وتەبێژی یەكێتی: دوو كورسیەكەی هەولێر و نەینەوا ئیستحقاقی ڕەوای یەكێتییە
09:44 - 30/11/2021
"زەمەن"
وتەبێژی یەكێتیی نیشتمانی كوردستان وەڵامی وتەبێی پارتی دیموكراتی دایەوەو رایگەیاند، دوو كورسییەكەی بازنەی 2 پارێزگای نەینەوا و بازنەی 3 پارێزگای هەولێر، ئیستحقاقی ڕەوای یەكێتی نیشتیمانی كوردستانن.
ئەمین بابە شێخ وتەبێژی یەكێتی نیشتمانیی كوردستان رایگەیاند: دوو كورسییەكەی ئەو دوو پارێزگایە، هەر ئیستحقاقی كوردە لە چوارچێوەی كورسییەكانی كوردە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق.
وتەبێژی یەكێتی دەڵێت "گێرانەوەی كورسییەكانی یەكێتی لە چوارچێوەی هاوپەیمانی كوردستان دوای رەچاوكردنی تانە یاساییەكان و سەلماندنی هەوڵی ساختەكاری (تزویر) كارێكی باشە و ئێمە پێشوازی لێدەكەین".
ئەمەش دوای ئەوەدێت، مەحمود محەمەد وتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند: دوو کورسی کە ئیستحقاقی یاسایی دوو کاندیدی پارتیمان بوون لە پارێزگاکانی ھەولێر و نەینەوا بەتاڵان بردراون، وتی "بۆیە لەدوای ئەنجامدانی کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسی ھەڵوێستی پارتیمان لەبارەی ئەم کارە ناڕەوایە رادەگەیەنین".
دوای ئەنجامی تانەكان، ھەرێم کەمال ئاغا کاندیدی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە بری لەیلا ئەکرەم سەعید کاندیدی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە بازنەی سێی ھەولێر دەرچووە و رۆنزی زیاد سیدۆ کاندیدی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە بری عەبدولسەلام شەعبان بەرزنجی کاندیدی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە بازنەی دووی نەینەوا دەرچووە.