244 کوردستان

ناوەرۆکی کۆبونەوەی سه‌رۆكی دادگا و سەرۆک و ئەندامانی دادگاکانی تاوانەکانی سلێمانی

06:52 - 07/12/2021

زه‌مه‌ن_سلێمانی


بەمەبەستی باشترکردنی شێوازی کارکردنی دادگاکان و هەوڵدان بۆ زیاتر خزمەتکردنی هاووڵاتیان، سەرۆکی دادگا لەگەڵ سەرۆک و ئەندامانی دادگاکانی تاوانەکانی سلێمانی کۆبووەوە.



ئەمڕۆ سێ شەممە ٢٠٢١/١٢/٧ دادوەر جاسم جه‌زا جافر هەورامی سەرۆکی دادگای تێهەڵچونەوەی ناوچەی سلێمانی لەگەڵ سەرۆک و ئەندامانی هەرسێ دادگای تاوانەکانی سلێمانی کۆبووەوە.

لەکۆبوەنەوەكەدا کە جێگرانی سەرۆکی دادگا و دادوەری دادگای لێکۆڵینەوەی نەهێشتنی توندوتیژی خێزانی ئامادەیبوون، باس لە هۆکارەکانی زوو نەناردنی داواکان لە دادگاکانی لێکۆڵینەوە و درەنگ یەکلابوونەوەیان لە دادگاکانی تاوانەکان کرا.

به‌پێی راگه‌یه‌نراوی كۆبوونه‌وه‌كه‌، سەرۆکی دادگا ڕایگەیاند کە بەپێی یاسا دادگای تاوانەکان سەرپەرشتیاری دادگاکانی لێکۆڵینەوە و بنکەکانی پۆلیسن و پێویستە ڕۆڵیان هەبێت لە سەرپەرشتی و بەدواداچونی داواکان لە دادگاکانی لێکۆڵێنەوە و پێویستە کۆبوونەوە و پەیوەندی بەردەوامیان هەبێت لەگەڵ دادوەرانی دادگاکانی لێکۆڵینەوە و ستافەکانیان بەمەبەستی باشتر ڕاپەڕاندنی کارەکان و بەدواداچوون بکەن بۆ دڵنیابوونەوە لە جێبەجێکردنی بڕیارەکانیان لەلایەن پۆلیس و لایەنەکانی پەیوەندیدارەوە.
سەرۆکی دادگا جەختیکردەوە لە پێویستی خێرا یەکلاییکردنەوەی ئەو داوایانەی کە ڕاگیراویان تێدایە، چونکە مانەوەی ڕاگیراو زیان بە خودی کەسەکە و خێزان و دەوروبەرەکەشی دەگەیەنێت.

سەبارەت بە کێشە خێزانییەکانیش سەرۆکی دادگا ڕایگەیاند کە پێویستە بەدواداچوون بکرێت بۆ هۆکاری درەنگ گەیشتنی پەڕاوەکانی لێکۆڵینەوە بە دادوەری تایبەتمەند و داوایکرد ئەو جۆرە داوایانە بە یەک تەوەر و یەك رێڕەو چارەسەربکرێت و هەوڵ بدرێت بۆ کەمترکردنەوەی کێشە خێزانییەکان بۆ نزمترین ئاست.

سەبارەت بە پێڕاگەیاندنی دادوەری (تبلیغات القضائیة) کە بەیەکێک لە هۆکارەکانی درەنگ یەکلابوونەوەی داواکان دانرا، بەڕێز سەرۆکی دادگا ڕایگەیاند پێویستە دادوەرانی دادگانی تاوانەکان ئاگاداری دادگاكانی لێکۆڵینەوە بکەن کە بە وردی و بەشێوەیەکی ڕوونتر ناونیشانی لایەنەکانی داوا وەربگرن، بۆ ئەوەی هەر کاتێک پێویست بێت بتوانرێت بە ئاسانی ئاگاداربکرێنەوە.

لە کۆتاییدا باس لە کێشەی کەمی لێکۆڵەری دادوەری و فەرمانبەر لە قەڵەمی دادگاکان کرا کە هۆکاری سەرەکین بۆ خاو بەڕێوەچوونی ئیشوکاری هاووڵاتیان و درەنگ یەکلابوونەوەی داواکان لە دادگاکاندا.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن