کوردستان

به‌ڵگه‌؛ له‌رۆژی دیاریكردنی ریفرامدۆم -دا بارزانی چۆن له‌هه‌ڵوێستی گۆڕان نیگه‌رانبووه‌؟

09:50 - 25/09/2021 166 جار خوێندراوەتەوە



لە ساڵیادی ریفراندۆمدا

ئەبو كاروان- ئەندامی ئەنجومەنی باڵای ريفراندۆم

گەر پێناسەیەكی كورت بكەین بۆ ریفراندۆم، ریفراندۆم بریتییە لە گەڕانەوە بۆ بۆچوونی گەل لە دیاریكردنی چارەنوسی خۆی وەك ماف‌و بەپێی یاساو رێسا نێودەوڵەتییەكان، ئامرازێكی دیموكراسیشە، زانینی دیدگای خەڵكە لەبارەی پرسە جیاوازەكانەوە.

ئەگەرچی كورد لە باشوری كوردستان دوای شەڕی جیهانی یەكەم لەڕاپرسییەكدا خۆی دەنگیدا بۆ لكاندنەوەی بە دەوڵەتی عێراق لەسەرەتای دابەشكردنی هەر چوار پارچەی كوردستان‌و گوڕانكاری لە دونیا بەپێی بەرژەوەندی دەوڵەتە براوەكانی شەڕی جیهانی یەكەم، بەڵام تێكۆشان بەردەوام بووە لەپێناو ئازادی‌و ڕزگاری بەتایبەتی كاتێك دەسەڵاتدارانی عێراق دژی بەرقەراربوونی سادەترین مافی گەلی كوردستان بوون‌و بەئاگرو ئاسن مامەڵەیان دەكرد بەرانبەر خاك‌و خەڵكەكەی.

بۆیە لە ڕۆژی 6/7/2017 لە كۆبونەوەیەكی حیزبە كوردستانییەكانداو بەسەرپەرشتی سەرۆكی پێشووی هەریمی كوردستان‌و بە ئامادە نەبوونی بزوتنەوەی گوڕان‌و كۆمەڵی ئیسلامی، بڕیاردرا لە 25/9/2017 ڕاپرسی ئەنجامبدرێ.

وردەكاری كۆبونەوەكان ڕاوبۆچوونی حیزبەكان‌و ئەندامانی سەركردایەتیەكانیان‌و چۆنیەتی ئەو بڕیارە لە ئەرشیفی مندا تۆمار كراوەو بەشێوەی كتێبێك ئامادەكراوە بۆ چاپكردن، بەڵام ئەمساڵ دەمەوێ لەوبارەیەوە كۆمەڵە بابەتێك بڵاوبكەمەوەو چەند وێستگەیەك لە چونیەتی كاركردن‌و میكانیزمی كارەكان‌و بۆچونی تایبەتی خۆم ئاشكرا بكەم بۆ گەلی كوردستان.

بەڵێ پرۆسەی ریفراندوم وەكو ماف لەجاڕنامەی گەردوونی مافی مرۆڤ چەسپاوەو بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەكان ڕەوایەتی خۆی هەیە، بەڵام بەبێ دیراسەتكردنی قوڵی هوكارە بابەتی‌و خودییەكان‌و بەبێ ئەوەی زەمینەسازی تەواوی بۆ بكرێت، خەڵكی كوردستان‌و حیزبەكان‌و تەنانەت لەنێو حیزبێكی سیاسیشدا گەیاندبووە دووبەرەی جیاوازو دژ بەیەك، خۆ ئەگەر ئاڕاستەی شوێنكەوتەیی‌و سۆزو عاتیفە نەبوایە، بەرەی لایەنگرانی ئەنجام نەدانی پرۆسەكە زۆر لەوانە زیاتر بوون كە بەلایانەوە زروف‌و زەمەنەكە شیاو و لەبارترن بۆ ئەنجامدانی.

چی رویداو چۆن كاتەكە دیاریكرا ؟
لەسەر داوای سەرۆكی پێشووی هەرێمی كوردستان ئەو كۆبونەوەیە ئەنجامدرا، خاڵی كۆبونەكان جێگیركرا، رێفراندوم تەوەری سەرەكی بابەتی كۆبونەوەكە بوو، جۆرێك لە ئامادەباشی پێشوەخت كرا بوو، بەمەبەستی بڕیاردان لەسەر ئەنجامدانی رێفراندوم‌و دیاریكردنی كاتەكەی.


سەرۆكی هەرێم (مەسعود بەرزانی) /
- زۆر بەخێربێن كە تەشریفتان هێنا، رۆژێكی مێژووییەو كۆبونەوەیەكی مێژوویی دەبێت.
- من دەزانم لە كوردستان كێشەو قەیران هەیە، بەڵام ناكرێت ریفراندۆم ببەسترێتەوە بە كێشەكان.
- ریفراندۆم بابەتێكی نەتەوەییەو پەیوەندی بەهیچ حزب‌و كەسێكەوە نیە.
- پێم خۆش بوو گۆڕان‌و كۆمەڵی ئیسلامی ئامادە بونایە لەم كۆبونەوەیەو دەعوەت كراون، بەڵام نەهاتوون.
- پێشتر چەند كۆبونەوەیەك لەگەڵ ئەحزاب كرا، بەڵام كارەكە بەسستی ڕۆیشت.
- لەكاتی خۆی كە ئیستیفتا كرا، كورد لەباشور دەنگی دا لەسەر عێراق بێت بۆ ئەوەی شەریك بێت.
- حكومەتی عێراق تا 7/3/2000 بڕیاریان وابوو ناكرێت زەوی‌و خانوو تاپۆ بكرێت بۆ كوردو توركمان.
- ئێمە پێشتر ئەنفال‌و كیمیاباران كراین لەلایەن دەسەڵاتدارانی عێراقەوە.
- لە ڕاپەڕینی 1991 سەردانی بەغدامان كردوو دەستمان ناوە نێو دەستی سەدام‌و عەلی كیماویی، تووشی شۆوك بووم بەڵام وتمان بۆ رێككەوتن‌و داكوكیكردنە لە مافی گەلەكەمان.
- دوای ڕوخان هاتین بۆ بەغداو عێراقی فیدراڵمان دروست كردەوە.
- قۆناغی یەكەم لە عێراق حوكمی سونەی عەرەب‌و قۆناغی دووهەمیش شیعەی عەرەب، بەڵام بینیمان كۆتایەكەی نانبڕینی میللەتەكەمان بوو.
- عەلی غێدان هەڕەشەی كرد لە كۆبونەوەیەك كە هەولێر داگیردەكات، نوری مالیكی لە وەڵامدا گوتبوی پەلە مەكە تا (ئێف 16) مان بۆبێت، ئەوكاتە دەستی پێ دەكەین، منیش جوابم بۆ نارد كە ئێمە لە هەڕەشە نەترساوین‌و رابردوومان دیارە.
- دوو ڕێگا لە بەردەم ئێمەدایە: یان وەك هاوڵاتیەكی عێراقی بین یان بڕیاری مێژوویی بدەین.
- من تكاتان لێ دەكەم با ژیان‌و مردنمان بەیەكەوە بێت.
- هەندێجار فرسەت دێت‌و دەڕوات پێویستە ئیستیغلالی بكەین.
- من داوا دەكەم تحدیدی رۆژی ریفراندۆم بكەین.
- كە ریفراندۆم بكەین مانای دامەزراندنی دەوڵەت نییە.
- دواتریش وەفد دروست دەكەین سەردانی بەغداو ئێران‌و توركیا بكات.
- لەگەڵ ئەمەریكاو ئەوروپاو وڵاتان گفتوگۆ دەكەین.
- ئەمە نەتیجەی قسەكانمانەو خاڵی سەرەكی كۆبونەوەكەیەو لەمە زیاتر تەحەمول ناكات‌و ریفراندۆم دەبێت بكرێت‌و حەزدەكەم پێكەوە بین.
لەدوای وتەی جێگری سەرۆكی هەرێم كۆسرەت ڕەسوڵ‌و نوێنەری یەكگرتوو، سكرتێری حیزبی شیوعی كوردستان بۆچونی خۆی خستە ڕوو:


د. كاوە:
- بەنیسبەت حیزبی شیوعیەوە بژاردەی ئێمە دەوڵەتی كوردستانی سەربەخۆیەو دەستورێكی مەدەنی عیلمانی هەبێت.
- قۆناغی ئیستیفتا هەیەو قۆناغی دوای ئیستیفتاش گرنگەو پێویستە بەرنامەی بۆ دابنێین.
- پێویستە هەموو ئەگەرەكانمان لەبەرچاو بێت‌و پەرلەمان‌و حكومەت‌و وەزعی خەڵك چاك بكەینەوە.
- هەموو فایلەكان گرێدراون بەیەكەوەو كار لەسەر یەكتر دەكەن پێویستمان بەوە هەیە نەخشە ڕێگامان هەبێت بۆ كاركردن‌و چۆن خۆمان ئامادە بكەین بۆ ریفراندۆم.
- مەشروعیەتی ئیستیفتا لەوەدایە بڵێین بۆ ئیستیفتا دەكەین؟
- دەستوری عێراق دەڵێت یەكپارچەی خاكی عێراق بەندە بە جێبەجێكردنی ئەم دەستورەوەو چەندین مادە هەیە یارمەتیدەرە بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم.
- لە یاساكانی ئێمە مەسەلەی‌ چارەنوسسازەكان بەندە بە پەرلەمانەوەو پێویستە كەلێن نەیەڵین.
- خیتابی سەرۆك وای پیشان دەدات ئەمە وەك دژەكردارە لەسەر سیاسەتی مالیكی یان بەغدا.
- ناكرێت واباسی بكەین كە داوای ئیستیفتا دەكەین بۆ دەستكەوتە لە بەغدا، بۆیە دەبێت جەنابی سەرۆك ئەم مەسەلەیە بڕەوێنێتەوە.
- ئێمە لە نیسانی ئەم ساڵدا نەخشەرێگاو میكانیزمەكەمان داوەتە حیزبەكان.
-ریفراندۆم پێویستی بە كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن هەیەو لەنێوان پێنج حیزب قۆرخكراوە.
- ئێستا لەو پێنج حزبە دوانیان لێرە نین (گۆڕان‌و كۆمەڵ).
- باشە كۆمسیۆن فراوان بكرێت‌و حزبەكانی تری تێدا بەشداربن.
دواتر هەریەك لە نوێنەرانی حیزبەكان‌و سەركردەكان ڕاوبۆچوونی خۆیان دەربڕی لەنێوان پشتگیریكردنی تەواو لە ئەنجامدانی پرۆسەكەو دوودڵی‌و مەترسی، هەندێكیش لەوانە هۆكارەكانی بابەتی‌و خودییان خستەڕوو..


سەرۆكی هەرێم/   
-   پرسیارێك لە سەرۆكی كۆمسێۆنی باڵای هەڵبژاردن‌و راپرسی دەكەم، چەند كاتتان دەوێ بۆ ئەنجامدانی؟


+ هەندرێن (كۆمسیۆن)
- بەپێی یاسا كۆمسیۆن بەرپرسە لە ئەنجامدانی راپرسی
- كات‌و بودجە گرنگە بۆ ئامادەكاریی
- 120  رۆژمان دەوێ، لەو ڕۆژەوە بودجەی بۆ ئامادە دەكرێت.


سەرۆكی هەرێم بە توڕەییەوە/
- ئەمە تعقیداتەو ئەوكاتەی ناوێت‌و ئەمە كوشتنی كاتە.
- ئەگەر نایكەن با ئیعلانی بكەین ؟
- زۆر باشە بزوتنەوەی گوڕان‌و كۆمەڵی ئیسلامی بەشداربن، بەڵام نایەن‌و بەشدار نابن، چونكە هەڵویستی پێشوەختەیان هەیە.
- هەتا ئەمەریكاش دژ بێت ئێمە دەیكەین.
- ئەگەر نایكەن من تحدیدی كاتی ئەنجامدانی دەكەم.
- باشە وەفدێك بچێتە بەغداو سەردانیان بكات.
لەسەر دیاریكردنی كات‌و رۆژی ئەنجامدانی گفتووگۆیەكی زۆر كرا، سەعدی پیرە وەك دورترین كات پێشنیاری 25/9/2017ی كردو هەمووان پشتگیرییان كرد كە ببیتە رۆژی ئەنجامدانی ریفراندۆم، كە بەلای منەوە (ئەبو كاروان) جێی سەرسوڕمان بوو لە یەكەم كۆبونەوەدا ئەو بڕیارە بدرێ.
دیار بوو پێشوەخت سەرۆكی هەرێم فەرمانەكەی ئامادەكردبوو، تەنها كاتەكەو واژووی مابوو، هەر لەدوای ڕازیبوونی هەمووان واژوویان لەسەركرد.

سەرەڕای ئەوەی سەرجەم ئامادەبووان كێشەو گرفتەكانی حوكمڕانی‌و خەڵكیان خستەڕوو لە ڕاگرتنی كاری پەرلەمان‌و بڕینی موچەی موچەخۆران‌و خراپی ژیان‌و گوزەرانی خەڵك، كاتێك بەلاغی ئامادەكراویان خستەڕوو، بەبێ ئەوەی مەرجی كاراكردنەوەی پەرلەمان‌و چارەسەركردنی كێشەكانی تێدابێت، بۆیە ئاگەداری هاوڕێی سكرتێری حزبمانم كردەوە كە مادام بڕیار درا رێفراندۆم بكرێت، ناكرێت ئەو بابەتانە لە ناوەڕۆكی بەلاغەكەدا بوونی نەبێت، دوای خستنەڕووی ئەو پێشنیارانە لەلایەن هەمووانەوە پەسەندكرا.

ئەوكاتەی بڕیاری دیاریكردنی كاتەكە درا، كە لای من پەسەند نەبوو، داوامكرد چەند پێشنیارێك بخەمەڕوو بەم شێوەیەی خوارەوە:

ئەبو كاروان/
- كاراكردنەوەی پەرلەمان گرنگی خۆی هەیەو بەشێكی زۆری كێشەو قەیرانەكان بەندە بە كاراكردنەوەی پەرلەمانەوە.
- كاتێك مام جەلال بڕیاری ئاشتی دابوو، هاوڕێ عەزیز لەبارەگای حیزبمان لە سلێمانی‌ گفتوگۆی لەگەڵ كرد، ئەویش وتی موافقم لەسەر پێشنیارەكانت، بڕۆ كۆبونەوەیەك‌ بە (مەكتەبی سیاسی) یەكێتی بكەو موافقەیان پێ بكەو منیش پشتگیریت دەكەم، ئەوە بوو دواتر نامەی نوسی بۆ بەڕێزت‌و پرۆسەی ئاشتی دەستی پێكرد.
- باشە هەر ئەمڕۆ موبادەرە بكەیت بڕیار بدەیت پەرلەمان كارا بكرێتەوەو خودی دكتۆر یوسف سەرۆكی پەرلەمان بگەڕێتەوە سەر كارەكەی.
-  ئێوە حەقی خۆتانە وەكو پارتی رێككەوتن لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان هەڵوەشێننەوە، بەڵام ئەوەی كراوە تەنها بەرانبەر گۆڕان نییە، بەڵكو پەرلەمان هی خەڵك‌و هەموو حیزب‌و لایەنە سیاسییەكانە، بۆیە ناكرێت پەرلەمان بەم شێوەیە كارەكانی رابگیرێت.
- گریمان ئەمەی كردوتانە سزادانی دكتۆر یوسفە، بەڵام ناكرێ ئەم سزایە هەتا هەتایی بێت، بەشێكی زۆر لە كێشەكان بە ریفراندۆم‌و هەڵبژاردنیشەوە پەیوەستە بە پەرلەمانەوە.
- بۆیە من داوام وایە ئەو بڕیارە بدەن.


وەڵامی كاك مەسعود/
- من لەگەڵ ئەوەدام تۆ (ئەبو كاروان) ببیتە سەرۆكی پەرلەمان، یان لە یەكێتی، یەكگرتوو، یان هەر كەسێكی تر، بەڵام تحفزم هەیە لە سەر بزوتنەوەی گۆڕان بێت.
- دكتۆر یوسف ناگەڕێتەوە پەرلەمان، چونكە خۆی بووە بەشێك لە كێشەكان كە پێشتر نە جەوهر نامق - نە دكتۆر كەمال نە دكتۆر فوئادو نە ئەوانی تر وانەبوو و بەو شێوەیە كاریان كرد...هتد.

نامەكەی ریك تیلەرسن
 لەڕۆژی 17/9/2017 كۆبونەوەی ئەنجومەنی باڵای ریفراندۆم ئەنجامدراو نامەیەكی وەزیری دەرەوەی ئەمریكا گەیشت‌و هێشتا تەرجومە نەكرا بوو، د. فوئاد حوسەین خوێندیەوەو بڕگەو بابەتەكانی بۆ بەشداربوانی كۆبونەوەكە باس دەكرد، كۆمەڵێ خاڵی هەرە ئیجابی تێدابوو، بڕوام وا بوو ئەو نامەیە دەرگایەك بوو بۆ كشانەوەو دواخستنی ئەنجامدانی ریفراندۆم لەكاتێكدا یەك دەوڵەت نەبوو پشتگیریمان لێ بكات، دەرفەتێك بوو خۆمان لەمەترسی جدی دوربخەینەوە، لەكاتێكدا هەڕەشەی عێراق‌و ئێران‌و توركیامان لەسەر بوو، بەڵام ئەوەی بینیم لەلایەن سەركردەی حیزبەكانەوە پێچەوانەی پێشبینییەكانی من بوو، دژی هەرجۆرە دواخستنێك بوون، بەتایبەتی حیزبەكانی دەرەوەی پارتی‌و یەكێتی!
بۆ مێژوو سەرۆكی هەرێم‌و سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران‌و مەلا بەختیار لەگفتوگۆكەیاندا زیاتر وردبین‌و مەترسییەكانیان خستەڕوو و باسی دواخستنی پرۆسەكەیان كرد لەنێوان قسەكانیاندا، مەیلیان بەلای جۆرێك لە دواخستنی مەعقول بوو، كەچی حیزبەكانە تر پێچەوانە لەگەڵ ئەنجامدان بوون.

د. كاوە/
- بەبۆچونی ئێمە ئەم نامەیە دەچێتە خانەی نییەت باشی ئەمریكاو نامەیەكی خراپ نییە، بەڵام ئەم نامەیە مولزم نییەو ئەمریكا ناتوانێ‌ لەجیاتی عێراق قسە بكات، چونكە ئێمە باسی سەربەخۆیی لەگەڵ عێراقدا دەكەین نەك داوای سەربەخۆیی لە ئەمریكا، بۆیە ناردنی ئەم جۆرە نامەیە زەمانەتی نییە، دەبێ‌ ئیتفاقی مولزم لەگەڵ عێراق بكرێ‌ بە چاودێری ئەمریكاو نەتەوە یەكگرتووەكان‌و مەحزەرێك بنوسین كە تێدا ئەمریكا واژووی لەسەر بكات كە راپرسی دوادەخەین بۆ ساڵێك‌و دوای ساڵەكە  دان بە ئەنجامدانی ریفراندۆم‌و دەوڵەتی كوردستانی بنێن، بە هەمان شێوە بەریتانیا- فەرەنسا- یو ئێن- حەیدەر عەبادی واژووی لەسەر بكەن، ئەوكاتە دوای بخەین.
-  دەمێنێتەوە دەبێ‌ بەنەرمی مامەڵە بكەین‌و وەڵامی بدەینەوە، بەڵام ئەم نامەیە جاریكی تر دەڵێم زەمانەتی نییە.
-  تەنها زەمان ئەنجامدانی ریفراندۆمەو لەوەڵامی نامەكەدا پێیان بڵێین ئێمە ریفراندۆم دەكەین، بەڵام مانای ئەوە نییە راستەوخۆ دەوڵەت ئیعلان دەكەین.
- واتە ئەم نامەیە باشە بۆ مفاوزات، بەڵام دوای ئەنجامدانی ریفراندۆم.
بەڵام لە دوای گفتوگۆی هاوڕێ كاوە، بەشێكی زۆری سەركردەی حیزبەكان بەهەمان شێوە بۆچونەكانیان خستەڕوو، جگە لە چەند سەركردیەكی پارتی‌و یەكێتی نەبێت وردتر لەسەر بابەتەكە دوان، لای خۆمەوە سەیرم لێهات‌و وتم:

(ئەبوكاروان)/
- دیارە ئێمە وەكو هەرێمی كوردستان براوەی  شەڕی جیهانی سێهەمین‌و سەركەوتووبوین‌و دەبێ داخوازییەكانمان بچەسپێنین بەسەر ئەو دەوڵەتانەدا.
- دیارە سوپای سوری سۆڤیەتی جارانمان لە پشتەو پشتگیریمان دەكەن! ئەگینا چۆن دەتواین ئەو خاڵانە بەسەر ئەو دەوڵەتانە بسەپێنین؟!

مەلا بەختیار/
-  كۆبونەوەیەكی گرنگەو بەتایبەت بەدیل هاتووتە ئاراوەو پێویستە وردتر بدوێین.
-  هەردەم وتومانە بەدیل‌و گەرەنتی پێویستە.
-  پێویستە هاوكێشەكە بگۆڕین‌و لەگەڵ دەوڵەتاندا بین، گەر وانەكەین لە قازانجی وڵاتانی ئیقلیمی دەبێت.
-  لەمەیلی عاتفی دووربكەوینەوە، ئایا دەتوانین ریفراندۆم ئەنجام بدەین؟
-  لەمێژووی هەردوو شۆڕشەكەدا، كەی وەزیری خاریجی ئەمریكی‌و بەریتانیا هاتونەتە سەر خەت لەسەر پرسی كوردستان وەكو ئێستا؟
-  ئێمە نەمان وتووە واز بێنین لە ئەنجامدانی ریفراندۆم، بەڵكو دەڵێین دوا بخرێ‌.
-  ئێمە بەڕاشكاوی دەڵێین‌و بەجددی ئەم نامەیە بەهەند وەردەگرین‌و دوو شت زیاد بكەین نەك بەپێچەوانەوە.
-  ئێمەو پارتی ئییتفاقمان كردووە لەسەر حەوت خاڵ‌و جێبەجێی دەكەین.
-  معارەزەی كوردستانی لەكوڕ نەریك بوو، ئێستا ناچاربووە بێتە پەرلەمان.
-  ئێستا ئاسان نییە ئێمە لە كۆبونەوەداین‌و وەزیری خاریجی بەریتانی تەلەفۆن بۆ كاك مەسعود دەكات، باشە هاوكاری كاك مەسعود بكەین.
-  باشە توركیاو ئێران لەبیر نەكەین‌و ئیقتیسادمان پەیوەندی بەوانەوە هەیە.
-  باشە زیاتر بایەخ بەبەغدا بدەین‌و بەبێ‌ موافەقەتی بەغدا هیچ ناكرێ.‌
-  فەشەلترین مفاوەزات ئەوەیە كاك مەسعود وەك شەخسی یەكەمی بیكات دەبێت گروپێك دیاری بكەین.
-  ئومێدەوارم هەڵسەنگاندنی بابەتیمان هەبێت.
-  بەهیچ شێوەیەك ئیعتراف بەوە نەكەین ئێستا ریفراندۆم دوادەخەین تا كۆتا بڕیار.

نێچیرڤان بارزانی/
-  لەبڕیار ریفراندۆم دەستكەوتمان بەدەستهێناوە لە ناوخۆو دەرەوە.
-  بەباسكردنی ریفراندۆم قەزیەی كوردیمان گەیاندووەتە دونیا.
-  كەواتە ریفراندۆم وەك وەسیلەیەك بۆ هەدەفێك زۆری تەحقیق كرد.
-  چەند بژاردەیەك لەبەردەممانە لەوانە:
1-  ریفراندۆم بكەین‌و تەحەمولی ئەنجامەكەی بكەین، بەڵێ‌ توركیا حدود دابخات بۆ دوو مانگیش بێت كاریگەری دەبێت، هەروەها ئەو دەوڵەتانە بەگاڵتە ئەو قسانە ناكەن.
2- بژاردەی دووەم لەناوچە جێناكۆكەكان ریفراندۆم نەكەین، لەكاتێكدا ئەگەر لەو ناوچانە ئەنجامی بدەین‌و كێشە دروست بێت بەرپرسیاری دەخەنە سەر ئێمە، بەڵام ئەگەر لەو ناوچانە ئەنجام نەدرێت‌و ئەوان لەپارێزگاكانی تریش كێشە دروست بكەن ئەوا حكومەتی عێراق مەسئول دەبێت، هەدەفی ئێمە رێككەوتنە لەگەڵ بەغدا.
-  هەوڵەدەین لە ناوەڕۆكی نامەكە بگۆڕین بۆ دەستكەوتی زیاتر.
-  ئەگەر ئیلتیزامی زیاترمان بدەنێ‌ ئاساییە دوای بخەین.

كاك مەسعود/
- هەموو بۆچوونەكانتان لە حەرسەوەیە، ئێمە هەموومان كۆكین لەسەر هەدەفێك.
-  كە چووین بۆ بەغداد وتمان تەجروبەی هاوبەشمان فەشەلی هێنا زۆر نەرم بوون، بەڵام كاتێ‌ هەڵوێستی ئەمەریكایان بینی تەشجیع كران‌و توندبوون.
-  كەمیل شمعون دەیگوت گەر دۆستی ئەمەریكا بن دەكوژرێن گەر دوژمنیان بن دەسوتێنرێن.
-  سەرەتا وایانزانی كارتی فشارە بەڵام دواتر بۆیان دەركەوت بە جدیمانە.
-  نامەكە فەرقی هەیە بەڵام زه‌مانەتی تێدا نییە بۆ ئیستیفتا‌.
-  لەڕووی عەسكەرییەوە بە خەیاڵمان نایەت بەڵام فشارەكانی تر كاریگەری دەبێت.
-  گەر وتیان نەگەڕێینەوە واتا كەركوك‌و خانەقین‌و شوێنەكانی تر لەدەستمان دەرەچێ‌.
-  واتا عێراق ئەوەندە نزیك ئەبێتەوە دەتوانن تۆپبارانی دهۆك بكەن.
-  باشە تووشی شەڕ نەبین‌و لەو ناوچانە كێشەی هەیە ئەنجامی نەدەین. (كەركوك‌و خانەقین)
-  حەیدەر ‌عەبادی ئامادە نییە یەك وەرەقە تەوقیع بكات بەرامبەر ساڵێكیش تەئجیل.
-  گەر زەمانەت نەبێت واتا ئینتحارە.
 - وەڵامی نامەكە بدەینەوە گەر ئەمەریكاش زەمانەت بدات هەر باشە.
-  گەر كێشە دروست بێت لە كەركوك‌و ئەو ناوچانە دوای بخەین باشترە لەوێ، ئێمەش نامانەوێ‌ توشی شەڕ بین.
-  گەر زەمان نەبوو حەلی دووەم ئەوەیە لەو ناوچانە تاجیلی بكەین.
لە كۆتایی نووسینی ئەم بابەتە دەمەوێ چەند پرسێاریك بكەم، ئەرێ بەباشی دیراسەی ئەو بابەتە كرا؟ ئایا زەمینەسازی بۆ كرا بوو؟ تا چەند تەسەوراتی سەركردەكانی بەشداربووی بڕیاری ریفراندۆم لەجێی خۆیدا بوو لەكاتێكدا یەك دەوڵەت پشتگیری لێ نەدەكردین؟ ئەرێ تێگەیشتنمان لە ئاست ململانێی نێودەوڵەتی‌و بەرژەوەندی نێودەوڵەتیدا بوو؟ ئەرێ تەسەوراتی بەشداربووان لەجێی خۆیدا بوو كە وترا شیعە شەڕی كورد ناكات‌و سیستانی شەڕی كورد مەحروم دەكات؟ ئەرێ لەدوای ئەنجامدانی ریفراندوم‌و بڕیارەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق‌و كۆكردنەوەی هێزەكان حەشدی شەعبی‌و سوپای عێراق، ئەو بۆچوونە دروست بوو كە وترا چەند فشارمان لەسەر بكەن ئەوەندەی تر راگەیاندنی دەوڵەتی كوردستانی نزیك دەبێتەوە؟ بۆ وەڵامی ئەو پرسیارانە وەك شایەتحاڵێك، كورتبێنی بیركردنەوەی سەركردایەتی سیاسی حیزبەكانی بەشداربووی ریفراندۆمم بۆ دەركەوت كە لە كتێبەكمداو لە داهاتوودا بەناونیشانی (ریفراندۆم لە هەرێمی كوردستان) بڵاودەبێتەوە.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن

Advertisement