نوێگەرییەکی ئیفلیج!
04:13 - 29/07/2021
حسەین لەتیف-کلتوری زەمەن
1
ئەدەبیاتی ئێمە، ئەدەبیاتێکە بەزۆری کاری لەسەر وتراو کردووە نەک نەوتراو،
کاری لەسەر ئاگایی کردووە نەک نائاگایی، عەرب واتەنی ( مقموع و مسکوت عنه) زۆر زۆرە لێی بێدەنگین.
ڕزگار کردنی مرۆڤی کوردی لە قەیرانە جۆربەجۆرەکان، بە پلەی یەکم گرێدراوی
ڕزگارکردنی هەست نییە، بەڵکو گرێدراوی ڕزگارکردنی نەستیشە. ڕۆشنبیریی بەتەنها بەرهەمی
هۆشیاریی نییە، بەڵکو نائاگاییشە.
ئێمە ڕووبەری نائاگایی خۆمان فەرامۆش کردووە، بەڵکو وەک زۆنێکی مین ڕێژکراو
لێیدەڕوانین.
2
نوێگەری شیعریمان، گرێدراوی فۆڕم
نییە بە تەنها،گرێدراوی بابەتیشە. نوێگەری شیعری چەندە تێمای بەکاربردنی جیاوازیزمانە،
هێندەش تێمای بیرکردنەوەی جیاوازە.
3
بەهای نوێگەری پەیوەست نییە بەو
زەمەنەی دەقی تێدا دەنووسرێت، بەڵکو پەیوەستە بەجیاوازی ڕوانین بۆ شتەکان و بەکاربردنی
جیاوازانەی زمان. شیعر دەبێت وەک بۆمبا بتقێتەوە، دەنگ وڕووناکی هەبێت، دەنگێک
بتوانێت خوێنەرەکەی ڕابچەڵەکێنێت،ڕووناکییەکیش تامەودایەکی دوور بەرچاوی ڕۆشن
بکاتەوە.
4
نالی لەوەدا نوێگەرە قسەی لەسەر ( چەپێنراو ونەوتراو )کرد، بۆ نموونە(مەستورە
کەحەسنا و ئەدیبە حیسابێ) یان( بۆ مەمک نالی چ منداڵانە وەی وەی کردووە). ئەمانە حەرامەکانی
ناو ڕۆشنبیریی کوردی بوون، بەئێستاشەوە. وەک ئەدۆنیس دەڵێت(بەهای نوێگەری لەزەمەندا
نییە لەجیاوازی دایە). نالی بەقسەکردن لەسەرچەپێنراوەکان بۆشایی خستە نێوان خۆی و
ئەوانی ترەوە.
5
ڕۆشنبیریی کوردی گیرۆدەی لێکچوونە. لێکچوون ئافاتی داهێنانە. نوێگەری هەر
ڕۆشنبیرییەک بە جیاوازی دەقەئەدەبیەکانیدا
لەیەکتر دەناسرێتەوە.
نووسین وەک ژەنەراڵی پایز ،زیانێکە لە خۆت و ئەویشی دەدەیت،چونکە لەبری ئەوەی
خۆت بنووسیتەوە،ئەو دەنووسیتەوە.
فۆرم و جیهانبینی، جەستەوگیانی دەقن، ناکرێت ئێمە گیان لەیەکێتر قەرزبکەین
بۆ جەستەی خۆمان.
6
لاسایی کردنەوە، لەبوونەوەرێکی کلتورییەوە دەمانگۆڕێت بۆ بوونەوەرێکی
سروشتی، بۆ دۆخی مەیموونی .
7
نوێگەری چەمکێکی ڕۆژئاواییە، پرەنسیپی عەقڵیی خۆی هەیە لەسەری
دامەزراوە. بەبێ تێگەیشتن و،ئەزموونکردنی ئەوپرەنسیپانە ناتوانین قسە پرۆژەی نوێگەری بخەینە سەر پێی خۆی. کەباوەڕت بە
ئازادی ژن ، مافی مناڵ، پاراستنی ژینگە،
ئازادی تاکەکەس نەبێت،چۆن دەتوانیت لەکۆمەڵگەی نەریتیدا پرۆژەی نوێگەری دابمەزرێنیت؟
8
نوێگەری پرۆژەیەکی گەورەیە،کۆی
کلتور دەگرێتەوە. کوردستان،وەک پێویست لە نوێگەریی خۆیدا ناژێت. نوێگەری شیعری ڕوویداوە، لەنالیەوە ڕوویداوە،لە مەولەوییەو ڕوویداوە،
لە حاجی قادرەوە ڕوویداوە. نوێگەری چەند بارستەیەکی،قورس و یەکگرتووە هێندەش پارچە
پارچەیە.نالی،قسەی لەسەر حەرام کرد. حاجی،قادر لەگوتاری نەتەوە، مەولەویش شیعری بردەوە سەر ڕەگەزە سەرەتاییەکانی خۆی وەک(
وێنە ، مۆسیقا،وشە). بەڵام ئەم نوێگەرییە ئەدەبییە لەگەڵ نوێگەریی سیاسی دا بەتەریبی ڕێگای نەبڕیوە.
بزاوتنەوەی کوردایەتی، سەدساڵێکە حزبی دامەزراندووە، بەڵام ڕوانینی کلاسیکانەیە بۆ
کۆمەڵگە وبەڕێوە بردن.بۆیە لە ئێستادا کۆمەڵگەی کوردی بوونەوەرێکە هەنگەشەلێدەکات.
9
نوێگەری پرۆژەیەکی هەمەلایەنەیە. ڕووداوێکە بەرلەوەی لە شێوەدا ڕووبدات لە
هزردا ڕوودەدات. دامەزراوەکانی نوێگەری لەکۆمەڵگەی کوردی دا، وەک قوتابخانە وحزب،نەیانتوانیوە
نوێنەرایەتی نوێگەری بکەن.حزب لە بریتی هی
نەتەوە بێت هی خێزانە، پەرلەمان لەبریتی ئەوەی هی کۆەمڵگە بێت هی حزبە. ئێمە دامەزراەی
مۆدێرنمان هەیە،بەبێ ئەوەی باوەڕمان بە و پرەنسیپانە هەبێت مۆدێرنەی لەسەر دامەزراوە.
10
ڕۆشنبیریی کوردی ،دەبێت لە بریتی بە پرس کردنی کێشە زەقەکان ،قسە لەسەر کێشە نادیارەکانی مرۆڤی کوردبکات. گێڕانەوەی
کوردی بەناو خاکی مێنڕێژکراوی حەرامەکاندا بڕوات، ڕێگاکانی نوێگەری
ئەزموونکردنی سەفەرە بەخاکە نەبینراوەکانی نائاگایی مرۆڤی کوردیدا.
11
وتمان بەهای نوێگەری ،لە جیاوازیدایە،نموونەمان لە،نالی،هێنایەوە،بەڵام گۆرانیش دیسانەوە نوێگەرە، گۆران لەهەندێک دەقدا شیعر دەباتە دەرەوەی ئاین و ئایدولۆجیا و،سیاسەتیش:
لەژێر ئاسمانی شینا
لەپاڵ لوتکەی بەفرینا
..... .... .......
12
نوێگەری و کلاسیکی بوون لە شیعردا تەنها وەسفێکن بۆ دەقێک ، ڕەگەزێکن شوناس دیاریدەکەن.
شوناسی هەرشاعیرێک ئەوەیە کە خۆی بۆ خۆی دیاریدەکات. لە چۆنیتی ڕوانینە ژیان و پاشان بەکاربردنی زمان. نوێگەری دژی شوناس نییە، بەڵکو نوێگەری شیعریی هەر نەتەوەیەک،مۆزائیکێکە بۆخۆی.
13
نوێگەری دژی کەلەپوور نییە، بەڵکو دانانی کەلەپوورە لەجێگای شیاوی خۆیدا.
بەڵکو هەندێک جار کەلەپوور زەمینەی گونجاوی
نوێگەرییە. نالی سێکسی تەوزیف کردووە، زەمینەیەکی
سازاندووە بۆشاعیری نوێ(نوێ لە ڕووی زەمەنەوە) تا،بتوانێت بەکاربردنی جیاواز
بۆ ڕەگەزە کلاسیکییەکانی شیعربۆ،بابەتە گشتییەکانی شیعر بکات.

*مەلا خدری نالی، نوێگەرە چونکە قسەی لەسەر نەوتراوکرد !
*پەیکەری نالی لە شاری سنە. بەرهەمی پەیکەرساز هادی زیائەدینی