درەختە تینووەکانى نیشتمان تیشکى لە چاپدانى دەبینێ
10:25 - 29/11/2021
کولتووری زەمەن
دواى پازدە ساڵ لە چاپکردن و بڵاوکردنەوەى بەرهەمى شیعر، بۆتان جەلالى شاعیر چوارەم کۆمەڵە شیعرى خۆى بە ناونیشانى " درەختە تینووەکانى نیشتمان " بەمزووانە بڵاو دەکاتەوە ،سەبارەت بەم بەرهەمە تازەیەى دەڵێت : بە ئەزموونێکى جیاواز لەوانەى پێشووم و بە زمانێکى سادە وخەیاڵێکى دەوڵەمەند تر وپانتاییەک بۆ تێڕوانین وخرۆشانى نەست ، ئەم بەرهەمەم دەخەمە بەردەستى خوێنەرانى شیعرى کوردیی .
بۆتان جەلالی شاعیر دەڵێت: هەموو ئەوانەى من بناسن هەستدەکەن ئەمجارەیان بە شێواز و بیرکردنەوە و زمانێکى جیاواز، دەمخوێننەوەو چێژێکى تایبەتى لە شیعرەکان وەردەگرن کە رەنگبێ لەمجۆرە شیعرانەیان لە شیعرى نوێى کوردیدا کەم بەرچاو کەوتبێت ، من ویستومە شیعر تەنیا وەک وروژاندنێکى سۆزدارى و هەست و نەستێکى خێرا راگوزار نەبێت، بەڵکو وەک ئاخاوتنێکى مەعریفى و فەلسەفى بدوێت و لەبەردەم هەر کۆپڵە شیعرێکمدا ئیست و وەستانێک بۆ خوێنەر بێتە پێشەوە و کۆگاى زانیارییە شاراوەکانیان ببنە فریادڕەسى شیکار و کردنەوەى کۆدەکان .
( درەختە تینووەکانى نیشتمان ) سەرەڕاى ئەزموونداریەتى و بەئاگایى بە مژار و کێشە هەنووکەییەکان ،هاوارێکیشە بۆ زیندووکردنەوەى ویژدانەکان و ئاخاوتنێکە بۆ وشیارکردنەوەى ئەو رۆحە زیندووانەى کە بە هەر هۆیەک بێت خەوتوون و کەوتوونەتە ناهۆشیارى و نا بەرپرسیارییەوە ، جگە لەوەى گەشتێکى رۆحیە بەناو شارى دێرینى هەولێر ، سەرداگرتنە بە کوچە وکۆڵان وماڵەجوانەکان و کەسایەتییە هونەرى و کلتووریەکانى ئەم شارە دێرینەى کوردستان ..
چەند کۆپڵەیەک لە شیعرەکانى
(1)
ژیان بەدوکەڵ نوسراوەتەوە
نەک مەرەکەب و
هیوا جوانەکان
(2)
وێژوو بنواڕە چی ڕوودەدات
(میزۆپۆتامیا) عێراقی نێوان دوو زێ
ئێستا بێ ڕووبار و بێ ئاوە
خەریکە لە بێ نازیدا دەخنکێ
(3)
(ئاین)ی خۆم بۆ خۆم
هزری جیاوازی ئێوەش
لایمن نامۆ نییە
(4)
یاسای سرووشتە
درەختەکان لەسەر پێ بوەستن
مەلەکان دوای ماندوو بوون
بەسەریانەوە هەڵنیشن
پڕۆفایلى شاعیر
بۆتان جەلال لە ساڵى 1962 لە هەولێر لەدایکبووە. ساڵی 1987 بەکالۆریۆسى لە زمان و ئەدەبى عەڕەبى لە کۆلیژى ئادابى زانکۆى سەلاحەدین بەدەستهێناوە ، خاوەنى یازدە کتێبى لە چاپکراوە کەچواریان کۆمەڵە شیعرن ، لە بوارى وەرزش و هونەر وتوێژینەوەى ئەدەب و رەخنە و وەرگێڕاندا بەرهەم وکتێبى بڵاو کردۆتەوە ،
نووسەرە لە رۆژنامەى ( خەبات ) ..
بۆتان جەلالی شاعیر