773 کەلتور

لە یادی 700 ساڵەی کۆچی نووسەری "کۆمیدیای خودایی"

04:31 - 14/09/2021

بەکر شوانی

 

"کۆمیدیا"، یان وەك لە سەردەمەکانی دواتردا بە "کۆمیدیای خودایی" ناوی براوە، ئەو شاکارەیە کە ناوی شاعیری ئیتاڵی دانتێ ئالیگیریی بە هەموو گۆشەیەکی جیهان گەیاندووە. دانتێ ساڵی ١٣٠٧ لە تاراوگە دەستی بە نووسینی کۆمیدیای خودایی کردووە و باوەڕ دەکرێت ماوەیەکی کورت بەر لە مردنی، تەواوی کردبێت. کۆمیدیای خودایی بە واتەدارترین شیعری ئەدەبی ئیتاڵی و بە یەکێك لە تێکستەکانی ئەدەبی جیهانی دادەنرێت و هەمان کات نووسینی ئەو شاکارە بە زمانی ئیتاڵی، سەرەتای بەکارهێنانی ئەو زمانە بوو لە نووسیندا. ئەم داستانە شیعرییە بۆچوونێکی خەیاڵی لە خۆدەگرێت کە لەسەر بنەمای کۆمەڵێك ڕەگەزی مەجازی دەربارەی دونیای ئەودیو لە ڕوانگەی ئاینی مەسیحییەوە هەڵچندراوە. هاوکات ڕەهەندەکانی فەلسەفەی سەدەکانی ناوەڕاست لە خۆدەگرێت بەو شێوەیەی کە لە کلێسای ڕۆژئاوایی (کاتۆلیکی ڕۆمانی)دا گەشەی کردووە.

دۆزەخ، بەرزەخ، بەهەشت
کۆمیدیای خودایی بەسەر سێ دەروازە دابەش دەبێت: دۆزەخ، بەرزەخ، بەهەشت. ئەمەی من لێرەدا وەك "بەرزەخ" ناوم هێناوە، بە ئیتاڵی (Purgatorium) و بە ئەڵمانی (Fegefeuer-Reinigungsort)ە. چەمکی بەرزەخ لە مەسیحییەتدا بۆ سەرەتای سەرهەڵدانی ئاینەکە دەگەڕێتەوە، بەڵام یەکەم جار لە سەدەی شەشەمدا ئاماژەی بۆ کراوە. بەپێی کڵێسای ڕۆژئاوایی، بەرزەخ بە واتەی ئەوە دێت ئەگەر کەسێكی باوەڕمەند بمرێت، یەکسەر ناچێتە ئاسمان (بەهەشت لە ئاینی مەسیحیدا)، بەڵکو پێویستە ماوەیەك لە بەرزەخ چاوەڕێ بکات تا ڕوحی پاك دەبێتەوە.
بەشی دۆزەخی کۆمیدیای خودایی ٣٤ پارچە یان سروودە و هەریەكێک لە بەشەکانی بەرزەخ و بەهەشتیش ٣٣ سروودن. واتە کۆمیدیای خودایی بەسەریەکەوە لە ١٠٠ سروود و ١٤٢٣٣ بەیت پێکهاتووە. بەگوێرەی ڕووداوەکانی داستانی کۆمیدیای خودایی، گەشتەکەی دانتێ لەو دونیا هەفتەیەك دەخایەنێت؛ دوو ڕۆژ لە دۆزەخ، چوار ڕۆژ لە بەرزەخ و ڕۆژێك لە بەهەشت. پاڵەوانی داستانەکە، دانتێ خۆیەتی کە لە دارستانێکی پڕ لە تاواندا ڕێگەی لێ ون بووە و لەبەردەم دووڕیانێکدا ڕاوەستاوە. شاعیر لەو جیهانە خەیاڵکردەی خۆیدا ئاماژە بۆ هەبوونی باشە و خراپە دەکات و پێی وایە مرۆڤ خۆی سەرچاوەی خراپەیە. ئەو لە سردووی شازدەیەمی بەشی بەرزەخدا دەڵێت: "ئەگەر جیهان بەلاڕێدا چووە و گومڕا بووە، ئەوا لە خۆتاندا بە دوای هۆکاردا بگەڕێن." دانتێ دەڵێت مرۆڤ هەمیشە لە دەوروبەری خۆی بە دوای سەرچاوەی خراپەدا دەگەڕێت، خۆی بە بێتاوان دەزانێت و هەموو گوناهەکان دەخاتە ئەستۆی ئاسمان. شاعیر، دۆزەخ وەك شوێنێکی بێ بەش لە تیشکی خوا وەسف دەکات. بەرزەخیش بە دوورگەیەکی بچووکی ناو باخێکی پڕ لە ژیان دادەنێت و لە ناخی خۆیدا ئارەزووی گەشتێك بۆ دنیای ئەودیو دەکات بە مەبەستی گەیشتن بە ئاسوودەیی هەمیشەیی. بە چاوپۆشین لە ئاینەکان، لە بۆچوونی دانتێدا جەوهەری خوا هەمان شتە و ئەو باوەڕی بە خوایەك هەبوو کە ناجووڵێت، بەڵام جووڵێنەرە.


خوێندنەوەیەکی هاوچەرخانە بۆ کۆمیدیای خودایی

مێژوونووسی فەلسەفە و نووسەری ناسراوی ئەڵمانی کورت فلاش لە کتێبێکدا بە ناونیشانی "بانگهێشت بۆ خوێندنەوەی دانتێ" کە ساڵی 2015 کەوتووەتە بازاڕەوە، سەرلەنوێ و لە ڕوانگەیەکی هاوچەرخانەوە کۆمیدیای خودایی دەخوێنێتەوە. لە ماوەی ڕابردوودا بە زمانی ئەڵمانی چەند خوێندنەوەیەك بۆ کتێبەکەی فلاش کراوە و کۆمەڵێك وتاری لەسەر نووسراوە. ئەمەی لای خوارەوە پووختەیەکی ئەو خوێندنەوانەیە.

ئەگەر وای دابنێین کتێبی کۆمیدیای خودایی لە سەدەی چواردەیەمدا نا، بەڵکو لەلایەن نووسەرێکی ئەم سەردەمەوە بنووسرایە، ئەوا دەمانتوانی پێشبینی بکەین چۆن نووسەر بۆمانی ڕوون دەکردەوە کە بەشێکی زۆری سەرانی سیاسی و ئابووری و ئاینیی ئەم سەردەمە لە ئازاری دۆزەخ و بەرزەخدا دەناڵێنن! هەروەها نووسەر دەیتوانی بە بەڵگەوە بیسەلێمێنێت بۆچی ئەو بەڕێزانە لە دۆزەخ و بەرزەخ دەبوون؟ ئەم گریمانەیە بۆمان دەردەخات کە کۆمیدیای خودایی دژی بەرژەوەندی و چێژی دەسەڵاتدارانی سیاسی و پیاوانی ئاینی و هەندێك لە ڕۆشنبیرانی ئەو سەردەمە و سەردەمەکانی دواتر بووە و لەلایەن ئەوانەوە ڕەت کراوەتەوە. تەنانەت شاعیری ئەڵمان ڤۆلفگانگ گوێتە (١٧٤٩-١٨٣٢) لە وەسفکردنی دانتێ دا دەستەواژەی "ئێڵنجدەر، خۆ بە گەورەزانێکی دزێو"ی بەکارهێناوە. دانتێ بە زمانێکی سادە پادشا و میر و بەگزادە و پاپاکانی سەردەمی خۆی دادگایی دەکات و خوا و ئیبلیس سزاکانی ئەو دادگایە جێبەجێ دەکەن. هەر لەو سۆنگەیەشەوەیە کە ماوەی ٧٠٠ ساڵە کۆمیدیای خودایی بێ دابڕان دەخوێندرێتەوە. مێژوونووسی فەلسەفە فلاش سەرجەم سروودەکانی کۆمیدیای خودایی لە شێوەی پەخشاندا بۆ زمانی ئەڵمانی وەرگێڕاوە و پێشەکییەکی دەوڵەمەندی بۆ نووسیوە. فلاش، مرۆڤی سەدەی بیست و یەکەم بانگهێشت دەکات بۆ سەدەکانی ناوەڕاست کە تیایاندا مێشکی مرۆڤەکان بە بیرکردنەوەی ئاڵۆزەوە سەرقاڵ بوو. کتێبەکەی فلاش بۆ پسپۆر و تایبەتمەندانی دانتێ نییە، بەڵکو بۆ هاوڕێیانی دانتێ و هەرکەسێکە کە خۆی تاقی بکاتەوە بۆ ئەوەی بزانێت داخۆ دەبێت بە هاوڕێی دانتێ یاخۆ نا؟
خوێندنەوەی کۆمیدیای خودایی تەنانەت مرۆڤە هاوچەرخ وعەلمانییەکانی سەردەمیش تووشی شۆك دەکات. فلاش دەنووسێت: "کۆمیدیا تا بڵێیت توند، خەیاڵی، زیادەڕۆ، بێ هاوتا، سیاسی، کێوی و زۆڵێکی پێش قۆناغی بە شارستانیبوونە. خەیاڵ و بیرکردنەوەی باو بە جۆرێك پێچەوانە دەکاتەوە کە دەکرێت فەرامۆش بکرێن، بەڵام ناکرێت لە بیر بکرێن." فلاش بە زمانێکی سادە و بە پەخشانێکی جوان بۆمان ڕوون دەکاتەوە چۆن دانتێ بە دۆزەخ و بەرزەخدا گەشت دەکات بۆ ئەوەی لە دوایین مەنزڵدا لە بەهەشت بگات بە خوا و بە بیاتریسی ئەڤینداری کۆچکردووی. ئەو گەشتەیش لە خەیاڵدا ڕوودەدات. بەڵام ئەو خەیاڵەی شاعیر هەمان کات وێناکردنێکی ڕوونی زانستەکانی مێژوویی و ئەدەبی و فەلسەفی و خواناسیی سەرەتاکانی سەدەی چواردەیەمە. خوێنەر لە کۆتایی کتێبەکەی فلاشدا بە سەرسوڕمانەوە بۆی دەردەکەوێت کە ئێمەی مرۆگەلی هاوچەرخ لە هەمان دۆخی مرۆڤەکانی سەردەمی دانتێداین: مرۆڤی ئەم سەردەمە هەوڵ دەدات بە ڕوح ئازاد بێت، کەچی لە بیرکردنەوەیدا دیل و بەندی کۆمەڵێك داب ونەریتی سەدان ساڵەیە، بۆیە لەپڕ هەست دەکات دانتێ زۆر لێوەی نزیکە. وەرگێڕانی کۆمیدیای خودایی بۆ زمانی ئەڵمانی لەلایەن فلاشەوە، ئاسانکارییەکی گەورەیە بۆ ئەوەی وەرگێڕەرانی میللەتانی تر بتوانن بە ئاسانی لە ئەڵمانییەوە بۆ سەر زمانەکانی خۆیان وەری بگێڕن.

 

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن