594 کوردستان

وەزارەتى خوێندنى باڵا سەرۆکى زانکۆکانى سنورى سلێمانى دەگۆڕێت

10:49 - 05/12/2021

زەمەن_هەرێمى کوردستان

وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە چوارچێوەى ڕێنماییەکاندا پۆستى (٤) سەرۆک زانکۆ و (سەرۆکی دەستەی کوردستانی بۆ خوێندنى ستراتیژی و توێژینەوەی زانستی) ڕادەگەیەنێت.


ئەو پۆستانەی كە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕایگەیاندوون بریتین لە،"سەرۆکى زانکۆی سلێمانى، سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی، سەرۆکی زانکۆی ڕاپەڕین، سەرۆکی زانکۆی چەرمو، سەرۆکی دەستەی کوردستانی بۆ خوێندنى ستراتیژی و توێژینەوەی زانستی".

وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى هەرێم دەڵێت،"هەر کەسێک ئارەزوى هەیە و مەرجەکانى تێدایە، دەتوانێت لە ماوەى دیاریکراودا (C.V) و داواکارییەکەى پێشکەش بکات، تا ناوى لە لیستى پێشکەشکاراندا تۆمار بکرێت".

مەرجەکان بۆ پۆستی سەرۆکی زانکۆ:

- هەڵگرى بڕوانامەى دکتۆرا بێت .
- نازناوی زانستى لە پرۆفیسۆرى یاریدەدەر کەمتر نەبێت.
- خزمەتى لە (10) ساڵ کەمتر نەبێت.

مەرجەکان بۆ سەرۆکی دەستی کوردستانی بۆ خوێندنى ستراتیژی و توێژینەوەی زنستی:

- هەڵگری بڕوانامەی دکتۆرا بێت لەیەکێک لەبوارەکانی زانستی.
- نازناوی زانستی لە پرۆفیسۆر کەمتر نەبێت.

وەزارەتی خوێندنی باڵا ڕاشیگەیاندووە،"ئەو بەڕێزەى داواکاری پێشکەشدەکات باشترە دید و بۆچون و بەرنامەى کاری خۆى پێشکەش بکات بەمەبەستى بەرەو پێش بردنى زانکۆکەی بۆ ئەو چوار ساڵەى کە لە پۆستەکەى بەردەوام دەبێت، هەروەها زانینی زمانى ئینگلیزى و شارەزایی لە بەکارهێنانى تەکنۆلۆجیای بواری خوێندن و فێرکردن و کارایی بڵاوکردنەوەی توێژینەوەی زانستی هەلى زیاتر بۆ پێشکەشکار دەڕەخسێنیت".

هەروەها هاتووە،" دواین کات بۆ پێشکەشکردنى (C.V) و پوختەى ڕاژە، تاکو کۆتایی دەوامى فەرمى ڕێکەوتى (2021/12/12) ڕۆژى (یەکشەمە) دەبێت".

بەپێی راگەیەندراوەكە،"هەر بەڕێزێک ئارەزوى هەیە و مەرجەکانی پێشکەشکردنی هەیە، دەتوانی (C.V) و پوختەى ڕاژەو لیستی هەمو توێژینەوە بڵاوکراوەکان لە گۆڤاری زانستی مەحکەم ڕاستەوخۆ بۆ بەڕێوەبەرایەتى بەدواداچونى پۆستەکان لە دیوانى وەزارەت لە ڕێگەى ئەم ئیمێڵە ([email protected]) بنێرێت".

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن