545 جیهان

شله‌ی تواوه‌ی گڕكان له‌ ئیسپانیا ھەزار و ٤٥٨ باڵەخانەی سوتاندووە

12:56 - 14/10/2021

"زه‌مه‌ن"

شله‌ی تواوه‌ی گڕکانی کومبرە ڤییەخا، لە دوورگەی لا پالمای زنجیره‌ دوورگەکانی کەناریا لە باشووری رۆژئاوای ئیسپانیا، لە ماوەی ٢٤ رۆژدا ھەزار و ٤٥٨ باڵەخانەی سوتاندووە.

بەپێی ئەو داتانەی کە سستمی وێنەگرتنی مانگە دەستکردەکانی سەربە یەکێتی ئەورووپا (Copernicus) لە کاتژمێر ٦:٥٠ی رۆژی ١٢ی تشرینی یەکەم تۆماری کردووە، ئەوە دەردەکەوێت کە ئەو شله‌ تواوه‌یه‌ی کە لە گڕکانەکەوە دەرچووە ھەزار و ٤٥٨ باڵەخانەی لە ناوچەکەدا سوتاندووە و رووخاندوویەتی و کۆی گشتی زیانی بە ھەزار و ٥٤١ باڵەخانە گەیاندووە.

ئەوەش راگەیەندراوه‌ کە ئەو شله‌ تواوه‌ و ئاگرەی کە لە گڕکانەکەوە دەرچووە کە لە ١٩ی ئەیلوولەوە تا ئێستا لە دوورگەکە چالاک بووەتەوە و لە ھەردوو لایەوە رژاوە، ٦٥٦ ھێکتار رووبەری پۆشیوە و ٤٩ کیلۆمەتر رێگا کەوتووەتە ژێر كاریگه‌رییه‌كه‌یه‌وه‌.

لە لا پالمادا، لەگەڵ ئەو ٨٠٠ کەسەی کە دوێنێ دەرباز کران، کۆی گشتی شەش ھەزار و ٢٠٠ کەس ماڵەکانیان چۆڵ کردووە.

لەلایەکی دیکەوە، سەرۆکوەزیرانی ئیسپانیا، پێدرۆ سانچێز، لە کاتی چالاکبوونەوەی گڕکانەکەوە تا ئێستا، چوارەم سەردانی بۆ دوورگەی لا پالما ئەنجامدا.

پێدرۆ سانچێز لە کۆبوونەوەیدا لەگەڵ نوێنەرانی ھەرێمە خۆجێیەکان و زیان بەرکەوتووانی گڕکانەکە، گوتی: "٢٤ رۆژە بەشەو و بە رۆژ کارەکان بەڕێوەدەچێت. دەزانم دۆخەکە زۆر قورسە، بەڵام دەمەوێت دان بەخۆدابگرین و پێکەوە بین".

سانچێز ئەوەی وەبیرھێنایەوە کە حکوومەتی ئیسپانیا، تاکو ئێستا بڕیاری خەرجکردنی بڕی ٢١٤ ملیۆن یۆرۆی وەکو ھاوکاریی بەپەلەی بۆ نیشتەجێ کردن، کشتوکاڵ، ئاودێری و بەکارخستن لە لا پالما دەرکردووە.

لەلایەکی دیکەوە، زانیاری ئەوە بڵاوکرایەوە کە لە رێگەی درۆنەوە ئاو و خۆراک بۆ ئەو ئاژەڵانە فڕێدراوە کە لە نێوان ئاگر و لاڤاکاندا گیریان خواردووە و بەھۆی مەترسیی شوێنەکانیان نەتوانراوە رزگار بکرێن.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن