397 کوردستان

ئەردۆغان: توركیا یەک گەل، یەک ئاڵا، یەک نیشتیمان و یەک دەوڵەتە

10:23 - 06/12/2021

"زەمەن"


رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆكی كۆماری توركیا لە شاری سێرتی باكوری كوردستان رایگەیاند: توركیا، یەک گەل، یەک ئاڵا، یەک نیشتیمان و یەک دەوڵەتە.

ئەردۆغان، گرتەی ڤیدیۆیی ئەو سەردانەی بڵاوکردەوە کە دوێنێ بۆ شاری سێرت ئەنجامیدابوو، لە میانەی وتەکانیشیدا دەڵێت: تورکیا "یەک گەل، یەک ئاڵا، یەک نیشتیمان و یەک دەوڵەتە".

وتیشی: "ئێمە هەموو ئەم سیناریۆیانە تێکدەشکێنین. هیچ هەلێک نادەینە ئەو کەسانەی کە دەیانەوێت ئەو ئاستەی تورکیا لە رووی دیموکراسی، ماف، ئازادی و گەشەپێدانی ئابوورییەوە پێیگەیشتووە، لەناوببەن و دووبارە ئێمە بخەنە ناو گێژاوی ململانێی ناوخۆیی".

بەوتەی ئەردۆغان، هەوڵدراوە ئەو پیلانانەی ئێستا لە سوریا، عێراق، لیبیا و سوودان ئەنجامدراون لە تورکیاش تاقیبکرێنەوە، بەڵام "بە پشتیوانی خوا و جوامێری گەلەکەمان توانیمان سەربەرزانە لە هەموو ئەو پیلانانە پوچەڵ بکەینەوە. لە ئێستاشدا لە بواری ئابووریدا هەمان خەبات دەکەین".

ناوبراو، باسی لەوەش کردووە کە ئاگاداری ئەو گەمانەن کە بۆ پارچەپارچەکردنی یەکێتی گەل و حکوومەتی تورکیا خراونەتەگەڕ.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن