1025 کەلتور

"دواهەمین شەهید"

10:03 - 27/12/2021

ساڵانێک بەر لە ئێستە، تۆ بە نزیکی هەناسەی مندا
تێپەڕبووی،
من هێشتە بەدوای سێبەرەکەتدا ڕادەکەم،
من هەنوکە بە ڕێگەوەم و نەگەیشتووم بە ماڵی
پڕ لە سەدەفی دڵی تۆ.

ـــــــــــ

شەوێک لە ژوورەکەمدا
بەدیار ڕووخساری زەردی مانگەوە گریام
نیگەران مەبە!
تەنها کەمێک شێوەی تۆم بیرکەوتەوە، لەودیوی جامی پاسەکانەوە،
نیگەران مەبە!
هەر ئەوەی ئەمڕۆ دڵنیاببمەوە کە زیندووی
بەیانی هەموو شتێک باش دەبێت.

ــــــــــــ

کە ناوی تۆیان هێنا، گەزم لە دەستی چەپی خۆم گرت
خۆزگە لەبیرکردنت ئەوەندە ئاسان دەبوو،
خۆزگە ئاسەواری پێکەنینی تۆ لەسەر دڵم
هێندەی جێی ددانی کەسێک لەسەر پێستم دەمایەوە.

ـــــــــــــ

کاتێک دۆزەخی ژیان لە هەموو لایەکەوە
دەکوڵێ و
شار دەبێت بە پارچەیەک پشکۆی سوور،
دەریایەکی فێنک هەیە لە چاوەکانتا
بەبێ بەلەمی چارۆکەدار،
بەبێ سەوڵ و بەبێ ترس
دەتوانم; دڵی خۆم پڕ بکەم لە پێکەنین و
بەناو شەپۆلەکانیدا تێبپەڕم.

ــــــــــــــ

بە ئەنقەست بەدیار یەکێک لە وێنەکانتەوە دەکۆکم،
دەمەوێ چاوەکانت بکەیتەوە و
لە ئەلبوومەکە بێیتە دەرێ و باوەشێکی توندم
لێ بدەیت.

ــــــــــــــــ

بۆئەوەی ڕەنگی لێوتم بیر نەچێتەوە
 هەموو ڕۆژێک ئاوڕ بۆ گوڵی سووری
ناو دەستی مناڵەکانی نزیکی ترافیکەکان دەدەمەوە

ــــــــــــــــ

من تا ئێستەش،
کاتێک دەنووم، هەر ئەو بۆنە لە خۆم دەدەم
کە لە دووەمین ساڵی خوێندنی زانکۆ،
تۆ بۆت پێشنیار کردم.
دەڵێم; ئەگەر شەوێک هاتییە خەونم،
با لەنێوان
سینگی هەموو ئەو پیاوانەی بەناو خەونەکانتا تێدەپەڕن
بە بۆنەکەی خۆت بمناسیەوە.

ـــــــــــــــــ

خۆزگە! ئێوارانێک لەودیوی شانی گارسۆنێکەوە
ئەو فنجانی قاوەیەم دەدزی
کە هەناسەی تۆی بەرکەوتبوو
هەر نا ئێستە، نەختێک لە گەرمی لێوەکانی تۆ
لە ژیانی مندا بوونی دەبوو.

ــــــــــــــــ

ڕۆژێک لەبەردەمی ساردەمەنییەکدا،
کچێکی ئەسمەرم دەبینم،
چاکەتێکی سووری لەبەردایە و "فالودە" دەخوات
دڵم پڕ دەبێت لە گریان،
بەلایدا تێدەپەڕم و لەبەر خۆمەوە دەڵێم:
هێی! دڵی خۆت خۆشنەکەی،
تۆ هەرگیز وەکوو خۆشەویستە کەمەر باریکەکەی من
ڕەنگی سوورت لێ نایەت.

ــــــــــــــــ


من بە ئاهی گرتنی دەستەکانی تۆەوە دەمرم و
ناوم لە لیستی شەهیدەکانی نیشتیماندا
نانووسرێت،
ئاڵاکانتان دابگرن! دواهەمین شەهیدی بێ گۆڕ و ناونیشانی عیشق، منم.

"شوان سەعید"

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن