766 کوردستان

وردەكاری روداوەکەى شەوى رابردووى سلێمانى کە نەقیب محەمەد تیایدا کوژرا

02:05 - 05/12/2021

زەمەن- پشتیوان جەمال

شەوی رابردوو لە ڕووداوێكی چاوەڕواننەكراودا بۆ بەڕێوەبەرایەتی توندوتیژی دژی ژنان لەسلێمانی، كاتێك مەفرەزەیەكیان رۆیشتوون بۆ دەستگیركردنی داواكراوێك، سەرەنجام لەلایەن كەسێكی نزیكی داواكراوەكەوە دەستڕێژی گولـلە لەو مەفرەزەیە كراوە و بەهۆیەوە نەقیب محەمەد لەتیف، گیانی لەدەستداوە و چوار پۆلیسی دیكەش برینداربوون.


ئەم رووداوە لەناحیەی تانجەرۆ لەنزیك شاری سلێمانی روویداوە، ئەمڕۆش كوردە عومەر، بەڕێوەبەری گشتی بەڕێوەبەرایەتی توندوتیژی دژی ژنان و عەمید سەركەوت عومەر، بەڕێوەبەری توندوتیژی دژی ژنان لە سلێمانی وردەكاری رووداوەكەیان خستەڕوو.

كوردە عومەر رایگەیاند "ئەم ئەفسەرەمان بۆ پارێزگاریكردن لە ئاسایشی كۆمەڵایەتی شەهید بووە، چوار كەسی دیكەش برینداربوون كە دوویان برینیان قورسە و دووانی دیكەش برینەكانیان سووكە، داواشمان كردووە بەزوترین كات ئەو تۆمەتبارە دەستگیر بكرێت و بەسزای خۆی بگات".

ناوبراو روونیكردەوە، پێشتر ژنێك سكاڵای لەدژی مێردەكەی تۆماركردووە و دواتر فەرمانی بانگكردن بۆ مێردەكەی دەرچووە، بەڵام پیاوەكە نەهاتۆتە بەردەم دادگا، پاشان فەرمانی گرتنی بۆ دەرچووە و هەر نەچووە.

كوردە عومەر وتی "دواتریش سكاڵاكار هەر سكاڵای لەتوندوتیژی ژنان كردووە و وتویەتی ئێوە كەمتەرخەمن و ئەو كەسە هەڕەشەم لێدەكات، بۆیە شەوی رابردوو مەفرەزەكە چوونەتە سەر ماڵەكە، بەڵام ئەو رووداوەی لێكەوتۆتەوە، ئەو كەسەی   تەقەی كردووە فیشەكێك بەر تانكی بەنزینی ئوتومبیلی مەفرەزەكە كەوتووە و ئوتومبیلەكە سووتاوە، راستە یەك كەس تەقەی كردووە، بەڵام چەندێك كەس بوون".

هەروەها عەمید سەركەوت عومەر، بەڕێوەبەری توندوتیژی دژی ژنان لە سلێمانی رایگەیاند، شەوی رابردوو نەقیب محەمەد، ئێشكگر بووە و ئەو فەرمانی گرتنە هەبووە و چوون بۆ دەستگیركردنی تۆمەتبارەكە، هەروەها وتی "پێمان دەوترێت بۆچی ئەم تۆمەتبارە وایكردووە و ستافی ئێمە هیچیان نەكردوە؟، راستی شێوازی ئیشی ئێمە وەك كەسێكی ئاشتیخواز ئەو فەرمانانە جێبەجێ دەكەین، نەك بەشێوەیەكی توندوتیژی، بۆیە ستافەكان چەك دەرناهێنن، چونكە رەنگە مامەڵەی ستافمان كاریگەری لەسەر ئاشتەوایی خێزانەكان هەبێت".

سەبارەت بەوەی تا چەند هەماهەنگییان لەگەڵ دەزگا ئەمنییەكان هەیە بۆ دەستگیركردنی داواكراوێك، عەمید سەركەوت وتی "پەیوەندی باشمان لەگەڵ دەزگا ئەمنییەكان هەیە، بەڵام ئەم داواكراوەی بەتۆمەتێكی قورس داوا نەكراوە، بەڵكو ماددەی 7ی خێزانی هەبووە و مەفرەزەكە مەبەستی بووە بەشێوەیەكی ئاشتییانە داواكراو بهێنن، بەڵام داواكراوی سەرەكی هەڵهاتووە و كەسێكی پلەی یەكی داواكراوەكە لە بۆسەدابووە و ئەم رووداوی خولقاندووە".

بەڕێوەبەرایەتی توندوتیژی دژی ژنان یەكەم "شەهید"ی داوە، بەڵام عەمید سەركەوت دڵنیا نییە لەپاراستنی سەلامەتی كارمەندانیان و وتی "هیچ گەرەنتییەك نییە بۆ دووبارە نەبوونەوەی ئەم حاڵەتە، ئەمڕۆش پەیاممان ئاڕاستەی لایەنی سەرەوە كردووە بەزووترین كات پێداویستیمان بۆ جێبەجێ بكەن، بەپێچەوانەوە ناتوانین لەكاركردن بەردەوام بین".

نەقیب محەمەد لەتیف، خاوەنی كچێكی بچووكە و دەوترێت خێزانەكەشی دووگیانە، سەبارەت، دەربارەی هەڵوێستی خانەوادەكەیان، عەمید سەركەوت وتی "خانەوادەی شەهید نەقیب محەمەد دڵیان گەرمە وەك هەر كەسێك كە ئازیزترین كەسیان لەدەستداوە، گەنجێكە و لەسەرەتای تەمەنی بووە".

بەپێی ئامارەكانی بەڕێوبەرایەتی توندوتیژی دژی ژنان، ساڵانە سكاڵاكان و حاڵەتەكانی توندوتیژی زیاد دەكەن، لەو رووەوە كوردە عومەر ئاماژەی بەوەكرد، كە پێشتر ئەم بەڕێوەبەرایەتییە بۆ بەدواداچوون بووە، بەڵام ئێستا قەبارەی سكاڵاكان بەقەد بەڕێوەبەرایەتییەكان نییە و زۆر زیاترن، لەبەرامبەریشدا كەمی ستاف و چەك و كارمەندیان هەیە.

ناوبراو وتی "كاركردن بەم ستافە كەم و نەبوونی پێداویستی  زۆر ئەستەمە، ئاسایشی كۆمەڵایەتی لەژێر هەڕەشەدایە ئەوەش بەهۆی بوونی چەكی زۆر و سیمكارتی علوج، بەجۆرێك تەنها لە 10 مانگی رابردوودا 2 هەزار و 400 سكاڵا زیادیان كردووە".

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن