576 کوردستان

پارێزگارى هەولێر لەبارەى شەڕەکەى دوێنێ رونکردنەو دەدات

09:53 - 05/12/2021

زەمەن_هەولێر


پارێزگاری هەولێر رەتیدەکاتەوە لە شەڕ و ئاژاوەی دوای یاریی نێوان هەردوو یانەی هەولێر و شورتە، هیچ کەسێک کوژرابێت و دەڵێت " بابەتەکە هیچ پەیوەندییەکی بە ئاڵای عێراق و سیاسەتەوە نییەوە."


ئۆمێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر ئەمڕۆ یەکشەممە، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، هیچ کەسێک لە شەڕی نێوان هاندەرانی یانەی هەولێر و شورتە، نەکوژراوە، سوکایەتی بە کەس نەکراوە و دوور و نزیک دەست بۆ ئاڵای عێراق و کوردستان نەبراوە.

وتیشى، "خۆمان لە یاریگە ئامادەبووین، بەشێکی هاندەرانی شورتە چەند کورسییەکی نێو یاریگەیان شکاند، ئەمەی کە روویداوە لە وڵاتە پێشکەوتووەکانی جیهانیش هەیە و شتێکی چاوەڕوانکراوە لە تۆپی پێدا، ئەوەی کە روویداوە هیچ پەیوەندییەکی بە سیاسەت، هەولێر و ئاڵاوە نییە، کارگێڕیی یانەی هەولێر تاوەکو بەڕێکردنیان لە فرۆکەخانە لەگەڵ دەستەی هاندەران و یانەی شورتە بوون و بەڕێزەوە بەڕێکراون و ئەوەی کە روویداوە تەنیا رووداوێک بووە لەنێو هاندەران."

ئومێد خۆشناو ئاماژەى بەوەشکرد، "بابەتەکە زۆر بەلارێدابراوە و هەندێک کەناڵ وایان بڵاویانکردووەتەوە کە کوژراو لە شەڕەکەدا هەبووە، بەڵام ئەمە رەتدەکەینەوە، رەنگە هەندێک کەس شتێکیان بەرکەوتبێت، یانیش زیانیان پێگەیشتبێت، بەڵام ئەمە تەنیا لە یانەی شورتەوە نەبووە، بەڵکو لە هەردوولاوە بووە."

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن