وەزیری پێشمەرگە: هاوخەمتانین و دڵنیابن تۆڵەی خوێنی ئەو قارەمانانە دەکەینەوە
10:05 - 05/12/2021
"زەمەن"
لەمیانی بەشداریکردنی لە پرسەی شەهیدانی پێشمەرگەو هاوڵاتیانی بێ تاوان، لە پەلامارەکەی داعش لە رۆژی ۳ی ئەم مانگە و شەهیدبوونی ۱۳ پێشمەرگە و هاوڵاتی، وەزیری پێشمەرگە، لەنزیکەوە چاوی بە دایکه (بەیان) کەوت، کە لەیەک کاتدا سێ كوڕی شەهیدبوون و سەنگەرەكانی پێشمەرگەشی بەسەركردەوە.
ئەمڕۆ ٥ی ١٢ی ۲۰۲۱، شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگەی حکومەتی هەرێم، بەشداری پرسە و هاوخەمی شەهیدانی پێشمەرگە و هاوڵاتیانی کرد.
پاشان بەشـێوەیەکی مەیدانی سەنگەر و بارەگاکانی هێزی پێشمەرگەی لەمیحوەری مەخمور، سنوری لیواکانی ۱٤ و ۱٨ ی پیادەی وەزارەتی پێشمەرگەی لە زنجیرە چیای قەرەچووغ بەسەر کردەوە.
لەمیانی ئەو بەسەرکردنەوەیەدا، کە هەریەک لە لیوا قارەمان شێخ کەمال و لیوا روکن هۆشمەند حەیدەر، جێگرانی سەرۆکی ئەرکان بۆ ئۆپەراسیۆنەکان ـ ئیدارەو میرە، یاوەری بوون.
بەپێی راگەیەندراوی وەزارەتی پێشمەرگە، وەزیری پێشمەرگه لەنزیکەوە هاوخەمی و سەرەخۆشی وەزارەتی گەیاندە كەسوكاری ئەو پۆلە شەهیدو قارەمانەی بەدەستی تیرۆریستانی داعش شەهیدکران، بۆ ئەمەش وتی: لەناخەوە ئەو هەواڵە ئازاری داین، بەڵام ئێوەو خەڵکی کوردستان دڵنیادەکەینەوە، تیرۆریستان ناتوانن بەو چالاکییە نەگریس و وەحشیگەرانەیان خەڵک و هێزی پێشمەرگە بترسێنن، بەڵکو ئەوە زیاتر هانمان دەدات بۆ خەباتی بەردەواممان لەپێناو لەناوبردن و تێکشکاندنی تەواوەتی تیرۆریستانی داعش لەناوچەکەدا.
وەزیری پێشمەرگە لەمیانی بەشداری پرسەی ئەو پێشمەرگه و هاوڵاتیە بێگوناحانەدا، چاوی کەوت بە دایکە (بەیان) ئەو دایکەی، کە لەبەرگریەکی قارەمانانەدا، سێ رۆڵەی قارەمانی لەدەستدا. تیایدا وەزیری پێشمەرگە رایگەیاند: بەبینینت هەست بە ئازارێکی قووڵ دەکەم، بەڵێنت پێدەدەین، رێگە نادەین خوێنی رۆڵە ئازاکانت بەفیرۆ بڕوات و بەزوویی تۆڵەی خوێنی ئەو شەهیدانە و تەواوی شەهیدانی چەند رۆژی رابردوو دەکەینەوە.
لەدوای بەشداریکردنی لە پرسەی تەواوی شەهیدانی چەند رۆژی رابردوو، وەزیری پێشمەرگه، لە سەردانێکی مەیدانیدا میحوەری مەخمور، سنوری هەردوو لیواکانی ١٤ و ١٨ پیادەی لەبەرزاییەکانی قەرەچووغ بەسەرکردەوە.
لەوێستگەی یەکەمی سەردانەکەیدا، وەزیری پێشمەرگە لە سنوری لیوای ۱٨ی پیادە، بارەگا و سەنگەرەکانی بەرگری ئەو لیوایەی بەسەرکردەوە، لەلایەن عەمید زریان ئیسماعیل خەلیفە، فەرماندەی لیوای ۱٨ی پیادە، رونکردنەوەی پێویستی لەسەر ئەرک و مەهامی لیواکە و سنووری ئەرک و ساز و ئامادەیان بۆ پاراستنی ناوچەکە خستەڕوو، هەروەک کەموکوڕی و پێویستیەکانی لیواکەی خستە بەر دیدی وەزیری پێشمەرگەو وەفدی یاوەری.
وەزیری پێشمەرگە، رایسپاردن سەنگەرەکان پتەوتر و سازتر بکەنەوەو هەمیشە ئامادە و گیان لەسەر دەستبن بۆ راوەدوونانی تیرۆریستان. وتیشی: هەوڵەکانی وەزارەتی پێشمەرگە چڕکراوەتەوەو کەم و کوڕی و پێداویستیەکانتان پڕدەکەینەوە.
لەوێستگەی دووەمی سەردانەکەیەدا بۆ لیوای ۱٤ی پیادە، وەزیری پێشمەرگە لەگەڵ عەمید روکن علمی مزووری، فەرماندەی لیوای ۱٤ی پیادە و ئەفسەرانی باڵای لیواکە کۆبۆوە.
لەکۆبوونەوەکەدا، بەوردی تاوتوێی ئەو میکانیزم و پلانانە کرا، کە ببێتە رێگر لە دووبارەبوونەوەی ئەو رووداوانەو رووداوی هاوشێوەی تر.
هاوکات وەزیری پێشمەرگه فەرمانی کرد، باشتر و چاکتر لەجاران ئەرکی خۆیان بەجێ بگەیەنن، وەک هەمیشە چاوکراوەترو ئازایانەتر تیرۆریستان راوبنێن و تێکیانبشکێنن.
فەرماندەی لیوای ۱٤ی پیادە و ئەفسەرانی لیواکە، راپۆرتێکی وردیان لەسەر ئەرک و واجباتی لیواکە و رۆڵبینیان لەو سنوورە، هاوکات لەلایەن وەزیری پێشمەرگەوە، ستایشی ئەرک و فەرمانیانکرا و داوای لێکردن، کە بەم روحییەتی نەبەردی و قارەمانیەوە، زیاتر پابەندی دیسپلینە سەربازییەکان و فەرمانەکانی سەرووی خۆیان بن.
جەختیشیکردەوە لەوەی بەپلان و تەکنیکی نوێی ورد روبەڕووی تیرۆریستان ببنەوەو رێگه نەدەن، جارێکی تر، بوێری ئەوەیان هەبێت، نزیکی سەنگەرەکانی پێشمەرگە و خەڵکی بێ تاوانی ئەو ناوچەیە ببنەوە.