1168 وەرزش

كۆتايی سه‌رده‌مێك لە بارسێلۆنا

12:47 - 06/08/2021

زه‌مه‌ن - سپۆرت
یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی بڵاویكرده‌وه‌، ئەستێرەی ئەرژەنتینیی یانەکە لیۆنێل مێسی کە گرێبەستەکەی کۆتاییھاتووە، یانەکە جێدەھێڵێت.

بەپێی ئەو راگەیەندراوەی کە لە لایه‌ن یانەکەوە بڵاوکراوەتەوە، هەرچەندە ھەردوولا رێككەوتن لەسەر نوێكردنەوەى گرێبەستی نێوانیان، بەڵام بەھۆی دۆخى ئابووریی یانەکە و رێنماییەکانی لالیگا نەتوانرا گرێبەستەكە واژووبكرێت.

راگەیەندراوەکەی یانەی بارسێلۆنا جەختی لەوە کردووەتەوە کە ھەردوولا بەھۆی ئەو پێشھاتانەوە زۆر نیگەرانن و تیایدا ھاتووە: "لیۆنێل میسی لە بارسیلۆنا نامێنێتەوە. بارسیلۆنا بۆ بەشداریکردن و یاریکردنی سوپاسی میسی دەکات و ھیوای سەرکەوتنی لە ژیانی پیشەیی و تایبەتیدا بۆ دەخوازێت".

لیۆنێل میسی تەمەن ٣٤ ساڵان کە لە ئاکادیمیای لاماسیای بارسێلۆنا پێگەیشتووە، بۆ ماوەی ١٧ وەرز درێسی یانە کەتەلۆنییەکەی پۆشی و لەو ماوەیەدا توانی بە ١٠ خولی لالیگا و چوار جامی یانه‌ پاڵه‌وانه‌كانه‌وه‌ ٣٤ جام بەدەست بھێنێت.

میسی لەگەڵ بارسێلۆنا لە سەرجەم پاڵەوانییەتییەکاندا بەشداریی لە ٧٧٨ یاری کردووە و ٦٧٢ گۆڵی تۆمارکردووە.

لیۆنێل میسی لەگەڵ بارسێلۆنادا توانیویەتی شەش جار خەڵاتی تۆپی زێرین (بالۆندۆر) کە دەدرێتە باشترین یاریزانی ساڵ، بباتەوە.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن