی لەسەر ئەکرێت، ئەبینرێت.

٢-گەیاندنێکە لە ناوەوەی هونەرمەندەوە سەرڕێژ ئەبێت، ئەبێتە مامانێک بۆ دەرکەوتی ڕۆحی شاعیرەکە و خۆیشی ئەڵێت، لەدایک دەبێت و دێتە دەرەوە، ستوونییە، تەنیا دەم و ئەندامەکانی ئاخاوتن ڕۆڵ نابینن، دەبێت شتێک لە ناوەوە بیهێنێتە دەر، سەرڕێژی بکات، دەبێت شتێک مامانیی بکات و بیکاتە دەرێ، بە قەولی "نالی"ی مەزن:

"دڵ ڕەنگە بێ بە ئاو و بە چاوا بکا عوبوور!"

ڕێک دڵە، ناوەوەیە، دەبێت بە دەنگ و بەئیحساسەوە و بە قوڕگ و دەمدا ئەکات عبوور، ئەم دیوەیان زانستی موزیک و ئەکادیمیا و درێژی و کورتیی تۆن و ڕەهەندە ئەکادیمییانەکەی دەنگ، دەرەقەتی ئەم شوێنە نایەن، لەسەر ئەم هێڵە نین، لە دەرەوەی ئەم بازنەیەن، ئەم دیوە پێش ئەوەی بە گوێ ئاشنا بێت "گۆران"وتەنی بە ڕۆح ئاشنایە، عیشق و ئیحساس و دڵ لێره کار ئەکەن، ئیستاتیکا لێره کار ئەکات، ئیستاتیکا پیشەییەکە نا، ئەوەی بووەتە مۆدێل و لای زانست هەیە و دووپات ئەبێتەوە، ئیستاتیکا ئەوەی جوانییە، ئەوەی بوونێکی ڕەسەنە و یەک جار دێت و دووپات نابێتەوە، شتێکە وەک بەهرە، نە وەک توانا، شتێکە بوونە کردن نییە، ئەم جۆرە بە خول و ڕاهێنان و زانست حەل ناکرێت کە بوو هەیە نەشبوو درووست نابێت، عەشقە، ڕۆحە، ناوەوەیە، ناکرێت مرۆڤێ بخەیتە دەورەوە تاقیگەوە تا عاشقی بکەیت، هونەر ئەم دۆخەیە، هونەر ئەم شوێنەیە، پێش هەرشتێک جێی زیرەک ئێرەیە، لێرە جێی هەیە تا تیای بسرەوێت، جێی ئەو وەک هونەرمەند.

لە نموونەی جۆری دووەمدا هونەرمەند هەر هێندە تێکستەکەی ناسی و خوێندییەوە و تێیگەیشت و چووە ڕۆحییەوە و هێنایەوە، ئیدی هەست بەوە دەکەیت، بێ ئەوەی شارەزای تیۆر و وێنە و دیو و کەرەستەکانی دەق بێت بە مانا ئەکادیمییەکەی، تەواناییەکانی دەقەکە لە ڕێی دەنگییەوە کەشف ئەکات، دەنگی دەبێتە ئاوێنەی دەرکەوتنی پۆشراوەکانی تێکستەکە، دەنگی دنەی تەقینی نەدۆزراو و نەبینراوەکانی دەق ئەدات، قووڵاییەکانی تێکستەکە و پنتەکانی توێیەکانی زمانەکە و کەلێن و قوژبنەکانی ئەڵێت، خەلق ئەکات، لێرەوە هونەرمەند ئەبێتە خالق، داهێنەر " زیرەک" لە زۆرترین ئەزموونی هونەرییدا ئەمه ئەکات.

  لە زیرەکدا من وەک گوێگرێکی بەردەوامی، خاڵی دووەمی بەوردی تیا ئەبینمەوە، خاڵی یەکەم من دەنگناس و مۆسیقاناس نیم لە بارەیەوە بڵێم وەلێ زۆرێک لە تێکستەکان ئەناسمەوە، وشەکانی دالەکان و مەدلوولەکان پەیوەندی و  بۆشایی نێوانیان، دراوسێیەتیی وشە و وشە و ڕستە و ڕستەکان، هێزی سایکۆلۆژیی زمانی گۆرانییەکان پێمان ئەڵێت قووڵایی دۆخە هونەرییەکە چەندە و چۆنە، وەڵامی ئەو پرسە ئەداتەوە کە"زیرەک کێیە؟" زیرەک بە مانای بیۆگرافیا نا، زیرەک بەو مانایەی کە وجوودی وەک هونەرمەند ئەیداتێ.

 ئەو شوێنەی زیرەک لە ڕێگەی زمانی خۆیەوە"دەنگ"ییەوە ئەمانبات، ئەو مەسافەیە کە ئەیبڕین لەگەڵیدا، ئەو سەفەرەی ئەیکەین، ئەو لەززەتە پێمان ئەڵێت سەبکی خۆی، بوونی خۆی، هونەرمەندێتیی خۆی، جیاوازیی خۆی و ئەوانی تر چەندە و چییە، زیرەک لە زۆرێک لە ژیانی هونەرییدا ڕێک بە خاڵی دووەم تێکستەکانی "نالی، وەفایی، کوردی، پیرەمێرد، سەیدکامیل، هێمن، خۆی ..." دەڵێت، ڕۆحی تێکستەکان دەر دەهێنێت ئەمانداتێ، ڕیشەی شیعرەکان دەر ئەهێنێت و لە ڕێی خۆیەوە لە کێڵگەی هونەریی خۆیدا ئەینێژێت و هەموو تێکستەکان بە ستوونی ئەڵێت و خەلق ئەکات.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن