سەندیكای رۆژنامەنوسان داواى پاراستنی گیانی میدیاكاران دهكات
04:50 - 23/11/2021
زهمهن_سلێمانی
لقی سلێمانی سەندیكای ڕۆژنامەنووسان پەیامێك ئاڕاستەی هێزە
ئەمنییەكان و خوێندكارە خۆپیشاندەرەكان دەكات و جەختیشدەكاتەوە، هێمنی شار و گیانی
میدیاكاران پارێزراو بن.
لقی سلێمانی سەندیكای ڕۆژنامەنووسانی كوردستان لە
ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، لەسۆنگەی خەمخۆریمان بۆ هێمنی شارەكەمان و
پاراستنی گیانی میدیاكاران و خۆپیشاندەرانی خوێندكاران، داواكارین جوانی و هێمنی
شارو ئازادی وتن و بڵاوكردنەوە لەسەرو هەموو بەرژەوەندیەكەوە بێت.
داواشدهكات، كەناڵەكان لەهەوڵی رووماڵكردنی
راستەقینەدا بن نەك بە گەورەكردن و بچوك كردنەوەی روداوەكان.
دەقی ڕاگەیەنراوەكە:
لەدوو رۆژی رابردووداو لەگەڵ خۆپیشاندانی خوێندكارانی
زانكۆو پەیمانگەكان بۆ گێڕانەوەی دەرماڵەی بڕاویان لەساڵی 2014 وە، كۆمەڵێك
رووداوی نەخوازراو بەریەك كەوتن روویدا كە میدیا كاران و كەلو پەلو
پێداویستیەكانیان لەلایەن خۆپیشادەرانەوە شكێنران و هەندێكیشیان لەلایەن هێزەكانی
ناوخۆوە دەستیان بەسەردا گیرا، ژمارەیەك لە كچان و كوڕانی پەیامنێرانمان
بەركەوتەبوون بە گازی فرمێسك رێژ هیوای سەلامەتی و تەندروستی باشیان بۆ دەخوازین..
لەسۆنگەی خەمخۆریمان بۆ هێمنی شارەكەمان و پاراستنی
گیانی میدیاكاران و خۆپیشاندەرانی خوێندكاران، داواكارین جوانی و هێمنی شارو
ئازادی وتن و بڵاوكردنەوە لەسەرو هەموو بەرژەوەندیەكەوە بێت و كەناڵەكانیش لەهەوڵی
رووماڵكردنی راستەقینەدا بن نەك بە گەورەكردن و بچوك كردنەوەی روداوەكان..
داواكارین هەر تیمێك دووچاری بەریەك كەوتن یان
لێوەرگرتنی كەلوپەل دەبێت سكرتێری لق و ئەندامانی ستافی لقی سلێمانی ئاگادار بكات
تا بەهانایەنەوە بچین..
هێمنی شارو سەلامەتی ئەندامان و سەرجەم میدیاكاران
كارو ئەركی سەرشانمانە
لقی سلێمانی
سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان
23/11/2021