ئەدەب ڕێگایەک بۆ گۆڕینی دونیا
10:26 - 24/09/2021
حسەین لەتیف
1
سیاسەت یەکەیەکە لە کلتور، کۆی کلتور نییە، ئەو کاتەی دەیەوێت ببێتە کۆی کلتور، کۆمەڵگەیەکی تاک ڕەهەند و مرۆڤی تاک ڕەهەند بەرهەم دەهێنێت، هەموو کایەکانی ژیان بەخۆی بارگاوی دەکات، ئەدەب و هونەر و ئاین و ئۆڵۆمپیاد لەوەدەکەون کاریگەری سروشتی خۆیان لەسەر ژیانی مرۆڤ جێبهێڵن.
کومەڵگەی کوردی،سیاسەت دەستی ناوەتە بینەقاقای.حزبەکان نووسەر و هونەرمەند و پیاوی ئاینی تایبەت بەخۆیان هەیە.
2
سیاسەت یەک ڕێگایە بۆ دەستکاریکردنی ژیانی کۆمەڵگە، هەموو ڕێگاکان نییە. بابەک ئەحمەدی و ئەدۆنیس یەکەمیان لە کتێبی "جوانی و،حەقیقەت " و دووەمیان لە کتێبی "منداڵی ،شیعر،تاراوگە" هەردووکیان کۆکن لەسەر ئەوەی ئەدەب و هونەر ڕێگایەکن بۆگۆڕینی دونیا، سیاسەت ڕێگایەکی ترە.
3
سیاسەت دونیا بەخێراییەکی بەرچاو دەگۆڕێت،بەڵام نەخشەی ئەو دونیایەی کە دەیەوێت بیگۆڕێت خوێناوی دەکات. ئەدەب و هونەر کاریگەرییان خاوە، کاریگەرییەکەیان لە دوور مەودا دەردەکەوێت، بەڵام بێکارەساتە. ئەدەب و هونەر بەرلەوەی جوگرافیا و ڕژێمە سیاسییەکان بگۆڕن، مرۆڤ دەگۆڕن،دەستکاری خەیاڵ و هۆشیاری مرۆڤ دەکەن، کە هۆشیاری و خەیاڵی مرۆڤ گۆڕا،ئینجا سیستم دەگۆڕێت. ئافاتی کۆمەڵگەی کوردی و هاوشێوەکانی ئەوەبووە بەردەوام ئەدەب و هونەر بێ کاریگەر کراون تیایاندا، کۆمەڵگەی کوردی و هاوشێوەکانی ،هەمیشە بۆ گۆڕینی دونیای خۆیان پەنایان بۆ سیاسەت بردووە، هەربۆیەش گۆڕانی جەوهەری لەژیانی کۆمەڵگە و ژێرخانی هۆشیاریماندا ڕووینەداوە، ئەوەی کە گۆڕاوە ڕژێمەکانە نەک ژێرخانی ڕۆشنبیرییەک کە ڕژێمەکانی بەرهەم هێناوە.
4
سیاسەت بە جۆرێک کۆمەڵگەی داگیرکردووە، نەگۆڕان خەریکە دەبێتە یەکێک لە جەوهەرەکانی کۆمەڵگە، نائومیدی دەبێتە سیمایەک لە سیما دیارەکانی کۆمەڵگە.
هیچ هێزێکی سیاسی کوردی دونیابینی نییە بۆ ئەدەب،بەڵکو لە گوتاری میدیاییاندا، پەراوێزێکیان بۆ ئەدەب و هونەرکردووەتەوە . ژیان و مەرگی هیچ شاعیر و هونەرمەندێک، نابێت بە هەواڵی لاپەڕەی یەکەمی ڕۆژنامەکان ئەگەر ئەو شاعیرە یان ئەو هونەرمەندە نزیکایەتی لەحزبەوە.
5
بۆ ئەوەی گۆڕانی ڕاستەقینە ڕووبدات، پێویستە کۆمەڵگە بەتەنها سەرنجی لەسەر سیاسەت نەبێت وەک چالاکییەکی کۆمەڵایەتی، بەڵکو ئەدەب و هونەریش وزەیەکی گرنگن لەگۆڕینی ژیانی کۆمەڵگادا.
ئەوەی ئەوروپای گۆڕی بەتەنها سیاسەت نەبوو ،بەڵکو ئەو ڕێنیسانسە بوو لە ئەدەب و هونەرەوە دەرکەوت.
کانت لەباسی ڕۆشگەریدا دەڵێت:( ڕۆشنگەری ڕزگاربوونی مرۆڤە لەودەستەوەستانییەی تێیکەوتووە)ئایا ڕۆشنگەری بەبێ ئەدیب و هونەرمەندە مەزنەکانی ڕوویدەدا؟ ئایا کۆمەڵگەی ئەوروپی و ڕۆژئاوا بەبێ دانتی وشەکسپێر و چارلز دیکنز دەیتوانی قۆناغێک تێپەڕێنێت و ژیانی ئێستای بژێت؟
6
کۆمەڵگەی کوردی پێویستی بەوەیە قۆناغی ڕۆشنگەرانەی خۆی بژێت، بۆ ئەوەی ئەو قۆناغە تاقی بکاتەوە پێویستە ڕەهەندی زاڵی سیاسەت بەسەر کۆمەڵگەوە کاڵبکرێتەوە، سیاسەت لێگەڕێت ئەدەب وەک ئەدەب وهونەر وەک هونەر لە کۆمەڵگەدا بژێن.
7
ئەگەر جیاکردنەوەی ئاین لە دەوڵەت کێشەی کۆمەڵگە ئەوروپاییەکان بووبێت، ئەوا کێشەی کۆمەڵگەی ئێمە کێشەی کاڵکردنەوەی ڕەهەندی زاڵی سیاسەتە بەسەر کۆی کایەکانی ژیانەوە،چونکە سیاسەت کردن بووە بەپیشەی هەمووان! وزەیەکی زۆری مرۆڤی کۆمەڵگەی ئێمە لە کایەیەکدا خەرج دەکرێت بەردەوام گۆڕانی کەم و کارەساتی زۆری بۆ خولقاندوین.
ئەدەب لە سیاسەت قوڵتر دنیا فرگۆڕێت....