1856 کوردستان

بەرپرسێکى حکومەتى هەرێم دەستى لەکارکێشایەوە

01:41 - 21/06/2022

زەمەن_هەرێمى کوردستان


وته‌بێژى ده‌سته‌ى گه‌شتوگوزارى هەرێم دەستى لەکارکێشایەوە و دەڵێت، وەڵامی هیچ ڕاگەیاندنکارێک نادەمەوە کە هۆکاری دەستلەکارکێشانەوەم لێ بپرسێت


نادر ڕۆستى وته‌بێژى ده‌سته‌ى گه‌شتوگوزارى هەرێم له‌ڕاگه‌یه‌نراوێكدا ئاشكرایكرد، "بەپێویستی دەزانم دەست لەکاری وتەبێژی دەستەی گشتیی گەشتوگوزارو بەڕێوەبەرایەتی ڕاگەیاندن بکێشمەوەو دەرفەت بۆ وزەو هێزی دیکە  بڕەخسێنین، منیش بۆ ماوەیەک پشوو بدەم‌و بەشێوازێکی دیکە خزمەتی هاوڵاتیان‌و نیشتمان‌و پێشخستنی گەشتوگوزار بکەم".

ئه‌و به‌رپرسه‌ى ده‌سته‌ى گه‌شتوگوزار ئه‌وه‌شى باسكردووه‌، ئه‌و ماوه‌ى 12 ساڵه‌ وەک وتەبێژی دەستەی گشتیی گەشتوگوزاری هەرێم‌و بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی دەستەكه‌ كاریكردووه‌و 17 ساڵیشە وەک نووسەرو ڕۆژنامەنووسی بواری گەشتوگوزار کاردەکات‌و 5 کتێبى لەسەر گەشتوگوزار نووسیوەو 5 توێژینەوەشى لەسەر گەشتوگوزار کردووە، 1500 بابەتى لەگۆڤارو ڕۆژنامەکان بڵاوکردۆتەوەو زیاتر لە 900 چاوپێکەوتنیشى لەدەزگاکانی ڕاگەیاندن لەگەڵ کراوە.

دەشڵێت‌، "گەشتوگوزاری هەرێم گەیشتۆتە قۆناغێکی پێشکەوتوو، بۆیە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێم  زۆر گرنگی بەکەرتی گەشتوگوزار دەدات، هیوادارین کاروانی پێشکەوتنی گەشتوگوزار بەردەوامبێت‌و ببێت بەیەکێک لەسەرچاوە سەرەکییەکانی داهات بۆ هەرێمی کوردستان، چوار وەرزە گەشتوگوزار بوژاوە بێت".

داواشى له‌میدیاكاران‌و ده‌زگاكانى ڕاگه‌یاندن كردووه‌، "بۆ لێدوان  وەک وتەبێژی دەستەی گەشتوگوزار پەیوەندیم پێوەنەکات، بەڵام هەردەم ئامادەم وەک شارەزاو شرۆڤەکارێکی گەشتوگوزار هاوکاریی هەرکەسێک بکەم کە پێویستی بەمن هەیە".

له‌كۆتاییشدا نوسیویه‌تى:"وەڵامی هیچ ڕاگەیاندنکارێک نادەمەوە کە هۆکاری دەستلەکارکێشانەوەم  لێ بپرسێ".

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن