663 کوردستان

دامەزراندنی سندوقی خانەنشینی بۆ گرنگە؟

11:15 - 16/12/2021

زەمەن- پشتیوان جەمال


دواجار حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاریدا بە دامەزراندنی سندوقی ئەنجومەنی خانەنشینان كە بەوتەی شارەزایانی بواری كارگێڕی و دارایی، دامەزراندنی سندوقەكە دەبێتە مایەی كۆكردنەوەی مووچەی فەرمانبەران و ئەنجامدانی پڕۆژەش لەو رێگەیەوە بۆ خزمەتی فەرمانبەرانی خانەنشین.

 

دوێنێ ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری بە فەرمانێكی وەزاری، دامەزراندنی سندوقی خانەنشینی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستانی راگەیاند، كە لە نۆ ئەندام پێكهاتووە بە سەرۆكایەتی حازم ئیسماعیل رەمەزان، بەڕێوەبەری گشتی خانەنشین لە وەزارەتی دارایی، لەگەڵ چوار ئەندامی دیكەی هەمان وەزارەت، هەروەها لە وەزارەتی پێشمەرگە و ناوخۆ و پلاندانان، ئەنجومەنی ئاسایش و بانكی ناوەندی عێراق/ لقی هەرێمی كوردستان، هەریەكە و بە ئەندامێك تێیدا بەشدارن.

 

بەپێی یاسای چاكسازیی ژمارە (2)ی ساڵی 2020 كە لە پەرلەمانی كوردستان دەرچووە و لە ماددەی (8)ی یاساكە باسی دامەزراندنی سندوقی خانەنشینی دەكات، سندوقی خانەنشینی بۆ هەموو ئەو كەسانەی دەگەنە تەمەنی خانەنشینبوون دەگرێتەوە و بە گەورەترین سندووقی كۆكردنەوەی داهات لەسەر ئاستی هەرێم دادەنرێت و ئەوانەی سوودمەند دەبن لە داهاتی سندوقەكە بۆ ئەوەیە لە كۆتایی تەمەنی خۆیاندا و دوای خزمەتی گشتی، بەبێ هیچ كێشەیەك مانگانە مووچە و شایستەی دارایی خۆیان وەربگرن.

 

بەپێی یاسای چاكسازی كە ساڵی رابردوو لە پەرلەمانی كوردستان دەرچووە، چەند مەرجێك بۆ خانەنشیبوونی فەرمانبەران دانراوە ئەوانیش، هەر فەرمانبەرێك 15 ساڵ خزمەتی هەبێت و تەمەنی 45 ساڵ و بۆ سەرەوە بێت، ئەوا دەتوانێت بە ئارەزوومەندانە خۆی خانەنشین بكات،  هەر فەرمانبەرێك تەمەنی گەیشتبێتە 63 ساڵ، ئەوا بە ناچاری خانەنشین دەبێت، هەر فەرمانبەرێك تەمەنی گەیشتبێتە 63 ساڵ، بەڵام ساڵانی خزمەتی 12 ساڵ بن، واتە سێ ساڵ كەمتر بێت، لە ساڵانی خزمەت كە دەبێت 15 ساڵ بێت، ئەوا دەتوانێت لێبڕینی مووچەی سێ ساڵ لەسەر یەك بدات و وەكو هەموو فەرمانبەرێكی دیكەی ئاسایی مووچەی خانەنشینی مانگانەی لەلایەن حكومەتەوە پێدەدرێت.

 

هێڤیدار ئەحمەد، جێگری سەرۆكی لیژنەی دارایی و ئابوری لە پەرلەمانی كوردستان سەبارەت بە دامەزراندنی سندوقی خانەنشینبوون دەڵێ«، لەمەودا هەموو مانگێك بڕی ئەو پارەیەی لە مووچەی فەرمانبەران دەبڕدرێت لەسەر ناوی (خانەنشینی) بەپێی یاسا بەركارەكان كە دەتوانن بڵێن (7%)ی مووچەی بنەڕەتی فەرمانبەرانە، لەو سندوقەدا هەڵدەگیرێت تاكو ئێستا لەبەر نەبوونی سندوقەكە، ئەو پارەیە هەڵنەدەگیرا و حكومەت لەسەر خۆی كردۆتە ماڵ و لە مووچەی گشتی، مووچەی خانەنشینی دەدرێت.

 

ناوبراو ئاماژەی بەوەكردووە، حكومەتی هەرێم مانگانە بۆ هەموو فەرمانبەرێكی (مەدەنی یان سەربازی) ئەوەی بە فەرمی مووچە لە حكومەتی هەرێمی كوردستان وەردەگرێت، رێژەی 12%ی لە مووچەی بنەڕەتی هەر فەرمانبەرێك هەڵدەگیرێت و دەخرێتە نێو سندوقەكە، واتە ئەو مووچەی ئێستا كە فەرمانبەر وەریدەگرێت وەكو خۆی دەمێنێتەوە، پێشتر حكومەت مووچەی داوە و (بە حیساب) خانەنشینیەكەی لێ بڕیوە و لای خۆشی لەسەر تەواو كردووە، كاتێك فەرمانبەر خانەنشین دەبێت، حكومەت مولزەم بووە خانەنشینییەكەی بداتێ.

 

هێڤیدار ئەحمەد ئاماژەی بەوەكردووە، نزیكەی 20%ی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان خانەنشینن كە ژمارەیان دەگاتە دەوروبەری 250 هەزار خانەنشین، مانگانە نزیكەی 21 ملیار دینار لە مووچەی مووچەخۆران (7%) مووچەی بنەڕەتی و 36-38 ملیار دینار كە دەكاتە (12%) مووچەی بنەڕەتی كە حكومەت لە ئەستۆی خۆی دەگرێت، دەخرێتە سەر حیسابی فەرمانبەر تاوەكو خانەنشین دەبێت، كە خانەنشینیش بوو، مووچەی مانگانەی خانەنشینی خۆی وەردەگرێت، واتە بەگشتی مانگانە نزیكەی 60 ملیار دینار دەچێتە نێو سندوقی خانەنشینی، ئەمە جگە لە هەر هاوكارییەكی دیكە كە بۆ سندوقی خانەنشینی دێت.

 

ئەوەی ئێستا گرفتی دەرچووانی زانكۆ و پەیمانگەكانە، دوای تەواوكردنی خوێندنیان لە كەرتی گشتی واتە حكومەت ناتوانێت دایانمەزرێنێت و هەندێكیان لە كەرتی تایبەت كاردەكەن، یان لە كەرتی تایبەتیش كاریان دەست ناكەوێت، بەڵام زۆربەیان دەیانەوێت لە كەرتی گشتی كار بكەن، چونكە دەزانن لە كەرتی تایبەت ناتوانن خانەنشین ببن.

 

ئەو پەرلەمانتارەی لیژنەی دارایی پێشنیارێكی خستۆتەڕوو بۆ چارەسەری ئەو كەسانەی لە كەرتی تایبەتیش كار دەكەن تا سوودمەند بن لەو سندوقە.

 

هێڤیدار ئەحمەد وتویەتی "بۆئەوەی كارەكە تەواوبێت، پێویستە حكومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ سەندیكاكان پرۆژەیاسایەك ئامادە بكەن بۆ پەرلەمانی كوردستان كە ئەو كەسانەی لە كەرتی تایبەتیش كار دەكەن و مانگانە (لێبڕینی خانەنشینی) بدەن، لەو سندوقە سوودمەندبن و چیدیكە خەڵك چاوی لە دامەزراندن نەبێت، بۆئەوەی بڵێت: لەبەرئەوەی كەرتی گشتی (حكومەت) گرنگە، چونكە ژیانت مسۆگەرە و خانەنشین دەبیت".

 

لەو بارەیەوە د.خالید حەیدەر، مامۆستای بەشی ئابوری لە زانكۆی سلێمانی بە "زەمەن"ی راگەیاند، دامەزراندنی ئەو سندوقە زۆر گرنگە، چونكە ناكرێت فەرمانبەران خاوەنی سندوقی خۆیان نەبن، لەبەرئەوەی ئەو بڕە پارەیەی بۆ فەرمانبەران كۆدەكرێتەوە دەڕواتە ئەو سندوقە و بۆ خانەنشینبوونیان هەر فەرمانبەرێك شایستە داراییەكانی خۆی وەردەگرێت و ئەگەر لەڕووی یاساییشەوە گونجاو بێت، دەتوانرێت وەبەرهێنانیشی تێدا بكرێت.

 

هەروەها خالید بابەڕەسوڵ نوری، شارەزا لە بواری ئەژماركردنی راژە و پسپۆری دارایی بۆ "زەمەن" رایگەیاند، دەبوایە لەگەڵ دروستبوونی یاسای خزمەتی شارستانی و لە یەكەم رۆژی دامەزراندنی فەرمانبەرەوە ئەم سندوقە هەبوایە، لە حاڵەتی هەبوونی سندوقەكە راستەوخۆ ئەو بڕە پارەیەی مانگانە لە فەرمانبەران وەردەگیرێت دەڕواتە ئەم سندوقە و دواتر كە خانەنشین بوو ئیكرامی و خانەنشینبوونەكەی لێ دەدرێت، پاشان دەتوانرێت پارەی نێو سندوقەكە بۆ پڕۆژەش بەكاربهێنرێت بەمەرجی رەزامەندی لایەنی پەیوەندیدار كە بێگومان دەبێتە مایەی قازانجیش بۆ سندوقە.

سەبارەت بەوەی لەحاڵەتی زیادبوونی داهات بۆ سندوقەكە، ئایا پارەی خانەنشینبوونی فەرمانبەران زیاد دەكات، ناوبراو روونیكردەوە، نەخێر مووچەی خانەنشین زیاد ناكات، چونكە مووچەی خانەنشینبوون بە یاسا دیاریكراوە، بەڵام دەكرێت پڕۆژە بۆ فەرمانبەرانی خانەنشین و كەسوكاریان جێبەجێ بكرێت، بۆ نموونە ئوتومبیل و خانوو و سلفەیان پێبدرێت.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن