1485 کوردستان

بنەماڵەی كوژراوەكانی رانیە هۆشداری دەدەن

09:16 - 30/11/2021

"زەمەن"

بنەماڵەی چوار لە كوژراوانی رووداوەكەی هەفتەی رابردووی رانیە، رایدەگەیەنن ماوەی (٤) چوار رۆژ بەسەر "تاوانی بەناهەق شەهید کردنی رۆڵەکانماندا تێپەر دەبێت" و تا ئێستاش هیچ هەنگاوێکی کرداریی نیە بۆ ئاشکراکردن و دەستگیرکردنی ئەو کەسانەی کە دەستیان لە داڕشتنی پیلانەکە و ئەنجامدەرانی تاوانەکەدا هەیە، دەڵێن "ئەمەش ئێمەی نیگەران و توڕەتر کردوە".



بنەماڵەی هەریەكە لە موراد کانی کوردەیی، خۆشناو وەیسی، شەهید هاوکار نازم، سەرکار فاخیر، راگەیەندراوێكیان بڵاوكردەوە.


لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە "ئێمە بە سەرسوڕمانەوە دەروانینە ئەو لێدوانەی کە باس لە پێکهێنانی لیژنە دەکات، لە کاتێکدا خۆیان لە نزیکەوە ئاگاداری کات و ساتی تیرۆر کردنەکەن و دەزانن کە هێزێکی هاوبەشی ( دوو دەزگای ئەمنی ) فەرمانەکەیان جێبەجێکردووە و رۆڵەکانی ئێمەیان لەناو سەنتەری شاری ڕانیە و بە بەرچاوی هاوڵاتیانی شارەکەوە بە شێوەیەکی نامرۆڤانە و دڕندانە شەهیدکرد".

دەقی ئاگادارییەكە:


هۆشدارییەکی بەپەلە لە بنەماڵەی شەهید موراد کانی کوردەیی و هاوڕێ کانیەوە.
وەک هەموو لایەک ئاگادارن، ماوەی (٤) چوار رۆژ بەسەر تاوانی بەناهەق شەهید کردنی رۆڵەکانماندا تێپەر دەبێت و تا ئێستاش هیچ هەنگاوێکی کرداریی نیە بۆ ئاشکراکردن و دەستگیرکردنی ئەو کەسانەی کە دەستیان لە داڕشتنی پیلانەکە و ئەنجامدەرانی تاوانەکەداهەیە، کە ئەمەش ئێمەی نیگەران و توڕەتر کردوە.
ئێمە بە سەرسوڕمانەوە دەروانینە ئەو لێدوانەی کە باس لە پێکهێنانی لیژنە دەکات، لە کاتێکدا خۆیان لە نزیکەوە ئاگاداری کات و ساتی تیرۆر کردنەکەن و دەزانن کە هێزێکی هاوبەشی ( دوو دەزگای ئەمنی ) فەرمانەکەیان جێبەجێکردووە و رۆڵەکانی ئێمەیان لەناو سەنتەری شاری ڕانیە و بە بەرچاوی هاوڵاتیانی شارەکەوە بە شێوەیەکی نامرۆڤانە و دڕندانە شەهیدکرد. 
هەربۆیە بە تووندی پێکهێنانی لیژنە بۆ شەهیدکردنی رۆڵەکانمان رەتدەکەینەوە و داوادەکەین دەستبەجێ تاوانباران رادەستی یاسا بکەن و دانبنێن بە ئەنجامدانی ئەو تاوانە قێزەونە و لە دادگایەکی عادیلانە سزای یاسایی خۆیان وەربگرن.
بەپێچەوانەوە بۆ جارێکیتر ئاگادارتان دەکەینەوە کە لە ئاست ئەم تاوان و غەدرە گەورەیە بێدەنگ نابین و رێگە نادەین خوێنی بە ناهەق رژاوی رۆڵەکانمان بە فیرۆ بروات و هەڵوێستی توندمان دەبێت، چونکە ئێمە دوای لێکۆڵینەوەکانی خۆمان بۆمان دەرکەوتوە کە پیلانی تیرۆرکردنەکە چۆن ئامادەکاری بۆ کراوە و کەی بڕیارەکە دراوە و چۆن جێبەجێکراوە و چەند کەس بەشداری تێداکردوە ( کە لێرەدا بە پێویستی نازاینن ووردەکارییەکەی بڵاو بکەینەوە و هەڵیدەگرین بۆ کاتی خۆی )، هەر بۆیە ئەگەر هیچ هەنگاوێکی کرداریمان نەبینی، تەواوی زانیارییەکان و ناوی کەسەکان بۆ رایگشتی بڵاو دەکەینەوە، دواتریش چاوەرێیی پەرچەکرداربن کە بە مافێکی شەرعی خۆشمانی دەزانین بۆ هەر هەنگاوێک کە یاسا لەم کەیسەدا فەرامۆش بکرێت و هەوڵی دیزە بەدەرخۆنەکردنیشی بدرێت.
هیوادارین لە توڕەیی و دڵگەرمی ئێمە تێبگەن و بزانن کە چ کارەساتێکتان خوڵقاندوە، چۆن بنەماڵەی خاوەن دەیان شەهیدی یەکێتیتان خەڵتانی خوێنکردوە و شەهید مورادتان چۆن بە برینداری رفاند و بە نامەردی و لە ژێر ئەشکەنجەدا شەهیدتانکرد، بزانن کە یەکێتیەکان چەند توڕەو و بێزارن لە حزبەکەیان و هەمووان چاوەڕێیی بڕیارێکی راست و دروستن بۆ بە سزاگەیاندنی تاوان باران.
لەگەڵ ڕێزدا
بنەماڵەی شەهید موراد کانی کوردەیی 
بنەماڵەی شەهید خۆشناو وەیسی 
بنەماڵەی شەهید هاوکار نازم 
بنەماڵەی شەهید سەرکار فاخیر

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن