434 کوردستان

وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده ئه‌م كاره‌ بۆ ئه‌و قوتابیه‌ ده‌كات كه‌ له‌ مه‌خمور شه‌هید بوو

06:18 - 04/12/2021

"زه‌مه‌ن"


وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بڕیاریدا سبه‌ینێ له‌سه‌رجه‌م ناوه‌نده‌كانی خوێندن خوله‌كێك بۆ گیانی شه‌هیدان مامۆستایان و قوتابیان به‌پێوه‌بوه‌ستن و قوتابخانه‌یه‌كیش بكات به‌ناوی بـارزان ئیسماعیلی ته‌مه‌ن 10 ساڵ كه‌ له‌ شه‌ڕه‌كه‌ی مه‌خمور كوژرا.

ده‌قی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌:


ڕاگەیەندراوێک لە وەزارەتی پەروەردەوە:
هەموولایەک ئاگادارن کە لە چەند رۆژی رابردوو چەند ناوچەیەکی کوردستان ڕوبەرووی پەلاماری تیرۆریستان بووەوە، رۆحی شەهیدانمان ئاسوودە بێت، ئێمە وەکو وەزارەتی پەروەردە پرسە و سەرەخۆشی لە خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان دەکەین.
لە نێو شەهیدانی ئەمجارەی پەلاماری تیرۆریستان، قوتابییەک بەناوی (بـارزان ئیسماعیل) کە تەمەنی (دە) ساڵ بوو لە پۆلی چوارەمی بنەڕەتی لە (قوتابخانەی خدر جیجە) لەکاتی یارمەتیدانی براکانی بۆ تێکشاندنی دوژمنان و تیرۆریستان شەهید دەبێت، (شەهید بارزان)ـی قوتابی خۆی بووە قوتابخانەیەک بۆ فێربوون و سوود وەرگرتن لە وانەکانی بەرگریی و ئیرادە و خۆشەویستی نیشتیمان.
بۆ رێزگرتن لە رۆحی ئەو پێشمەرگە و هاوڵاتییانەی کە شەهید بوون لە سنووری گەرمیان و قەرەچوغ و شەهیدی قوتابی (بـارزان)
سبەی یەکشەممە رێکەوتی ٥ی١٢ی ٢٠٢١، پێش وانەی یەکەم لە سەرجەم ناوەندەکانی خوێندنی حکومی و ناحکومی خولەکێک رادەوەستین وەک رێزلێنان لەگیانی پاکی شەهیدانمان. و بەرێوەبەرایەتی گشتیی پەروەردەی هەولێریش رادەسپێرین کە یەکێک لە قوتابخانەکانی سنووری پەروەردەی مەخمور بکەن بەناوی قوتابخانەی شەهید( بـارزان ئیسماعیل)
رۆحی شەهیدان شاد بێت و کوردستان پارێزراوبێت.
وەزارەتی پەروەردە
٤ی١٢ی٢٠٢١

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن