هۆكاری رێژهی بهرزی مردن بە كۆرۆنا لە كوردستان لهزاری نوێنهری تهندروستی جیهانیهوه
11:57 - 11/12/2021
زەمەن- پشتیوان جەمال
بەرپرسێكی تەندروستی جیهانی لە كوردستان رایدەگەیەنێت، هۆكاری سەرەكی مردن بە كۆرۆنا پەیوەندی بەوەوەیە كە هەندێك لەو تووشبووانە درەنگ سەردانی نەخۆشخانە دەكەن بۆ چارەسەر، بەو هۆیەشەوە ئۆكسجینیان دادەبەزێت.
ماوەیەكە بەپێی ئامارەكانی وەزارەتی تەندروستی هەرێم، ژمارەی تووشبووانی كۆرۆنا زۆر دابەزیوە، بەڵام ژمارەی مردن هەر بەرزە، د.نەجمەدین حەسەن، نوێنەری رێكخراوی تەندروستی جیهانی لە پارێزگای سلێمانی بە "زەمەن"ی راگەیاند، ئەو تووشبووانی كۆرۆنا كە گیان لەدەست دەدەن ئەگەری بەهێز ئەوانەن كە مانگێك یان زیاترە لە نەخۆشخانەن، چونكە هەم تەندروستی بەدواداچوونیان بۆ ئەو حاڵەتە كردووە و هەر ئەو ئەگەرەش هەیە، چونكە ئەو تووشبووانە درەنگتر رۆیشتوون بۆ چارەسەر، بەو هۆیەەوە ئۆكسجینیان زۆر دابەزیوە و فریای چارەسەر ناكەون.
سەبارەت بە دابەزینی تووشبووانی كۆرۆنا، ناوبراو روونیكردەوە، ژمارەی تووشبوان دابەزیوە، بەڵام هێشتا لە عێراق هەر كەمترە، بۆ نموونە دوێنێ لە شاری سلێمانی ژمارەی تووشبوان 94 كەس بووە، بۆ بەرچاوڕوونی پێوەرەكان هەفتانە دەستنیشان دەكرێن بۆ نموونە لە 100 هەزار كەس، چەند كەس تووشبووە، هەفتەی رابردوو لە شاری سلێمانی 22 كەس بوو، بەڵام لە هەموو عێراق 13 كەس بووە.
بۆ هۆكاری دابەزینی توشبووانیش، د.نەجمەدین ئاماژەی بەوەكرد، خەڵك زۆر توشبوون و خەڵكیش خۆیان كوتاوە، سروشتی ڤایرۆسەكەش وایە شەپۆلێكە دوو مانگ دەمێنێتەوە و تەواو دەبێت، هەر بۆ نموونە پێنج رۆژە 390 كەس لە سلێمانی تووشبوون، واتە بە تێكڕایی رۆژی كەمتر لە 80 كەس، بەڵام رۆژیش هەبووە نزیكەی هەزار و 200 كەس تووش دەبوون.