فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی ئەدەب یاخود فیستیڤاڵێکی لۆکاڵی؟
09:12 - 29/12/2021
دانا ڕەئوف
لەم ڕۆژانەدا، لە سلێمانی چالاکییەکی بچووکی ئەدەبی چەند ڕۆژەیی، بە پارەیەکی زۆر و بوجەیەکی گەورە بە ناوی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی ئەدەب بە ڕێوە دەچێ!
ئایا نێودەوڵەتی ئەم بەناو فیستیڤاڵە لە چیدایە؟ چەند توێژینەوەی کەسانی بیانی یان بابەتێکی لەسەر ئاستی دنیا تیا پێشکەش کراوە؟ کێن ئەوانەی ئەم توێژینەوانەیان هەڵبژاردوە و نووسەرەکان کێن؟ یان توێژەرەوەکان، وەک خۆیان دەڵێن؟ ئەی میوانەکانی دەرەوەی کوردستان کێن و لە چ ئاستێکدان و کێ هەڵیبژاردون؟
ئەی فیستیڤاڵی گەلاوێژ، کە هەر لە سلێمانی دەکرێت؟ یان ئەم فیستیڤاڵە + فیستیڤاڵی گەلاوێژ؟ ئایا دوو میوانی ئێران و تورکیا، وەک هەموو فیستیڤاڵەکانی تری کوردستان، دەیکات بە فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی؟
ئەو بەناو لێکۆڵینەوانە چین و کێ نووسیونی و لە چ ئاستێکدان، کە لەم فیستیڤاڵە نێودەوڵەتییەدا پێشکەش کراون.
پرسیارێکی تر، لەگەڵ ڕێزێکی زۆرم بۆ عومەری عەلی ئەمین، ئەم فیستیڤاڵە چ پەیوەندییەکی بەو زاتەوە هەیە؟ تا دیدارەکانی ئەم فیستیڤاڵە بکرێ بە ناوی عومەر عەلی ئەمینەوە؟ کاک عومەر هیچ ڕۆڵێکی لەبەرچاوی لە شانۆی کوردیدا نەبووە و هیچ کوولتورێکی گەورەی شانۆیی بۆ نەوەکانی ئەمرۆ و شانۆی کوردی بەجێ نەهێشتوە!
ئەم فیستیڤاڵە بەناو ئەدەبییە نێودەوڵەتییە، وەک هەموو فیستیڤاڵە نێونەتەوەییەکانیییییییی تری ئەم هەرێمە گەندەڵە، تەنیا و تەنیا لە خزمەتی چەند کەسێک و دەروێشەکانیاندایە…
لە ماوەی کەمتر لە مانگێکدا، چەندان لاشەی گەنجەکانمان بۆ هاتۆتەوە، داعش شەو نییە پێشمەرگە برسییەکان شەهید نەکات، تەرمی دانەری بچکۆلە و چەندانی تر، دوای ئەو کارەساتە سروشتییەی هەولێر و لافاوەکە هيشتا نەدۆزراوەتەوە، نووسەر و هونەرمەند و رۆشنبیرەکانیش لە فیستیڤاڵە نێودەوڵەتییەکانییانی خۆیان ناکەون. دەشڵێن پارە نییە و معاش نییە؟!
تەواو!