1254 کوردستان

زانیاری لەسەر ئەو شەپۆلی بەفربارینەی ئەم هەفتەیە هەرێم دەگرێتەوە

09:39 - 29/11/2021

"زەمەن"


پێشبینی دەكرێت لە رۆژی چوارشەممەوە، شەپۆلی بەفرو سەرما هەرێمی كوردستان بگرێتەوە و كاریگەرییەكەی چەند رۆژێك بەردەوام دەبێت.




ماوەی چەند ڕۆژێکە بەهۆی کاریگەری تۆپەڵە هەوایەکی ساری جەمسەری باکوور بەفرێکی زۆر سەرمای توند زۆربەی وڵاتانی ئەوروپای گرتۆتەوە و بەشێک لەو کاریگەریە گەیشتۆتە ناوچەشاخاوییەکانی وڵاتی تورکیاو باکووری کوردستان.



سیروان ساڵح، شارەزای كەشناسی رایگەیاند: پێشبینیی دەکەین له ڕۆژی چوارشەممەوە بە زۆریش کاتەکانی ئێوارە بەفربارین و سەرمای توند ناوچە شاخاوییە بەرزەکانی باکووری پارێزگاکانی دهۆک و هەولێر و سلێمانی بگرێتەوە.



وتیشی "لە هەندێك ناوچەی شاخاوی بە زۆریش زنجیرە چیا سنوریەکانی حەساڕۆست و سیدەکان و قەندیل و حاجی ئۆمەران و سەرجەم چیاکانی دەوروبەریان ئەگەر هەیە زیاتر له (50 سانتیمەتر) بەفر ببارێت. هەروەها پێشبینیی بەفربارین دەکەین بۆ زنجیرە چیاکانی ماوەت و چوارتا و پێنجوێن و زنجیرە چیای سورێن و شاهۆ و زنجیرە چیای داڵەهۆ و ئەگەر هەیە لەم زنجیره چیایانەش زیاتر لە 20 سم بەفر ببارێت ".



بەهۆی ئەگەری بەفربارینی زۆرەوە پلەکانی گەرمی بە ڕێژەیەکی بەرچاو دادەبەزن و ڕۆژی چوارشەممە تا هەینی پلەکانی گەرمی لە ناوچە شاخاوییەکان دەچنە ژێر سفری سەدییەوە و لە ناوچەکانی سنوری شاخاویش لە کاتەکانی شەو دەچنە ژێر سفری سەدییەوە. بەوتەی سیروان ساڵح.



سەبارەت بە بارانبارین، ئەو شارەزایە دەڵێت "پێشبینیی باران بارینی باش دەکرێت بۆ تەواوی ناوچە کوێستانییەکان و ئەگەری نێوان ( 15 تا 30 ملم ) باران هەیه لە هەرسێ پارێزگاکانی سلێمانی و هەولێر و دهۆک، هەروەها له بەشێکی ناوچەکانی گەرمیانیش بڕی بارانەکە باش دەبێت".

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن