508 کوردستان

خوێندكارانی زانكۆی سلێمانی: دەست بە خۆپیشاندان دەكەینەوە

07:14 - 04/12/2021

"زەمەن"

نوێنەری خوێندكارانی زانكۆی سلێمانی رایدەگەیەنن، رایدەگەیەنن جارێكی دیكە دەستدەكەینەوە بە خۆپیشاندان بەڵام بەشێوازێكی مەدەنیانە.

دەقی راگەیەندراوەكە:
سڵاوی خوای گەورەتان لێ بێت


خوێندکارانی ماندوونەناس هیوای سەلامەتی و باشی بۆ یەک بە یەکتان دەخوازم و لای خۆمانەوە سوپاسی هەڵوێستی بەرزتان دەکەین، دەمانەوێ بەکورتی ئاماژە بە ڕووداوێکی درێژ بکەین، ئەویش گێڕانەوەی ئومێد بوو لە لایەن ئێوەوە بۆ گەلێکی بێ ئومێد، ئەو ناڕەزایەتیانەی ڕابردوو لە داواکردنی مافەکانمان گەورەتر بوو، دەنگدانەوەی زیاتر بوو، قورسایی و پێگەی زیاتر بوو، چونکە کۆی گشتی هاونیشتیمانیەکانمان بێ ئومێد بوبون و ئەو ناڕەزایەتیەی ئێمە ئومێدی بۆ هەموو چین وتوێژەکان گەڕاندەوە.

دەمانەوێت ئاماژە بە دوو باسی گرنگ بدەین

یەکەم: کۆبونەوەی بەشێک لە خوشک و براکانمان لەگەڵ کەسایەتیە حیزبیەکان.
دووهەم: بەردەوامیدان بە خۆپیشاندانەکان

وەک دەزانن جا بەشێوەی بیستن یان بینین یان پێ وتن،هەفتەی ڕابردوو کۆبونەوەیەک کرا بە بەشداری کەسایەتیەکی حیزبی و چەند خوێندکارێک، وەک پێشتر ئاماژەمان پێدابوو کە ئێمە نوێنەر نین و هەمووان نوێنەری هەموومانین، وەک بەشێک لەوانەی کە دەرفەتی قسەکردنمان زیاتربوو ئاگاداری ئەو کۆبونەوەیە بوین و پێمان باش نەبوو بەشدار بین، بەچەند هۆکارێک
۱- داوای ئێمە لە حکومەتە نەک حیزب
۲- داوامانکرد ئەو کەسە حیزبیە بچێت و لەگەڵ زیندانیکراوەکاندا کۆببێتەوە.

بازۆر درێژەی پێنەدەین وەک پێشتر ئاماژەمان پێدا داوای ئێمە دیاریکراوەو خۆپیشاندانەکانمان ئاڕاستەکراوی هیچ هێزو لایەنێک نیە، وە سوپاسی هەر هێز و لایەنێکیش دەکەین کە بەفیعلی کاری باش لەسودی خوێندکاران بکات، دیارە لەو چوارچێوەیەشدا  حیزبێک چەند کارێکی باشی بۆ خوێندکاران کردووە، ئێمە سەرەڕای سوپاسکردنیان بەڵام ڕایدەگەیەنین کە هیچ هەنگاوێکی فەرمی بۆ جێ بەجێکردنی داوا سەرەکیەکانی ئێمە نەنراوە
داوای سەرەکی ئێمەی فێرخواز بریتیە لە:

۱- گێڕانەوەی دەرماڵە
۲- کەمکردنەوەی کرێی خوێندنی پارالێل
۳- نەهێشتنی کرێی داخلیەکان
٤- گێڕانەوەی شکۆ بۆ فێرخواز ئەوەش بە سزادانی ئەو کەسانەی کە ئازاری قوتابیانیان دا.
٥- گێڕانەوەی شکۆ بۆ زانکۆو پەیمانگاکان و ڕیفۆرمی ڕیشەی لە خوێندنی باڵادا، ئەوەش بە بڕینی دەستی حیزب لە ناوەندەکانی خوێندندا.
دیارە داواکانمان جێ بەجێ نەکراون و داخوازین بەزووی جێ بەجێ بکرێن.

