627 کوردستان

زانكۆی سلێمانی له‌باره‌ی سزادانی خوێندكاران بڕیاریدا

08:37 - 01/12/2021

زه‌مه‌ن_سلێمانی


سه‌رۆكایه‌تی زانكۆی سلێمانی بڕیاریدا، هیچ خوێندكارێكی زانكۆی سلێمانی لە بەرامبەر داواكردنی مافە ڕەواكانی سزا نه‌دات.

سەرۆكی زانكۆ و ئەنجوومەنی زانكۆی سلێمانی لەگەڵ یاریدەدەری ڕاگر و سەرۆك بەشەكانی سەرجەم كۆلێجەكانی زانكۆ كۆبوونەوە و بڕیاری ئاسایی كردنەوەی دەوامی دا و جەختیشی كردەوە، كە هیچ خوێندكارێك سزا نادرێت.

بەپێی ڕاگەیەنراوێكی زانكۆی سلێمانی، ئەمڕۆ چوار شەممە ٢٠٢١/١٢/١ كۆبونەوەیەكی تایبەت بە دەستپێكردنەوەی وانەكان و ئامادەیی بۆ تاقیكردنەوە و چارەسەركردنی كێشەی خوێندكاران و چڕكردنەوەی هەوڵەكان بۆ ئاسایكردنەوەی ڕێڕەوی خوێندن لە زانكۆی سلێمانی بەڕێوەچوو.

د. ڕەزا حەسەن، سەرۆكی زانكۆی سلێمانی ڕونكردنەوەی پێویستیدا لەبارەی دارایی زانكۆ و كێشەی مامۆستایان و پێداویستی كۆلێجەكان و خۆپیشاندانی خوێندكاران و هەوڵەكان بۆ چارەسەكردنیان .

لای خۆشیەوە، د. پێشڕەو حمەجان، یاریدەدەری سەرۆكی زانكۆ بۆ كاروباری خوێندكاران باسی لە هەوڵەكانی پێشووتری سەرۆكایەتی زانكۆ كرد، كە بە چەندین نوسراوی فەرمی لایەنە پەیوەندیدارەكانیان ئاگاداركردۆتەوە لە داواكردنی ( پێداویستی و كەموكوڕی بەشەناوخۆییەكان و تاقیگەكان و كۆلێجەكان و دەرماڵەی خوێندكاران).

باسی لەوەشكرد، هەر لەسەرەتاوە سەرۆكایەتی زانكۆ و ئەنجوومەنی زانكۆ پشتگیری تەواوی داواكارییە ڕەواكانی خوێندكاران بوون.

وتیشی، “هەموو لایەك دڵنیا دەكەینەوە هیچ خوێندكارێكی زانكۆی سلێمانی لە بەرامبەر داواكردنی مافە ڕەواكانی و بەشداری خۆپیشاندان نەسزادراوە و نەسزاش دەدرێت لەلایەن كۆلێجەكان و سەرۆكایەتی زانكۆی سلێمانیەوە”.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن