524 کوردستان

پۆڵه‌ندا به‌سه‌ردانی لیژنه‌كه‌ی په‌رله‌مانی كوردستان رازی نیه‌

09:52 - 02/12/2021

"زه‌مه‌ن"

سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییەکان و ڕەوەندی کوردستان لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان دەڵێت "بەردەوام قسە لەگەڵ کونسڵی پۆڵەندا دەکەین بەڵام کونسڵی پۆڵەندا لێرە و لەوێ هەندێک پۆزش دەهێنێتەوە هەرچەندە بە ئاشکرا ناڵێت حکومەتی ئێمە ڕەزامەند نیە بەڵام ئەو دواخستنە یەک ئاماژە دەبەخشێت ئەویش ئەوەیە کە حکومەتی پۆڵەندا بەو سەردانەمان ڕازی نیە بەڵام نایەوێت بە ئاشکرا پێمان بڵێت. "

وابڕیار بوو لیژنەیەکی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان سەردانی پۆڵەندا بکات بۆ بەدواداچون و ئاگاداربوون لە دۆخی کۆچبەرانی کورد لە سنورەکانی نێوان ئەو وڵاتە و بیلاڕوسیا، بەڵام تا ئێستا ئەو لیژنەیە سەردانەکەی ئەنجام نەداوە.

ڕێبوار بابکەیی سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییەکان، سەبارەت بە هۆکاری ئەوەی بۆچی تا ئێستا سەردانەکەین نەکردووە؟ به‌ ده‌نگی ئه‌مریكای وت: ئێمە وەک خۆمان ئامادەین کۆبونەوەی لیژنەکەشمان کردووە بەڵام ئێمە نوسراوێکمان لە ڕێگای کونسوڵخانەی پۆڵەنداوە ناردووە بۆ وەزارەتی دەرەوەی پۆڵەندا ئەجێندا و بەرنامەی خۆمان بۆ سەردانەکە دیاریکرد، داوامان کرد لەگەڵ وەزیری ناوخۆ و دەرەوەی ئەو وڵاتە کۆببینەوە و لەگەڵ ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانیش کۆببینەوە ئدنجا سەردانی کۆچبەران لە خاڵە سنورییەکانی نێوان بیلاڕوسیا و پۆڵەندا بکەین بۆ ئەو کەمپانەی کۆچبەری ئێمەی تێدایە.

وتی: بەداخەوە لەبەرئەوەی حکومەتی پۆڵەندا باری نائاسایی ڕاگەیاندووە لەهەندێک شوێن ڕێگە نادات ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و لیژنە سیاسییەکان و میدیاکاران سەردانی ئەو شوێنانە بکەن بۆ ئەو مەبەستە تا ئێستا ڕەزامەندی نەداوە لەسەر سەردانەکەی ئێمە، وەک دەزانرێت ئەوە بابەتێکی سەروەرییە(سیادی)یە، تا وڵاتەکە ڕێگە نەدات ناتوانرێت سەردانی بکرێت.

بابکەیی ئەوەشی وت: ڕاستە ئێمە سەردانەکەمان نەکردووە بەڵام هاوکاری هەزاران کەسمان کردووە بۆ گەڕانەوە و ناونوسینییان، چ لەڕێگای نوسینگەی سەرۆکی حکومەت یا خود وەزارەتە پەیوەندیدارەکان لە هەرێم، بۆ ئەوەی لە ڕێگای ئەوانەوە پەیوەندی بە بەغدادوە بکەین خۆم چەند جارێک لەگەڵ باڵوێزخانەی عێراق لە مۆسکۆ قسەم کردووە، هەروەها نوێنەرایەتیمان لە مۆسکۆ بەردەوام لەسەر هێڵن بۆ چارەسەری گرفتی پەنابەران، تا ئێستا چوار-پێنج کاروانی کۆچبەرانمان هێناوەتەوە کە پێشتر ناومان تۆمار کردوون.

ڕێبوار بابکەیی ئاماژەی بەوەشکرد لەسەر و هەزار کۆچبەرییان هێناوەتەوە، وتیشی لە خوار هەزار کۆچبەر لەوێ ماون بەڵام ئاماری دروستمان لانیە، هەرچەندە ئێستا ژمارەیەکی کەم هەن کە ئارەزوو ناکەن بگەڕێنەوە، ئێستا دەتوانم بڵێم کۆچکردن پێچەوانە بۆتەوە لە بیلاڕوسیاوە دەمێکە دەستی پێکردووە بۆ هەرێمی کوردستان.


سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن