576 کوردستان

پارتی به‌سه‌رپه‌رشتی بارزانی بۆ هه‌ڵوێست وه‌رگرتن كۆده‌بێته‌وه‌

11:06 - 01/12/2021

زه‌مه‌ن_بڕیار نامیق

بڕیاره‌ ئه‌مڕۆ مه‌كته‌بی سیاسی پارتی، به‌سه‌رپه‌رشتی مه‌سعود بارزانی كۆببێته‌وه‌، كه‌ به‌وته‌ی سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگاداری پارتی "بۆ هه‌ڵوێست وه‌رگرتنه‌ به‌رامبه‌ر به‌ یه‌كێتی".


"زه‌مه‌ن" له‌ سه‌رچاوه‌یه‌كی باڵای پارتیه‌وه‌ زانیویه‌تی كه‌ ئەمرۆ لەبارەگای مەکتەبی سیاسی پارتی لەهاوینە هەواری پیرمام بەسەرپەرشتی مەسعود بارزانی سه‌رۆك و  ئاماده‌بوونی نێچیرڤان بارزانی مەکتەبی سیاسی پارتی کۆدەبێتەوە.


سه‌رچاوه‌كه‌ باڵاكه‌ی پارتی وتی: کۆبونەوەکە تایبەتە بە هەڵوێستی نوێی پارتی به‌رامبه‌ر یەکێتی ئه‌وه‌ش دوای له‌ ده‌ستدانی دوو كورسی له‌ دوو بازنه‌ی هه‌ولیر و نه‌ینه‌واو پرسه‌كانی پێكهێنانی حكومه‌ت له‌ به‌غداو پۆستی پارێزگاری كه‌ركوك و پێكهاته‌ی نوێی كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنی هه‌رێمیش، گفتوگۆیان له‌ باره‌یه‌وه‌ ده‌كرێت.

 

"لەدەستدانی ئەو دوو کورسیە بارزانی نیگه‌رانكردووه‌ و رەنگە لەئەمڕۆوە پەیوەندی نێوان پارتی و یەکێتی بچێتە قۆناغێکی نوێوە تا ڕادەیەی هەڵپەساردنی پەیوەندییەکان لەنێوانیاندا". به‌وته‌ی سه‌رچاوه‌كه‌.


كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنی عێراق دوێنێ دوای ئەنجامی تانەكان بڵاویكرده‌وه‌ كه‌ ھەرێم کەمال ئاغا کاندیدی یەکێتیی، لە بری لەیلا ئەکرەم سەعید کاندیدی پارتی، لە بازنەی سێی ھەولێر دەرچووە و رۆنزی زیاد سیدۆ کاندیدی یه‌كێتی لە بری عەبدولسەلام شەعبان بەرزنجی کاندیدی پارتی، لە بازنەی دووی نەینەوا دەرچووە.

 

دوێنێ، مەحمود محەمەد وتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند: دوو کورسی کە ئیستحقاقی یاسایی دوو کاندیدی پارتیمان بوون لە پارێزگاکانی ھەولێر و نەینەوا بەتاڵان بردراون، وتی "بۆیە لەدوای ئەنجامدانی کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسی ھەڵوێستی پارتیمان لەبارەی ئەم کارە ناڕەوایە رادەگەیەنین".


سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن