688 کەلتور

دەقی تەمەن /29

06:05 - 21/06/2022

ناڵە حەسەن/ کولتوری زەمەن

 
١
ژیان پڕاوپڕە
لە پێشبینی و لە بڕیار و هەڵبژاردە
مەرج نییە هەمووجار
ڕادەی زانین ئاستی هێز دیاری بکات لە تۆدا
دەکرێت بە ڕێکەوت ئاراستەیەک بگریتە بەر
دواجار وەک گەریدەیەکی گۆڕەپانی هەرەس
شوناسی خۆت لێ ون ببێت لەوسەردا

٢
لە چرکەساتە نائومێدییەکان
کە ڕووناکی لە پەنجەرەوە دێتە ژوورەوە
لەنێو گورزە تیشکەکانا
هەست بە جوانییەکانی سروشت دەکەی
کە بەهۆیانەوە دەروونە خەمناکەکان
کەمێک ئارام دەبنەوە
چونکە جوانی ئەو هێزەیە
هەمیشە / مرۆڤەکان پەیوەست دەکات بە ژیانەوە

٣
من لەنێو
گەڕانەکانم بەدوای خۆمدا
تاکو ئێستا
هەر بەوە گەیشتووم
کە کتێبێکی تر و ناوێکی ترم
بۆ تەنیایی


٤

لەنێو بیرکردنەوەکانی مندا
ژیان / تەنافێکە لە بێهوودەیی
بە چەرچەف و جلی ڕەنگاوڕەنگ
داپۆشراوە
عەشقیش / وەک چەند دڵۆپە فرمێسکێک
تنۆک تنۆک
بەسەر / تەناف و چەرچەف و جلەکان
دێتەخوارەوە


٥

قاچەکانم لە زەوی بێزارن و
دەستەکانیشم لە جەستەم
چاوەکانم لە ڕووناکی و
خۆیشم لە ژیان

٦
چ ئافات و ئەسەفێکی گەورەیە
 بەهای جوانییەکان
گەیشتوونەتە شوێنە بڵندەکانی پووچی
لەوەش ئەسەف و ئافاتتر
مرۆڤەکان هەریەکە و بەرماڵێکیان ڕاخستووە
ناولەپی دەستەکانییان
سەیری ئەستێرە دوورەکان دەکەن

٧
لەنێو دەقە شیعرییەکانم
تا تابلۆی دڵۆپە فرمێسکێکی ئاگر دەکێشم
هەموو دۆزەخەکان
دەمکەن بە قەسیدەیەکی درێژ و
بەڕێنووسە ڕەشبینییە ڕەشۆکییەکان
لە نیو کتێبە خەڵووزییەکاندا / دەمنووسنەوە


٨

گەر داوا بکەی
ئاسمان دەکەم بەماڵی تۆ
مانگ و ئەستێرەکانت بۆ دەستەمۆ دەکەم
یان لەسەر ڕووی دەریا
فەرشی سوورت بۆ ڕادەخۆم
جووڵەی شەپۆلەکانت بۆ ڕادەگرم
کەڕنەڤاڵی پەپوولەت بۆ نمایش دەکەم
بەس  تۆش / تەوقی ئەم بێدەنگییەت بشکێنە


٩

من لەنێو چاوەکانی تۆ
فانۆسێکی شووشە ڕەشی
بە تەنیدارم
تۆش لەنێو نیگاکانی من
ئەو مۆمە گەش و درەوشاوەی
کە لە یەکەم شەوی عەشق
لەنێو لەپی دەستەکانم / دامگیرساندی


١٠

ژنێک لە نێو مندایە
بزە گەرم و قژ خەنەیی
هەموو ڕۆژێ و هێدی هێدی
بە قەڵەمە نووک تیژەکانی غرووریم
ئەفسانەی پیاوەتیم دەنووسێتەوە
نەرم نەرمیش
خۆم و خەونە گەورەکانم
دەخاتە ژێر پرسیارەوە


١١

من شاعیرێکم
لەگەڵ هەموو
بازنە و چوارچێوەیەک
ناتەبا دێمەوە
تەنها چوارچێوەی عەشقی تۆ نەبێ
ئارەزوو دەکەم بۆ تا ئەبەد
لەنێویدا بمێنمەوە


١٢

وریابە ئەی شۆخ
لە چرکە ساتەکانی
تێکئاڵان و ڕامووسانیدا
توند توند مەمگوشە
با دڵی پڕ لە نائومێدی و
جەستەی ماندووم
لەنیو باوەش و دەستەکانتا
وردو خاش نەبێ و
گەرد گەرد / نەبێ بە تۆز و با


١٣

تابلۆکانی غوربەتم
پڕن لە ڕەنگەکانی بێدەنگی
ڕووباری شیعرەکانیشم
پڕ لە شەپۆل و هاوار  

١٤
ئاگاییم لە جەستەم جیابۆتەوە
لەنێو تەرمی کەنار ڕێگاکان
خۆم ناسییەوە
لەدوای جەنگ تەرمەکان کۆدەکرێنەوە
ئاگر زەردەخەنەیان بۆ دەکات و
 دواتر خۆڵەمێشەکەیان
تێکەڵ بە سروشت دەکاتەوە


١٥

ئەی شەهێنە بن باڵ شینەکە
دوو چاو بەشم ناکات بۆ ڕوانین
دەمەوێت فڕینەکانت ببینم
ئەودەمەی
لە ئاسمانە پڕ سترێسەکەی نیشتیمان
 هەور بۆت دەچەمێتەوە و
پەنجەرەکانی جوانیش یەکبەدوای یەک دەکرێنەوە
تۆش  دوور دوور دەڕوانی
منیش لێرەوە / بە خەندەیەکی خەمناکەوە
نیگاکانم تێکەڵ بە نیگاکانی ژیان دەکەمەوە
لەم چرکەساتە سەرمەدییەدا خۆم لەبیر دەکەم و
مۆرفیم و میلۆدییەکانی مردنیشم / بیردەچێتەوە ...!


جۆزەردانی ٢٠٢٢

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن