659 کوردستان

محه‌مه‌دی حاجی مه‌حمود: چی تر نەخۆتان بخەڵەتێنن و نەپێشمەرگەش بەناحەق به کوشت بدەن!

01:44 - 04/12/2021

زه‌مه‌ن – هه‌رێمی كوردستان

سكرتێری حزبی سۆسیالیستی كوردستان پێیوایه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌ عه‌ره‌به‌كانی ئێستای عێراق به‌نیه‌تی سڕینه‌وه‌ی كوردو له‌ناوبردنی كارده‌كه‌ن و ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رێمیش خۆیان گێل ده‌كه‌ن یان خۆیان له‌راستیه‌كان لاده‌ده‌ن!.
محه‌مه‌دی حاجی مه‌حمود، روو له‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رێم ده‌ڵێ "عەرەب کورد ئەکوژێ و  ئیتر پاسای چی ئەیهێننەوە بۆیه چی تر نەخۆتان بخەڵەتێنن و نەپێشمەرگەش بەناحەق به کوشت بدەن شەهیدو برینداربوونی نزیکەی 30 پێشمەرگە له‌م رۆژانه‌دا گه‌واهی قسه‌كانمانه‌.

ده‌قی بۆچونه‌كه‌ی محه‌مه‌دی حاجی مه‌حمود

 
زۆرم لاسەیره لێره‌و لەوی باسی هاوکاریی سوپای عێراق بۆ پێشمەرگە ئەکەن، لەدوای 16ی ئوکتۆبەرو به دەبابەی ئەمریکی و هێزی چەکداری عێراقی بەشێکی زۆری کوردستانیان داگیرکرد و پێشمەرگە و هاوڵاتیان شەهید کرد، پێشمەرگە لەژێر زنجیرەی دەبابەی ئەمریکی و هێزی چەکداری عێراقی شێلراو شەهید و سەدان خانویان لەدوز خورماتوو تەخت کردو خێزانەکان ئاوارە كرد.

ئه‌وه‌جگه‌ له‌ دەست به‌سەراگرتنی زەوی کشتوکاڵی کورد و دەرکردنیان له سەر خاکی باوباپیرانیان و کوشتنی روژنامەنووس له بەرچاوی ماڵ و مناڵی له داقوق و دەرکردنی گوندەکانی کاکەی له سنوری داقوق. سه‌رباری ئه‌وه‌ی هەرچەند رۆژێک پێش ئێستا هێزی چەکداری عێراقی به چەکی ئەمریکی و بەریتانی و بەئەمری مەسئولینی ئیدارەی کەرکوک له سنوری سەرگەران و دیبگە و دەرکردنیان و دەست به سەر ماڵ و زەویەکانیاندا گیراو دوێنی له کوڵەجۆو کفری و ئەمڕۆش لەسەرگەڕان و مەخمور کورد و پێشمەرگە و هاوڵاتی شەهید ئەکەن و ئەبینم هێشتا له شاشەی تەلەفزیونەکانەوە داوای هاوکاری له چەکداری عێراقی ئەکرێت!.

 ئەمە خۆگێلکردنە یا خۆلادانە لە راستیەکان ئەبیت کورد تێ بگات عەرەب دێت کورد ئەکوژی به‌ ناوی سوپای عێراق یا حەشدی شەعبی و عەسائیب ئەهلی حەق و قاعیدە و بەرەی نەسرە، یا داعش بێت.
 کورت و موختەسەر عەرەب دێت لە ماڵی خۆمان له زەوی خۆمان ئەمان کوژن و ئیتر پاساوی چی  ئەهێننەوە!!.
 بۆیه چی تر نەخۆتان بخەڵەتێنن و نەپێشمەرگە ش بەناحەق به کوشت بدەن! شەهیدبوونی 18 پێشمه‌رگه‌و برینداربونی چه‌ندینی تر كه‌ چه‌ندین ژنی بێهاوسه‌ركردو ده‌یان منداڵی بێباوك كرد، ئەمانە چەندین شوێنەوارێك بۆ ئەو خێزانانە بەجێ ئەهێڵن!.
 ئێمە جارێکی کە داوا ئەکەین سنورێک بۆ ئەو تاوانانە دانێن و کوردیش لەوە زەلیلتر مەکەن له بەردەم عێراق و دوژمنانی کوردا و ئەگەر ئیلتیزامات لەگەڵ عێراق هەیه رێگای ئه‌و ئەرکە به حزبی سوسیالیست بسپێرن بو تەمێ کردنی هەردەست درێژییەک بو سەر هاوڵاتیانی کوردستان لەلایەن هەر کەس و لایەنێکەوە هەیە.

محەمەدی حاجی مەحمود 3- 12-2021

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن