له سلێمانی ھه‌وڵێكی بردنه ده‌ره‌وه‌ی ئاردی بایه‌عی پوچه‌ڵكرایه‌وه
11:07 - 08/12/2021
"زه‌مه‌ن"
هێزه‌كانی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی
ده‌ستی به‌سه‌ر دوو بارهه‌ڵگر ئاردی بایعیدا گرت كه بڕی زیاتر له (42)تۆن بووه
و خاوه‌نه‌كانیان به‌نیازبوون بیبه‌نه ده‌ره‌وه‌ی سلێمانی.
له‌كاتێكدا به‌بڕیاری قائیمقامی
سلێمانی له پێناو رێگریكردن له به‌رزبونه‌وه‌ی نرخی ئارد و نان و سه‌موون بردنه‌ده‌ره‌وه‌ی
ئاردی بایعی بۆ ده‌ره‌وه‌ی پارێزگای سلێمانی به هه‌موو شێوه‌یه‌ك قه‌ده‌غه كراوه،
به‌پێی دوو نوسراوی به‌شی ئابووری به‌رێوبه‌رایه‌تی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی كه
ئاراسته‌ی قائیمقامیه‌تی سلێمانی كراوه، له‌م هه‌فته‌یه‌دا بارهه‌ڵگرێك بڕی
(25)تۆن ئاردی بایعی باركردووه و به‌نیازبووه به‌ناوی باری مۆزه‌وه بیباته ده‌ره‌وه‌ی
سلێمانی، به‌ڵام له بازگه‌ی تاسڵوجه ده‌ستی به‌سه‌ردا گیراوه.
به‌پێی نوسراوی دووه‌می ئاسایشی
سلێمانی هه‌ر له‌م هه‌فته‌یه‌دا بارهه‌ڵگرێك كه (17)تۆن ئاردی بایعی باركردبوو به‌نیازبوو
بیباته ده‌ره‌وه‌ی سلێمانی، له ناوچه‌یه‌كی نزیك بازگه‌ی كه‌ڵه‌وانان ده‌ستی به‌سه‌ردا
گیراوه.
له باره‌ی ئه‌و رێكارانه‌ی ده‌گیرێته
به‌ر، سه‌ردار ساڵح، ئه‌ندامی لیژنه‌ی باڵای لیژنه
هاوبه‌شه‌كانی قائیمقامیه‌تی سلێمانی رایگه‌یاند: به‌پێی رێكاره‌كان و به چاودێری
لیژنه‌ی نانه‌واخانه‌كان ئه‌و بڕه ئارده‌ی ده‌ستی به‌سه‌ردا گیراوه به‌شێوه‌یه‌كی
ئاشكرا له بازاڕدا ده‌فرۆشرێت و پاره‌كه‌ی ده‌گه‌ڕێنرێته‌وه بۆ خاوه‌نه‌كه‌ی، له‌هه‌مان
كاتدا رێكاری یاسایی له‌گه‌ڵ خاوه‌نه‌كه‌ی ده‌گیرێته به‌رو به بڕێك پاره‌ش سزا
ده‌درێت.
وتیشی: به بڕیاری قائیمقامی
سلێمانی رێگه نادرێت به‌هیچ جۆرێك ئاردی بایعی ببرێته ده‌ره‌وه‌ی پارێزگای
سلێمانی ئه‌وه‌ش له پێناو رێگریكردنه له به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی ئارد كه به‌هۆیه‌وه
نرخی نان و سه‌موون به‌رزده‌بێته‌وه.