432 کەلتور

ئەدیبەکانی هەولێرم خۆشدەوێت..

04:44 - 10/01/2022

هەوراز محەمەد

 

خوێندنەوەی ئەدەبیات و چێژی شیعر و چیرۆک و رۆمان، لای من لە هەموو شتێکی تری ئەم دونیایە خۆشترە. دەیانجار لەگەڵ خوێندنەوەی دەقێکدا گریاوم و پێکەنیوم و واق وڕماوم و زۆرجاریش تا ماوەی زۆر بیرکردنەو ئاسمانی سەرمی وەک تەم تەنیوە، زۆرجاریش هەبووە لەسەرسامیمدا بەرامبەر وێنەیەک یان دەربڕینێک لە خوێندنەوەدا هەستاومەتە سەرپێ و چەپڵەم لێداوە.. لەناو ئەدیبانی کورددا، ئەدیبانی هەولێرم زۆر خۆشدەوێن. گەرچی وابزانم کەمترین ئاشنایەتیشم هەیە لەنزیکەوە لەگەڵیان، بەڵام خوێنەری سەرسەختیان بووم و هەواداری زۆریان بووم..
هەولێر بەتێگەیشتن و وێنای من ئەدیبی زۆر باشی هەبوون، کە بەداخەوە لە ئێستادا کەمتر دیارن و نەماون و بێ دەنگن، (رەنگە مۆدێلی میدیای نوێ و هەواڵی خانمە مۆدێلەکان و هەولێرە نوێکەی بە بینای بەرز و عەرەبی و تورکی دەناسرێتەوە وای کردبێت هەواڵی ئەدیبە دڵخوازەکانمان چوبێتە پەراوێزەوە)..

 

هەر لە جەمیل رەنجبەر و عەبدوڵا پەشێو تا دەگاتە هاشم سەراج و ئەنوەر مەسیفی و ئیسماعیل بەرزنجی و تەلعەت تاهیر و سامی هادی و فەرید زامدار و دڵشاد عەبدوڵا و کەریم دەشتی و جەلال بەرزنجی، لەولاوە رۆماننوسانی گەڵەگەتی وەک شێرزاد حەسەن و فەرهاد پیرباڵ و کاروان کاکەسور، تێکستە لیریکیە ناسکەکانی سەرکەوت رەسول و دەنگە نوێ و جوانەکانی وەک بژار حەکیم و گۆران رەسول و ..هتد. دڵنیام کەسانی تریش هەن و لەئێستادا ناویانم بیر نیە.. هەولێر شاری ئەدەب و رۆژنامەگەری و شاری خۆشەویستییە و تیایدا کەس غەریب نیە.. لە راستیا ئەم نوسینە کورتەم سوپاسێکە بۆ ئەو ئەدیبانەی ناوم هێناون و لێیانەوە فێربووم و چێژم لێ وەرگرتوون و دڵنیام هی تریش هەن و بیرم نین، هاوکات پرسیارێکیشە کە بۆ هەولێر لەشاری ئەم کەڵەقەڵەمانەوە بگۆڕێت بۆ شتی تر؟ بۆ راگەیاندن و ناوەندەکانی شارەکە هێند بێباک بەرامبەر ئەم مێژووەی خۆیان وەستاون؟



سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن