کاتێک واقیع سنووری خەیاڵیش تێدەپەڕێنێ!
12:12 - 29/12/2021
نووسین و وەرگێڕانی لە ڕووسییەوە:
شیروان مەحموود محەممەد
نووسەری سۆڤیتی ناسراو، یڤگێنی پیترۆڤ( کە بە هاوبەشی لە گەڵ ئیلیا ئیلف خاوەنی دووان لە بە ناوبانگترین ڕۆمانە کۆمیدییەکانی سەردەمی سوڤیێتی بوو: دوانزە کورسییەکە و گوێرەکەی زێرین) خوویەکی سەیری هەبوو، کە بریتی بوولە کۆکردنەوەی زەرفی ئەو نامانەی خۆی دەیناردن. ئەوەشی بەم شێوەیە دەکرد: هەر جارەو نامەیەکی دەنارد بۆ وڵاتێکی جیاواز و بۆ ناونیشانێک کە زادەی خەیاڵی خۆی بوو. بێگومان پۆستی ئەو وڵاتە پاش ئەوەی ناونیشانەکەیان بۆ نەدەدۆزرایەوە نامەکەیان دەگەڕاندەوە بۆ یڤگێنی پیترۆڤ، پاش ئەوەی کە ئەم مۆڕەیان لێدەدا'' نامەکە دەگەڕێتەوە بۆ خاوەنەکەی. ناونیشانەکەمان بۆ نەدۆزرایەوە'' ئەویش ئەو زەرفەی دەخستە سەر هەموو ئەو زەرفانەی تر کە بەو شێوەیە بۆی گەڕاونەتەوە. (١)
ڕۆژێک لە ئەپریلی ١٩٣٩ دا نامەیەک بۆ ئەم ناونیشانە لەنیویزیلەندا دەنێرێ، کە هەر لە خەیاڵی خۆی دەریهێناوە: شاری هایدبیردڤیل ، شەقامی ڕایت بییچ ژمارە ٧ . بۆ بەڕێز میرێڵ ئەدجینا ئۆیسلی. هەر لە خۆیشییەوە ئەم ناوەڕۆکەی نووسی:
'' میرێڵی ئازیز، هاوخەمیی و سەرەخۆشییم بە بۆنەی مەرگی مامە '' بێت'' ەوە قبوڵکە و تکایە بمبەخشە کە ماوەیەکی زۆرە نامەم بۆ نەنووسیوون. هیوادارم ئینگریدی خێزانت لەوپەڕی باشیدا بێت. چاوی کچەکەتان ماچ دەکەم ... بێگومان ئێستا گەورە بووە.... دڵسۆزت یڤگێنی''
دوو مانگێک تێپەڕی و نامەکە، وەک یڤگێنی چاوەڕێی دەکرد، نەگەڕایەوە، بۆیە وا لێکی دایەوە کە ڕەنگە نامەکە لە شوێنێکدا بزرکرابێت و وردە وردە لە بیری چووەوە. بەڵام لە مانگی ئابدا نامەیەکی لە نیوزیلەنداوە پێگەیشت و تەواو سەری سوڕما، کاتێک بینی کە وەڵامی نامەکەیان داوەتەوە. سەرەتا وای لێک دایەوە کە ڕەنگە کەسێک بێت بیەوێ پێی ڕاببوێری بەڵام کاتێک سەیری زەرفەکەی کرد، ئیتر تێگەیشت کە کار لە ڕابواردن و سوعبەتدا نەماوە. زەرفەکە لە هەمان ئەو ناونیشانەوە هاتبوو کە ئەم خۆی دایهێنابوو نێرەریش هەمان میرێڵ ئەدجینا ئوێسلی بوو، بە مۆرێکی پۆستی نیوزیلەنداوە. لە هەمووش سەیتر ناوەڕۆکی نامەکە بوو:
'' یڤگێنی ئازیز زۆر سوپاست دەکەم بۆ پرسەنامەکەت. بەڵێ ، مەرگی مامە بێت هەموومانی لە ناخەوە هەژاند. داوای لێبوردنیش دەکەم کە درەنگ وەڵامت دەدەمەوە. من و ئینگریدی خێزانم زوو زوو ئەو دووڕۆژەمان دێتەوە یاد کە لە گەڵ ئێمە بەسەرت برد. بەڵێ، ڕاستە، گلۆریای کچیشمان گەورە بووە و لە پاییزدا دەچێتە پۆلی دوو. ئەو تا ئێستاش ئەو ورچی یارییەی ماوە کە تۆ لە ڕووسیاوە بە دیاری بۆت هێنابوو''
یڤگێنی لە ژیانیدا سەردانی نیوزیلەندەی نەکردبوو، بۆیە تەواو پەشۆکاو و واقی وڕما لەوەی کە لەگەڵ نامەکەدا وێنەیەکی خۆی تیا بوو کە پیاوێکی کەتە بە شێوەیەکی دۆستانە ئەمی لە ئامێزگرتووە وەک بڵێیت پێشوازی لێ بکات. سەرسامییەکەی یڤگێنی چەند قات زیاتر بوو کە مێژووی سەر وێنەکەی خوێندەوە: ٩ ی ئوکتۆبەری١٩٣٨، واتە هەمان ڕۆژ کە ئەم لە ڕووسیا، لە دۆخێکی تەندروستیی دژوار و بە بووراوەیی، گەێندرابووە نەخۆشخانە، لە ئاکامی هەوکردنێکی تووندی سییەکانی و پزیشکەکان چەندین ڕۆژ لە هەوڵی رزگارکردنی گیانی ئەمدا بوون و بە ڕاشکاوییش بە خێزانەکەیان ڕاگەیاندبوو کە هیوای ڕزگاردنی زۆر کزە.
