بەرپرسێکى سۆسیالیست: لەسەر ڕیش هێشتنەوە کوڕێک و دوو برازام گیراون
04:54 - 10/12/2021
زهمهن_ههڵهبجه
ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی حزبی
سۆسیالیست رایگەیاند، هێزە ئەمنییەکان کوڕێک و دوو برازایان لەسیروان
دەستگیرکردووە لەسەر ئەوەى ڕیشیان هەیە بەبێ ئەوەى ئاگادارى بکەنەوە.
حسێن خەلیفە ئەندامی
مەكتەبی سیاسی حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان لەرونکردنەوەیەکدا رایگهیاند، "تەنها لەسەر ئەوەی ڕیشی هەیە و
ئەهلی مزگەوتە كوڕەكەم و دوو برازایان گرتووم بەناوی هیوا حسن و دیاری یاسین كە
هیوای برازام باوكیشی و سێ براشی پێشمەرگەن و یەكێتین".
دەقى رونکردنەوەکە:
بەناوی خوای گەورەو میهرەبان
ئاگاداری حزب و لایەنە خەبات گێڕەكانی كوردستان، كەسایەتی ئاینی و
كۆمەڵایەتیە بەڕێزەكان هەمو كەناڵەكانی ڕاگەیاندن لەكوردستان ، هەموو پێشمەرگە
شۆڕشگێڕەكانی كوردستان، سڵاوی گەرمتان لێ بێت، حەزم كرد هەمو لایەكتان ئاگادار
بكەمەوە من حسینی خلیفە جوانی و گەنجێتی تەمەنی خۆم لەشۆڕش و پێشمەرگایەتی و
كوردایەتیدا سەرف كرد بۆ ئازادی و سەرخستنی گەلەكەم ، خۆم و چوار برام بەردەوام
پێشمەرگە بووین لە شۆڕشدا تا ڕاپەڕین و تا ئەمڕۆ، لەسەردەمی باعسیەكاندا دایكم
ئەگیرا خێزانم ئەگیرا ، منداڵەكانم ئەگیران براو برازاكانم ئەگیران و دوور
دەخرانەوەو زیندانی دەكران لەناو شارۆچكەی سیرواندا، ڕژێمی باعس و
ئیستغباراتەكانیان ماڵی من و كەسوكارەكەمیان تاڵان دەكردو خانوەكانیان دەڕوخاندین،
تەنها لە سەر ئەوەی پێشمەرگە بوین و خەباتمان دەكرد بۆ ڕزگاری گەلەكەمان ، ملمان
كەچ نەدەكرد بۆ باعسیەكان، زۆر بەداخەوە لە ئەمڕۆی ئازادیدا لە ئەمڕۆی بەناو
دیموكراسیدا دوێنێ هێزێكی ئاسایشی سلیمانی ئەیەن بەسەر شارۆچكەی سیروان داو دەیان
كەسی ڕیشدار كە ڕیشیان هەیە و ئەهلی مزگەوتن گرتونیان من ئەمە جێ ئەهێڵم بۆ
لێكۆڵینەوەو تەحیقیقی خۆیان بەڵام ئایا كوڕی من كە سۆسیالیستە ناوی هارونە تەمەنی
20 ساڵە تەنها لەسەر ئەوەی كوڕەكەم ڕیشی هەیە و ئەهلی مزگەوتە كوڕەكەم و دوو
برازایان گرتووم بەناوی هیوا حسن و دیاری یاسین كە هیوای برازام باوكیشی و سێ
براشی پێشمەرگەن و یەكێتین، لەكاتێكا ئێمە بنەماڵەیەكی ئاینی و نیشتیمان پەروەرین،
قوربانیمان داوە بە خۆم و براو كەس و كارەكەم ئاسایشی لەگەڵ ئەو هێزەی كە لە
سلێمانیەوە هاتون ئەوەیان لەبەرچاو نەگرت كە من ئەندامی مەكتەبی سیاسی حزبی سۆسیا
لیستم و ئەندامی ئەنجومەنی باڵای پێشمەرگە شۆڕشگێڕەكانی كوردستانم، كوڕەكەمیان
گرتووە كە ئەمەش ناهەقیەكی ڕوون و ئاشكرایە داوا لەهەمو لایەك ئەكەم لە هەمو میدیا
و كەناڵەكانی ڕاگەیاندن لەئاست ئەم ناهەقیەی بەرامبەر بنەماڵەی ئێمە كراوە بێدەنگ
نەبن و قسەی خۆتان هەبێ.چون گومانم لەوە هەیە لەژێر فشار وتەعزیبدا زەخت بخەنە سەر
كوڕەكەم بیهێنە سەر شاشەی تەلەفزیۆن تۆمەتی قورس بدەنە پەنای كوڕو برازاكانم تەنها
لەسەر ئەوەی كە ئێمە سۆسیالیستین و لەگەڵ كاكە حمەی حاجی محموداین. وە منیش
ئامادەی كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەگەریم لەسەر ئەو ناهەقیەی بەرامبەر خانەوادەی ئێمە
كراوە.
حسین خلیفە محمد