راگهیهندراوێك له ئهنجومهنی وهزیرانهوه
03:13 - 08/12/2021
زهمهن
ئەنجومەنی وەزیران دابینکردنی پێداویستییەکانی پێشمەرگە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی
تیرۆریستانی داعش تاوتوێ كرد و پڕۆژە یاسای نوێی
پەروەردە وفێرکاریی پەسەند کرد.
ئەمڕۆ چوارشەممە 8ی دیسەمبەری 2021 ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی
کوردستان، بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و ئامادەبوونی
قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران کۆبووەوە.
ئەنجومەنی وەزیران، گفتوگۆی دەربارەی هێرش و پەلامارەکانی تیرۆریستانی
داعش کرد بۆ سەر ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، کە بووە هۆی شەهیدبوون
و برینداربوونی چەندین پێشمەرگەی قارەمان و هاووڵاتی.
سەرۆک وەزیران ، بە ناوی ئەنجومەنی وەزیرانەوە ، سەرەخۆشی لە کەسوکاری
شەهیدەکان کرد و هیوای چاکبوونەوەی خێرای بۆ بریندارەکان خواست. سەرۆک وەزیران،
ئاماژەی بەوەشدا کە لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی، لە پەیوەندی بەردەوامدان بۆ فراوانکردنی
دەرفەتەکانی هاریکاری و هەماهەنگیی بۆ پڕکردنەوەی بۆشایی ئەمنی لە ناوچە کوردستانییە
دابڕێنراوەکان و دابینکردنی پێداویستییەکانی پێشمەرگە، بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانی
داعش. سەرۆک وەزیران دووپاتیکردەوە، کە هەرچی پێمان بکرێت دەیکەین، بۆ پشتیوانیکردنی
پێشمەرگە و پاراستنی خەڵکی خۆڕاگری ئەو ناوچە کوردستانییانەی ڕووبەڕووی هێرشە تیرۆریستییەکانی
داعش بوونەتەوە کە ئەم هێرشانە، بە شێکن لە سیاسەتی بەردەوامی گۆڕینی دێموگرافی ئەو
ناوچانە و ناچارکردنی دانیشتووانەکانیان بۆ ئەوەی شوێنەکانیان چۆل بکەن.
لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکەدا، ڕەشنووسی پڕۆژە یاسای ( پەروەردە و
فێرکاری لە هەرێمی کوردستان ) لە لایەن ئالان حەمە سەعید وەزیری پەروەردە خرایە ڕوو،
دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە، ئەنجومەنی وەزیران، بە کۆی دەنگ پڕۆژە یاساکەی پەسەند
کرد، بە ئامانجی ڕێکخستنی هەموو بوارە پەروەردەیی و فێرکارییەکان لە سەر بنەمای سەردەمیانە
و برەودانی زیاتر بە پرۆسەی خوێندن لە پێناو دانانی بناخەی سیستەمێکی پەروەردەیی
نوێی کوردستانی. پڕۆژە یاساکە، فراوان وگشتگیرە و کۆی پرۆسەی پەروەردە و فێرکاری،
لە کەرتی حکومی و تایبەت لەخۆ دەگرێت.
پاشان کەمال محەمەدساڵح وەزیری کارەبا،
پڕۆژە یاسای ( هەمواری یەکەمی یاسای وەزارەتی کارەبا ژمارە 6ی ساڵی 2021 ) خستەڕوو،
کە ئامانج لێی، باشتر ڕێکخستنەوەی هەیکەلیەتی
وەزارەتە. پڕۆژە یاساکە، لە لایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە پەسەند کرا و بڕیاردرا بە
ناردنی هەردوو پڕۆژە یاساکە، بۆ پەرلەمانی کوردستان.
ئینجا بێگەرد تاڵەبانی وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، ڕاپۆرتێکی
دەربارەی بابەتی وشکەساڵی و مەترسییەکانی بۆ سەر بەرهەمە کشتوکاڵییەکان لە هەرێمی
کوردستان خستەڕوو، کە سەرئەنجام کاریگەری لە سەر بەرزبوونەوەی نرخی پەیینی کیمیایی
و ماددە قڕکەرەکان و کاریگەری بۆ سەر داچاندنی بەرهەمی دانەوێڵەی گەنم و جۆ و دۆخی
ئاژەڵداران و کێڵگەکانی پەلەوەری و سامانی ماسی و بەرزبوونەوەی نرخی ئالیک دەبێت.
لە ڕاپۆرتەکەدا، ئاماژە بە گرنگیدان بە سەرچاوە ئاوییەکان و بەنداوەکان و پڕۆژە ئاودێرییەکان و گلدانەوەی
ئاوی پێویست و پاراستنی ڕێژەی بەکارهێنانی ئاو کرا، لە ڕێگەی هوشیارکردنەوەی هاووڵاتییان
و هەروەها چەندین پێشنیاری ئاسانکاریی بۆ جووتیاران وئاژەڵدارانی هەرێم خستەڕوو، ئەنجومەنی وەزیران، وەزیرە پەیوەندیدارەکانی بەو
ئاسانکارییانە ڕاسپارد، کە کاریان لەسەر بکەن و لە چوارچێوەی یاسا بەرکارەکان،
هاوکاریان بن.
پاشان حەمەی حەمە سەعید وەزیری ڕۆشنبیریی و جووتیار عادل سەرۆکی فەرمانگەی
میدیا و زانیاری، چەندین سەرنج و تێبینی و پێشنیار و ڕاسپاردەیان بۆ ڕێکخستنی مامەڵەی
میدیا و سۆشیال میدیا، لە گەڵ دۆخی ئێستای بەرەکانی جەنگ دژ بە تیرۆریستانی داعش
خستەڕوو ، کە پێویستە وەک ڕاگەیاندنی بەرپرس، ڕۆڵی خۆیان ببینن لە پاراستنی ئاسایشی
نیشتیمانی و سەلامەتی و ژیانی پێشمەرگە قارەمانەکان، بە پێچەوانەوە کاریگەریی نەرێنی
دەبێت لەسەر پلانەکانی ڕووبەڕووبونەوەی تیرۆریستان و سەنگەرەکانی بەرگری.