یڤگینی بۆ ئەوەی گرێکوێرەی ئەو ڕووداوە سەیرەسەمەرەیە بڕەوێنێتەوە، نامەیەکی تری نارد بۆ نیوزیلەندا. بەڵام چاوەڕێی نەکرد وەڵامەکە وەرگرێتەوە، چونکە لەو ماوەیەدا جەنگی جیهانی دووەم هەڵگیرسا و ئەو خۆبەخشانە بووە پەیامنێری ڕۆژنامەی پراڤدا و مەکتەبی هەواڵگێڕی وخۆی گەیاندە بەرەکانی شەڕ. هاوڕێکانی یڤگێنی، ئەوانەی لە بەرەکانی شەڕ لە گەڵیدا بوون باسی ئەوەیان دەکرد کە یڤگێنی بە شێوەیەکی وا گوڕڕاوە کە ناناسرێتەوە. هەمیشە نتم وکەنارگیر دانیشتووە و حەزی بە بەشداری کردن لە گۆڵمەزو پێکەنینی هاوڕێکانی نەبووە
ئەم بەسەرهاتە بە ئاکامێکی دڵتەزێن دوایی هات. ئەوە بوو لە ساڵی ١٩٤٢ دا ولە کاتێکدا یڤگێنی بە ئەرکێکی ڕۆژنەماوانی لە شاری سیڤاستۆپەلەوە بەرەو مۆسکۆ لە فڕۆکەیەکدا بوو. چەند فڕۆکەیەکی ئەڵمانی هێرشیان کردە سەر فڕۆکەکەیان و خستیانە خوارەوە و هەموو سەرنشینەکانی بە یڤگێنیشەوە گیانیان لە دەست دا.
لە هەموو ئەوەش سەیرتر ئەوەبوو، کە هەر ئەو ڕۆژەی هەواڵی مەرگی یڤگێنی بڵاوبووەوە نامەیەکی نوێ لە نیوزیلەنداوە هات وتێیدا مەڕێڵ سەرسامی خۆی بە بەرگری سەرسەختانەی سەربازانی سۆڤێت دژی هێرشی ئەڵمانەکان دەربڕیبوو، و نامەکەی بەم شێوەیە کۆتایی پێهێنابوو:
'' لە یادتە، یڤگێنی، کاتێک تۆ لە دەریاچە ساردەکەی لای ئێمە مەلەت دەکرد من چەند دەترسام و پێم دەگووتی کە بێیتە دەرەوە؟ کەچی تۆ وەڵامت دامەوە کە تۆ لە ئاودا ناخنکێیت بەڵکو بە کەوتنەخوارەوەی فڕۆکە دەمریت. جا بۆیە تکات لێدەکەم ئاگات لە خۆت بێت و تا دەتوانیت خۆت لە سواربوونی فڕۆکە بە دووربگرە''
لە کۆتاییدا دەبێ ئەوەش بڵێم کە ڕووداوەکانی ئەم بەسەرهاتەکراوە بە فیلمێکی ئەمەریکی ١٧ خولەکی کە کێڤین سپەیسی ڕۆڵی سەرەکی تیادەبینی و من لینکەکەی لە پەراوێزدا دادەنێم(٢)
https://kulturologia.ru/blogs/140716/30433/
https://www.youtube.com/watch?v=x2GySN-y6Pk