403 کوردستان

فوئاد حسێن: ئەگەر دۆخی سیاسیی و ئابووریی و ئەمنیی وڵات باش بێت ئەم خەڵکە هەوڵ نادات کۆچ بکات

03:13 - 29/11/2021

زەمەن_عێراق


وەزیری دەرەوەی عێراق رایگەیاند " هۆکارەکانی کۆچ زۆرن، بەڵام ئەگەر دۆخی سیاسیی، ئابووریی و ئەمنیی عێراق باش بێت، ئەم خەڵکە هەوڵ نادات کۆچ بکات".


فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق لەبارەى کۆچبەرانی سەر سنوورەکانی یەکێتیی ئەورووپاوە رایگەیاند، "هۆکارەکانی کۆچ زۆرن، کۆچ شتێکی کۆنە و لەگەڵ مرۆڤایەتی هەبوو، بەڵام هۆکاری ئێستا چی بووە، ئەوە بەجێ دێڵم بۆ ئەو کەسانەی کە لەم بوارەدا لێیدەکۆڵنەوە، بەڵام ئێمە مامەڵە لەگەڵ دەرئەنجام دەکەین وەک حکوومەتی عێراق و وەزارەتی دەرەوە کە بینیمان ئەم کۆچبەرانە گەیشتنە بێلاڕووس و هەوڵیان دا بڕۆنە ناو لیتوانیا و دوایی پۆڵۆنیا. ئەو دەوڵەتانە نەیانهێشت و قبوڵیان نەدەکرد، ئێمە یەکسەر هەوڵماندا لەگەڵ ئەو کۆچبەرانە قسە بکەین و خەڵکمان ناردە سەفارەتەکانمان لەو دەوڵەتانە بۆ ئەوەی قسەیان لەگەڵ بکەن کە خۆیان گەیشتنە ئەو بڕیارە کە بێنەوە و زۆربەی زۆریان بە خواستی خۆیان بڕیاریان دا، ئەو کاتە ئێمە فڕۆکەمان نارد (بۆ گەڕانەوەیان)".

وتیشی: "تا ئێستا پێنج گەشتمان ئەنجامداوە و هەزار و ٨٩٠ کەسمان هێناوەتەوە لە بێلاڕووس، بەردەوام دەبین ئەگەر بیانەوێت بگەڕێنەوە".

پێشتر ئەحمەد سەحاف وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، رایگەیاندبوو کە لەگەڵ زیادبوونی ژمارەی کۆچبەران لەم دواییانەدا، وەزارەت پەرۆشی ئەوە بووە کە بەپەلە لەگەڵ لایەنە پەیوەندارەکان هەماهەنگیی بکات بۆ گەڕانەوەی کۆچبەران و لەم چوارچێوەیەشدا لە گەشتی تایبەت و لەڕێگەی ئەو هەوڵانەی کە وەزارەت لەگەڵ هێڵی ئاسمانیی عێراق خستوویەتەگەڕ لە کاروانی یەکەمدا، ٤٣١ کۆچبەر و لە کاروانی دووەمدا، ١٧٦ و لە سێیەمدا، ٤٣٥ کۆچبەر گەڕێندراونەتەوە و چوارەم کاروانیش کە ژمارەیان ٤٣١ کەسە ئێوارەی ئەمڕۆ دەگەنەوە عێراق و سبەییش کاروانی پێنجەم کە ژمارەیان ٤٣٠ کۆچبەرە، دەگەنەوە عێراق.

وەزیری دەرەوەی عێراق، لەبارەی گازندەی کۆچبەران کە باس لە بەکارهێنانی توندوتیژی لەلایەن پۆلیس و هێزە ئەمنییەکانی سەر سنوورەوە دەرهەق بە کۆچبەران دەکەن وتی: "لە مانگی تەمووزەوە لە پەیوەندی بەردەوام داین لەگەڵ وەزیری دەرەوەی لیتوانیا، سێ دیدارمان ئەنجام دا، هەم لە وڵاتەکەی خۆی و هەم لە نیۆیورک و هەم لە عێراق، لەگەڵ وەزیری دەرەوەی پۆلۆنیاش کۆبوومەوە باسم کردووە، بە رێگەی تەلەفۆنیشەوە لەگەڵ وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی دیکەش قسەم کردووە. لەگەڵ نوێنەری باڵای یەکێتیی ئەورووپا لە سیاسەتی دەرەکی و کاروباری ئاسایش، جۆزێپ بۆرێڵ-یش قسەم کردووە، ئەوانیش دەڵێین ئەوە کۆچێکی رێکخراوە و کۆمەڵێک قاچاغچی رێکیان خستووە".

بەوتەی فوئاد حسێن، ئەم خەڵکە، بوونەتە قوربانی ململانێکی سیاسیی لەنێوان بێلاڕووس و یەکێتیی ئەورووپا بە تایبەتی لەنێوان بێلاڕووس لیتوانیا.

وەزیری دەرەوەی عێراق، لە بارەی چارەنووسی کۆچبەرانەوە، وتی: "ناهێڵن بڕۆنە ژوورەوە و ئێمەش لە هەوڵداین بۆیان کە ئەم خەڵکە بهێنینەوە عێراق".

فوئاد حسێن لە وەڵامی ئەو پرسیارەی کە رەخساندنی هەلی ژیانێکی باش بۆ کۆچبەران دوای گەڕانەوەیان چۆن دەبێت رایگەیاند، "ئەم خەڵکە دەگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان. ئاوەدانکردنەوەی ناوچە جیاوازەکانی عێراق پەیوەندی بە دۆخی سیاسیی، ئابووریی و ئەمنیی عێراقەوە هەیە و ئەگەر دۆخی سیاسیی، ئابووریی و ئەمنیی عێراق باش بێت، ئەم خەڵکە هەوڵ نادات کۆچ بکات".

وەزیری دەرەوەی عێراق، باسى لەوەشکرد: "یەکێک لە کێشەکانمان ئەوەیە تا ئێستا ژمارەی کۆچبەران دیار نییە و باس لە سەدان و هەزاران کەس دەکرێت لەسەر ئەو سنوورانە" و جەختی لەوە کردەوە کە "ئەوانە دەبێت لەسەر خواستی خۆیان بگەڕێنەوە عێراق".

سەرچاوە: ئاژانسى ئەنادۆڵو

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن