971 کوردستان

لە دابەشکردنی نەوتدا فێڵ لە هاوڵاتیان دەکرێت

10:43 - 09/12/2021

زه‌مه‌ن_سۆران

لە ئیدارەی سۆران توانرا دەست بەسەر دوو تانكەری دابەشكردنی بەشە نەوتی سپی ماڵان بگرن، کە یەکێکیان ئاوی تێکەڵ نەوتەکە کردبوو، یەکێکی دیکەش کەمتر لە بڕی دیاریکراو نەوتی دابەش کردبوو بەسەر ماڵاندا و بەشێکی بۆ خۆی بردبوو.   



سەلام عەبدوڵا، ئەندامی لیژنەی ئابوری و سوتەمەنی قایمقامییەتی سۆران ڕایگەیاند، " لە سنوری سۆران تانكەرێك نەوتی بە شێوەی عەداد و بە تەواوی بە هاووڵاتییان نەداوە، دوای دابەشكردنی نەوتەكەیش پشكنینی تانكەرەكە كرا و چەند بەرمیلێك نەوتی تێدا مابوو كە بە تەواوەتی بە ماڵانی نەدابوو، بۆیە دەستی بەسەردا گیرا ."   

ئاماژەی بەوەشکردووە، " لەسەر بڕیاری دادوەری لێكۆڵینەوە، دەست بەسەر تانكەرەكە گیرا و تۆمەتبار گیراوە و رێكاری یاسایی بەسەر جێبەجێ دەكرێت، بۆیە پەڕاوی لێكۆڵینەوەی بۆ كراوەتەوە."   

ده‌شڵێت، "لە ماوەی رابردووشدا شوفێری تانكەرێكی دیکەی نەوت، ئاوی تێكەڵ بە نەوت كردبوو و دابەشی سەر ماڵانی سنووری ئیدارەی سۆرانی كردبوو، ئەویش دەستی بەسەردا گیرا و رێوشوێنی پێویستی لەگەڵ كرا."   

سەلام عەبدوڵا  باسی له‌وه‌شكرد، " گشت بریكار و شوفێرەكانی دابەشكردنی نەوت ئاگەدار دەكەینەوە كە پابەندی رێنوێنییەكان بن، بە پێچەوانەوە رێكاری یاسایی توند بەرانبەریان دەگیرێتە بەر، داوایش لە هاووڵاتییان دەكەین لەكاتی بوونی هەر كێشە و گرفتێك لە دابەشكردنی نەوت، ئاگەدارمان بكەنەوە."   

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن