وەزارەتی تەندروستی لەبارەی ئۆمیكرۆنەوە زەنگی هۆشداری لێدا
09:39 - 19/12/2021
"زەمەن"
وەزارەتی تەندروستیی و ژینگەی عێراق ھۆشداری دا لە بڵاوبوونەوەی جۆری ئۆمیكرۆنی ڤایرۆسی کۆرۆنا و رایگەیاند، ئۆمیکرۆن لە گۆڕاوەکانی دیکەی کۆرۆنا خێراتر بڵاودەبیتەوە.
وەزارەتی تەندروستیی و ژینگەی عێراق راگەیەندراوێکی لەبارەی پێشھاتەکانی رەوشی تەندروستیی و جۆری ئۆمیكرۆنی ڤایرۆسی کۆرۆنا بڵاوکردەوە و تیایدا ھاتووە: "شارەزایان و پسپۆران لە وەزارەتی تەندروستیی و ژینگەی عێراق، چاودێری پێشھاتەکانی تایبەت بە بڵاوبوونەوەی جۆری ئۆمیكرۆنی ڤایرۆسی کۆرۆنا یان لەسەر ئاستی جیھان، ھەروەھا زیادبوونی حاڵەتەکانی تووشبووان بە ڤایرۆسەکە لە وڵاتانی ئەورووپا و ھەندێک لە وڵاتانی دراوسێ کردووە".
وەزارەتی تەندروستی دەڵێت "شارەزایان و پسپۆرانی بواری تەندروستیی، ئەوەیان بەدی کردووە کە ئۆمیکرۆن لە گۆڕاوەکانی دیکەی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ خێراتر بڵاودەبیتەوە و ھەر ئەوەیش وای کردووە کە ھەندێک لە وڵاتان، بەخێرایی رێوشوێنی خۆپارێزیی بگرنەبەر و شوێنە گشتییەکانیش دابخەن".
ھەروەھا لە راگەیەندراوەکەدا ھۆشداری دراوە لە مەترسی بڵاوبوونەوەی جۆری ئۆمیكرۆنی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە عێراق و ھاتووە: "ئەگەر ئۆمیکرۆن لە عێراق بڵاوببێتەوە، بەجۆرێک کاریگەریی لەسەر رەوشی ئێستای تەندروستیی دەبێت کە ھەوڵەکان بۆ کۆنترۆڵکردنی پەتاکە پەک دەخات و بەھۆیەوە عێراق بەرەوڕووی شەپۆلێکی توندی پەتای کۆرۆنا دەبێتەوە".
ئەوەیش خراوەتەڕوو کە راپۆرت و توێژینەوە زانستییەکان جەختیان کردووەتە لەسەر ئەوەی کە ڤاکسینەکان کاریگەرییان لەسەر کەمکردنەوەی حاڵەتەکانی تووشبوون و گیانلەدەستدان بە کۆرۆنا ھەیە، بەڵام ھێشتا ئەوە نەسەڵمێندراوە کە ڤاکسینەکان کاریگەرییان لەسەر ئۆمیکرۆن ھەیە یان نا.
وەزارەتی تەندروستیی و ژینگەی عێراق لە کۆتایی راگەیەندراوەکەیدا داوای لە ھاوڵاتییان کردووە کە زیاتر پابەندبن بە رێوشوێنەکانی خۆپارێزیی بەتایبەتیش لە وەرگرتنی ڤاکسین و ھاتووە "وەرگرتنی ڤاکسین، دەبێتە ھۆی کەمکردنەوەی حاڵەتەکانی تووشبوون و گیانلەدەستدان بە کۆرۆنا".
پێشتر وەزارەتی تەندروستیی و ژینگەی عێراق رایگەیاندبوو کە تا ئێستا پەتای جۆری ئۆمیكرۆنی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە عێراق بڵاونەبووەتەوە و ئاماژەی بەوەیش دابوو، ئەگەر ئۆمیکرۆن لە عێراق بڵاوببێتەوە، ئەوە پەنا دەبنە بەر گرتنەبەری رێشوێنەکانی پێشووی خۆپارێزیی لەوانە داخستنی شوێنە گشتییەکان، دووپەرێزیی کۆمەڵایەتیی.