1442 کوردستان

بافڵ تاڵه‌بانی: لەدڵەوە داوای لێبوردن دەکەم

11:06 - 30/11/2021

زه‌مه‌ن_سلێمانی


بافڵ تاڵه‌بانی له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و توندوتیژیانەی بە ناڕەوا بەرامبەر به‌ خوێندكاران به‌كارهات، ده‌ڵێت، له‌ دڵه‌وه‌ داوای لێبوردن ده‌كه‌م.


له‌ په‌یامێكدا بافڵ تاڵه‌بانی هاوسه‌رۆكی یه‌كێتی ده‌ڵێت، "ئەو توندوتیژیانەی بە ناڕەوا بەرامبەر هەندێک لە خوێندکاران کرا زۆر نیگەرانی کردم، لە دڵەوە داوای لێبووردن لە کوڕ و کچ و خوشک و براکانم دەکەم، کە بە ئومێدەوە بەرەوە داھاتوویەکی گەش ھەنگاودەنێن".

داواش له‌ خوێندكاران ده‌كات، "بۆ ھەر داواکارییەک پەنا بۆ رێگای مەدەنی و شارستانی ببەن و دووربکەونەوە لە توندوتیژی و یاساشکێنی".

ده‌قی په‌یامه‌كه‌:

ئەو توندوتیژیانەی بە ناڕەوا بەرامبەر هەندێک لە خوێندکاران کرا زۆر نیگەرانی کردم، لە دڵەوە داوای لێبووردن لە کوڕ و کچ و خوشک و براکانم دەکەم، کە بە ئومێدەوە بەرەوە داھاتوویەکی گەش ھەنگاودەنێن  لەپێناو نەکوژانەوەی چرای زانست و بژێوی ژیانیان و لەسەر شەقام داوای قوت و مافی خۆیان دەکرد.

داواتان لێدەکەم بۆ ھەر داواکارییەک پەنا بۆ رێگای مەدەنی و شارستانی ببەن و دووربکەونەوە لە توندوتیژی و یاساشکێنی، رێمەدەن کەسانی ھەلپەرست داوا رەواکانی ئێوە بە لاڕێدا بەرێت ئەمە خزمەت بە خواستەکانتان ناکات، داوام وایە قەت ئەم رێگایە ھەڵنەبژێرن و بیری لێنەکەنەوە.

بەڵێنیشتان پێدەدەم کە گۆڕانکاری گەورە دەکەین لە پێناو داھاتووی ئێوە و جێبەجێکردنی داواکارییەکانتان و چارەسەرکردنی کەموکوڕییەکان، لەمەودوا نزیکتر لەگەڵ توێژی گەنجان و خوێندکاران پێکەوە کاردەکەین لە پێناو ئایندەیەکی گەشتر بۆ گەلەکەمان بۆ ھەر داھێنان و سەرکەوتنێک، داکۆکیکاری بەدیھێنانی ئاواتەکانیشتان دەبم.

ھەر شاد و سەربەرز و سەرکەوتووبن

براتان
بافڵ جەلال تاڵەبانی

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن