767 کوردستان

ڕوونکردنەوە لەبارەی گۆڕینی تابلۆی ئۆتۆمبێل دەدرێت

01:19 - 29/11/2021

زەمەن_هەولێر


وتەبێژی هاتوچۆی هەولێر رایگەیاند، گۆڕینی تابلۆی ئۆتۆمبێل لەئێستادا ئارەزوومەندانەیە، بەڵام لە داهاتوودا دەبێتە ناچاری و لەماوەی پێنج ساڵدا جێبەجێ دەکرێت.  

فازڵ حاجی، وتەبێژی هاتوچۆی هەولێر ڕایگەیاند، "گۆڕینی تابلۆی ئۆتۆمبێل بۆ ئینگلیزی کە تابلۆیەکی نوێیە، ئارەزوومەندانەیە و لە ئێستادا کەس ناچار ناکرێت تابلۆکەی بگۆڕێت بە جۆری نوێ، هەرکەس خۆی حەزی لێبێت دەتوانێت بیگۆڕێت."  

وتیشی، "ئەو جۆرەی دیکە کە گرێبەستمان بۆ کردووە و لەگەڵ حکومەتی عێراق یەک دیزاینە، ئەوە هێشتا دەستی پێ نەکردووە، بەڵام ئەگەر دەست پێ بکات ئەوا ناچاری دەبێت و پێویستە هەموو شۆفێرێک بیگۆڕێت."  

فازڵ حاجى ئاماژەى بەوەشکرد، "ناچارییەکە بەوشێوەیە نییە کە لە ماوەیەکی کەمدا بکرێت، بەڵکو بەگوێرەی مامەڵەی شۆفێران لە بەڕێوەبەرایەتییەکان دەکرێت، بۆ نمونە کاتێک ئۆتۆمبێلێک ساڵانەکەی نوێ دەکاتەوە تابلۆی نوێی بۆ دەبەستین، کاتێک ئۆتۆمبێلێکی کاتی ژمارە دەکرێت تابلۆ نوێیەکەی بۆ دەبەستین، بەو شێوازە."  

ئاماژەی بەوەشکرد، "هەرکەسێک بیەوێت تابلۆکەی بگۆڕێت بە دیزاینە نوێیەکە دەبێت مۆڵەتەکەشی بگۆڕێت و بیکات بە نێودەوڵەتی کە ئەوەش ڕسوماتەکەی 50 هەزار دینارە."  

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن