٢٠ پەرلەمانتار بانگهێشتى جێگری سەرۆكی حكومەت و وەزیری ناوخۆ دەکەن
02:09 - 29/11/2021
زەمەن_هەرێمى کوردستان
٢٠ پەرلەمانتارى
کوردستان، سەبارەت بە توندوتیژیەكانى بەرامبەر بە خۆپیشاندەران، بانگهێشتی جێگری سەرۆكی
حكومەت و وەزیری ناوخۆ دەكەن ئامادەى دانیشتنى پەرلەمان بن.
عومەر گوڵپى ئەندامى
پەرلەمانى کوردستان رایگەیاند، لەسەر توندوتیژییەکان و دەستگیرکردن و ئازاردانو بێڕێزییەکان
بەرانبەر گەنجانو قوتابیانو شکاندنی حەرەمی زانکۆو پەیمانگاکان لەلایەن هێزە ئەمنیەکانەوەو
بڵاوەپێکردنی خۆپیشاندانەکان بە زەبری هێز لە ڕۆژانی ڕابردوودا، بە واژۆی (٢٠)
ئەندامی پەرلەمان، داوایانکردووە پەرلەمان هەریەکە لە (جێگری سەرۆکی حکومەت) و
(وەزیری ناوخۆ) بانگهێشتی کۆبوونەوەیەکی پەرلەمان بکات.
دەشڵێت، با ئەو بەرێزانە بێن لە هۆڵی
پەرلەمانەوە لە ڕێگەی نوێنەرەکانی خەڵکەوە وەڵامی هاووڵاتیان بدەنەوە سەبارەت بە
توندوتیژیەكانی چەند ڕۆژی ڕابردوو.
عومەر گوڵپى
ئاماژەى بەوەشکردووە، خۆپیشاندانو گردبوونەوەی ناڕەزایی مەدەنیانەو ئاشتیانەی
قوتابیان مافێکە بە یاساو دەستور دەستەبەرکراوە بۆیە حکومەتو دامەزراوەو هێزەکانی ئەبێت مافی گردبوونەوەو ناڕەزایی چینو
توێژەکان بپارێزنو پارێزەری سەلامەتی ئەو کەسانەبن کە بۆ داوای مافەکانیان
گردبوونەوە ئەنجام دەدەنو ناڕەزایی دەردەبڕن، نەوەک بە پێچەوانەوە.
ئەو ئەندام پەرلەمانە
باسى لەوەشکردووە، ئەوەی مافی خەڵک بێت، نە کۆن ئەبێت نەکەس ئەتوانێت دەستی لێ
هەڵگرێت، نە بێزارو ماندووش ئەبین لە داواکردنو بەدواداچوونی، بۆیە بەردەوام دەبن.