عەلی حەمەساڵح: بەدواداچوون دەكەین لەوەی دادوەرانی هەولێر پارە لەخەڵك وەردەگرن یان نا
08:40 - 24/09/2021
زەمەن-
عەلی حەمەساڵح، پەرلەمانتاری فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان رایدەگەیەنێت، بەدواداچوونی كردووە بۆ وتەی پارێزەرێك بەوەی ژمارەیەك دادوەر لە دادگای هەولێر "دەڵاڵ"یان هەیە و پارە لە خەڵك وەردەگرن.
عەلی حەمەساڵح لە فەیسبووكی خۆی نووسیویەتی "ئەمڕۆ بەدواداچونی بۆ وتەی پارێزەرێك كردووە كە وتویەتی "ژمارەیەك دادوەر لە دادگای تێهەڵچوونەوەی ناوچەی هەولێر دەڵاڵیان هەیە و پارە لە خەڵك و لە پارێزەران وەردەگرن لە دادگاكانی (كەتن، بەرایی، پێداچوونەوە)".
ناوبراو ئاماژەی بەوەكردووە "قسەم لەگەڵ سەرۆكی دەستەی دەستپاكی و داواكاری گشتی كرد و داوای لێكۆڵینەوەی یاساییم كرد، پێیان ڕاگەیاندم: ڕۆژی یەكشەممە دەست دەكەین بە لێكۆڵینەوە لە زانیاری و بەڵگەكانی ئەو پارێزەرە، بۆ دڵنیابونەوە لەوەی ئەم زانیاریانە ڕاستە یان نا".