بافڵ جەلال تاڵەبانی و فەرماندە سەربازییەكان كۆبونەوە
08:14 - 30/11/2021
"زەمەن"
بافڵ جەلال تاڵەبانی لە دەباشان لەگەڵ ژمارەیەک لە فەرماندەکانی ھێزی پێشمەرگە و دەزگا ئەمنییەکانی سەر بە حزبەكەی کۆبووەوە. "بۆ تاوتوێکردنی بارودۆخی ئەمنی ناوچە کێشەلەسەرەکان و ئەو سنوورانەی بۆشایی ئەمنییان ھەیە".
لە کۆبوونەوەکەدا سەرپەرشتیار و فەرماندەی ھێزەکانی حەفتا ئامادەیبوون، بەپێی راگەیەندراوێك لە كۆبونەوەكەدا "بە وردی ھەڵسەنگاندن بۆ دۆخی ئەمنی ئەو سنوورانە کرا کە بۆشایی ئەمنی تێدایە، دوای گفتوگۆکردن و راگۆڕینەوە لەسەر میکانیزمەکانی رووبەڕووبوونەوەی پاشماوەکانی داعش و پاراستنی ھەرێمی کوردستان، چەند بڕیارێک دران لەپێناو ئاسایشی زیاتری ھەرێمی کوردستان".
لەو رووەوە بافڵ جەلال تاڵەبانی روونیکردوەتەوە، چەندین جار ھۆشدارییانداوە بە حکومەتی عێراق و ھێزەکانی ھاوپەیمانان لە مەترسی جموجۆڵەکانی پاشماوەکانی داعش و سوود وەرگرتنیان لەو ناوچانەی بۆشایی ئەمنییان تێدایە.
بافڵ تاڵەبانی رایگەیاندووە، لەمەودوا وەک ھێزی پێشمەرگە پلان و ستراتیژی خۆمان دەبێت بۆ پاراستنی زیاتری ھەرێمی کوردستان و سەلامەتی گیانی ھێزی پێشمەرگە چونکە چۆن خەممان ئارامی و ئاسایشە پێویستە گیانی ھێزەکانی پێشمەرگە و کارمەندانی دەزگا ئەمنییەکان لە ئاسایش و دژەتیرۆر و ھێزەکانی ناوخۆش بپارێزین کە ئەمەش بە دابینکردنی پێداویستییەکانیان دەبێت.
بافڵ جەلال تاڵەبانی فەرماندە و تەواوی ھێزە ئەمنییەکانیشی راسپاردووە کار بەو بڕیارانە بکرێت و چاوکراوەتر بن لە بەرامبەر مەترسییەکانی تیرۆریستان سڵ نەکەوە، بە توانا سەربازی و ئەمنییەکانیان ئارامی و ژیانی خەڵک بپارێزن و وەک ھەمیشە گیانفیدابن لەپێناو ژیانی خەڵک و ئاسایشی ھەرێمی کوردستان.