۲- بەردەوامیدان بە خۆپیشاندانەکان

بۆ ئەو مەبەستە بەپێویستی دەزانین کە ڕای بگەیەنین جارێکی دیکە دەست دەکەینەوە بە خۆپیشاندان بەڵام بە شێوازێکی جیاواز وە بەسود وەرگرتن لە ئەزمونی ڕابردوومان.
دیارە و ڕۆشنە کە کەسانی تێکدەر چی حیزبی بن یان نێردراوی کەسانی دیکە ویستیان ئاڕاستەی ئێمە بگۆڕن بە خواستی خۆیان، دوای ڕاوێژ بەکەسانی پسپۆڕ و ئەکادیمی له دەرەوەو ناوەوەی هەرێمی کوردستان بڕیارماندا کە ڕۆژی یەک شەمە کاتژمێر هەشت و سی خولەک لەناو زانکۆی سلێمانی بەرانبەر کافتریایی ناوەند دەست بە خۆپیشاندان بکەینەوە بەڕەچاوکردنی ئەم خاڵانە.

۱- وریایی و بە ئاگایی زیاتر لەوەی کە کەسانی تێکدەر ئامانجەکانمان بەلاڕێدا نەبەن.
۲- لەناو زانکۆ بین بۆ ئەوەی پارێزراوبین لە ڕووبە ڕووبونەوەی ئاسایش و پۆلیس و هێزی دیکە!
۳- بۆ ماوەی چوار ڕۆژ بەردەوام دەبین و لە ئەخیر ڕۆژدا پەیامی کۆتایی دەخوێنینەوە و ماوەیەکی دیاریکراو بە حکومەت دەدەین بۆ چارەسەرکردنی داواکانمان،ئەگەر چارەسەرنەکرا بەشێوازی جیاواز دەستپێدەکەینەوە.
٤- نزیکەی هەزاران پۆستەر و دروشم لەسەر ئەرکی چەند خوێندکارێک ئامادە کراوە و پەیامەکان بەڕونی دەگەیەنین.
٥- نوسینێک دەنوسین و بۆجار دووهەم بەزمانە جیاوازەکان دەیگەیەنین بە نوێنەرایەتی و کونسوڵگەرییەکانی وڵاتانی جیهان لە هەرێمی کوردستان.
٦- چەند پێداویستیەکی  گرنگ هەیە ئامادەی دەکەین
وەک قەڵەم و دەمامک ئەوەش وەک نیشاندانی نیەت پاکی خوێندکار و بەخشینی سیمایەکی شارستانی بە خۆپیشاندانەکان.


فێرخوازانی  ئەزیز ئەوە باش بزانن،ئەو دەمەی هاوڕێکانت لەسەر مافی خۆیان و جەنابت بایکۆت دەکەن ناشیرینترین هەڵوێست ئەوەیە کە بەڕێزت بە بیانوی پوچ سەرکز  بکەیت و بچیتە دەرسەکان، ئەمڕۆ ڕۆژی هەلوێستە،هەڵوێستی مەزن باجی دەوێت، زۆر باش بزانن ئەوکەسەی دەچێتە دەرسەوە لای مامۆستایان زۆر بێزراوە.
ئێمە پێمان وایە هەر خوێندکارێک لە ئاست ئەو زوڵمە لاڵ بێت یان بێلایەن بێت بەشێکە لەو زوڵم و ستەمەی کە لە خوێندکاران دەکرێت.


تێبینی/ ئێمە وەک بەشێک لە خوێندکارانی حەق خوراو گفتووگۆمان لەگەڵ بەشێک لەمامۆستایان کردووەو پاڵپشتی ئێمەن،بۆیە بەهیچ جۆرێک نەکەونە داوی قسەی چەوریخۆرەکان کە دەڵێن غیابات وەردەگیرێت یان سزای خوێندکار دەدرێت، مامۆستایانی بە شەرەف دڵنیاییان پێداین کە هیچ کەس سزانادرێت و پێیان وتوین کە داوای ئێوە داوای ئێمەیشەو لەگەڵتان دەبین بەڵام تکایە ڕێگیر بن لە کێشەوئاژاوە.
زانکۆو پەیمانگاکانی دیکەش بەهەمان شێوە بەم شێوەیە درێژە بەخۆپیشاندانەکان دەدەن.

لەکۆتاییدا  بەپێویستی دەزانین کە بلێین ئەم ڕێگایە ڕێگای کۆتایی نیە و لەحاڵەتی بە دەمەوە نەهاتنمان فشارەکانمان گەورەتر دەکەین بۆ گێڕانەوەی مافەکانمان.
خودا و دڵسۆزانی نیشتیمان لەگەڵ ئێمەن، خوایگەورە ئاگاداری هەموومان بێت.

نوێنەری خوێندکارانی زانکۆی سلێمانی

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن