شاڵاو كۆسرەت و سەرکەوت زەکی دوو مەکتەبی یەکێتی وەردەگرن
04:52 - 08/12/2021
زەمەن- پشتیوان جەمال
مەكتەبی سیاسی یەكێتی
نیشتمانی كوردستان گۆڕانكاری لە مەكتەبەكانیدا پەسەند كرد و هەندێكیان گۆڕدران، هەریەك
لە شاڵاو كۆسرەت رەسوڵ و سەركەوت زەكیش بوونە ئەندامی مەكتەبی سیاسی.
بەپێی ئەو زانیارییانەی
لە سەرچاوەیەكی مەكتەبی سیاسی یەكێتییەوە بە "زەمەن" دراون، ئێوارەی دوێنێ
لە كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسی یەكێـتی بە سەرپەرشتی بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆكی ئەو حیزبە،
بڕیاری كۆتایی سەبارەت بە گۆڕانكاری لە مەكتەبەكاندا درا و پەسەندكران، لە گرنگترین
گۆڕانكارییەكانیش، بەرپرسی مەكتەبی رێكخستن گۆڕدرا لە شاڵاو عەلی عەسكەرییەوە بۆ سەركەوت
محەمەد زەكی، هەروەها بڕیاریشە شاڵاو كۆسرەت رەسوڵ بكرێتە بەرپرسی مەكتەبی پەیوەندییەكان
لە شوێنی سۆران جەمال تاهیر.
سەبارەت بەوەی
شاڵاو كۆسرەت رەسوڵ و سەركەوت زەكی دەبنە ئەندامی مەكتەبی سیاسی، ئەو سەرچاوەیە
روونیكردەوە، هەرچەندە هێشتا فەرمانی دەستبەكاربوونیان لەو دوو پۆستەدا بۆ دەرنەكراوە،
بەڵام بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی یەكێتی، هەر بەرپرسێك پۆستی بەرپرسیارێتی مەكتەبی وەرگرت
دەبێتە ئەندامی مەكتەبی سیاسی.
كۆتایی مانگی
رابردوو لە كۆبوونەوەیەكی مەكتەبی سیاسیدا بڕیار لەسەر چەند گۆڕانكارییەك دران ئەوانیش
(شاڵاو كۆسرەت رەسوڵ بۆ بەرپرسی مەكتەبی پەیوەندییەكان، سەركەوت زەكی بۆ مەكتەبی رێكخستن).
هەر بەپێی زانیارییەكان،
چەند ماددەیەكی پەیڕەوی ناوخۆش هەمواركراوەتەوە، بەڵام سەرچاوەكە ئامادەنەبوو لەم
كاتەدا ئەو گۆڕانكارییانە ئاشكرا بكات، سەبارەت بەوەی هەمواری وشەی (هاوسەرۆك بۆ سەرۆك)
كراوە، سەرچاوەكە وتی "ئەو بڕگەیە وەك خۆی دەمێنێتەوە، چونكە خودی بافڵ تاڵەبانیش
كە ئێستا زیاتر وەك سەرۆك دەسەڵاتەكانی بەكاردێنێت، پێی باش نییە هەموار لە وشەكەدا
بكرێت، بۆیە هاوسەرۆك وەك خۆی دەمێنێتەوە".
دوای رووداوەكانی
8ی تەموزی ئەمساڵ كە بافڵ تاڵەبانی، دەسەڵاتەكانی لە لاهور شێخ جەنگی، هاوسەرۆكی یەكێتی
وەرگرتەوە، بافڵ تاڵەبانی، چەند جارێك هەوڵیداوە لەڕێگەی سەركردایەتی حیزبەكەیەوە
چەند ماددەیەكی پەیڕەو هەموار بكاتەوە بەتایبەتیش ئەو ماددەیەی تایبەت بە گۆڕینی
ناوی هاوسەرۆك بۆ سەرۆك.